هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل دەکاتەوە پاش رزگارکردنی روتبە

خالید ئەلتائی

حکومەتی عێراقی هەوڵدەدات بۆ خستنەوەگەڕی خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل لەسەر سنووری ئەردەن دوای رزگارکردنی شارۆچکەی روتبە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [ وێنەکە لە لاپەڕەی فەیسبووکی وەزیری ناوخۆی عێراق، محەمەد ئەلغەبان، وەرگیراوە]

حکومەتی عێراقی هەوڵدەدات بۆ خستنەوەگەڕی خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل لەسەر سنووری ئەردەن دوای رزگارکردنی شارۆچکەی روتبە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [ وێنەکە لە لاپەڕەی فەیسبووکی وەزیری ناوخۆی عێراق، محەمەد ئەلغەبان، وەرگیراوە]

عێراق هەوڵدەدات خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل لەسەر سنوری ئەردەن بکاتەوە کە بۆ هاتوچۆی خەڵکی مەدەنی و بازرگانی داخرابوو لەوکاتەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەستیگرتبوو بەسەر شارۆچکەی روتبە و ناوچە سنووریەکانی تردا لە ئەنبار لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە.

لە مانگی ئایاردا، سوپای عێراق بە پشتگیری جەنگاوەرە ناوخۆییەکان، چەکدارانی داعشیان دەرپەڕاند و دەستیان گرتەوە بەسەر شارۆچکەی روتبەدا لەسەر ئەو رێگایەی دەچێتەوەسەر خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، بەوتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بادیە و جەزیرە، لیوا روکن قاسم محەمەد ساڵح، هێزەکانی عێراق دەستیانکردە پاکردنەوەی ئەم رێگا نێودەوڵەتیە لە بۆمب و تەقەمەنی، کە شارەکە دەبەستێتەوە بە خاڵی پەڕینەوەکەوە.

ئەم ئەفسەرە بە مەوتینی وت: "نزیکەی 250 بۆمبمان لابرد کە تێرۆریستەکان لە هەردوو بەری رێگاکە چاندبوویان. هەروەها چەندان دوکان و وێستگەی حەوانەوەمان بەدرێژایی رێگاکە لە بۆمبی چێنراو پاکردەوە."

وتیشی: " یەکە سەربازیەکانمان بەدرێژایی رێگاکە لە روتبەوە بۆ خاڵی پەڕینەوەکە بڵاوبوونەتەوە و ئێستا خەریکی زیادکردنی ژمارەیانین بە هێزی پشتگیریی زیاتر."

هەروەها وتیشی کە دەوریەی جێگیر و جوڵاو دەخرێنە گەڕ بۆ بەتەواوی کۆنترۆڵکردن و سەلامەتکردنی رێگاکە.

وتی سەربازانی عێراقی ئۆپەراسیۆنی پێشگیرانەش ئەنجامدەدەن بۆ لێدانی چەکدارەکان لە بیابانەکە و رێگالێگرتنیان لە دانانی کەمین لەنزیکی رێگاکە یان هەڕەشەکردن لە سەلامەتیی گەشتیاران و هاتوچۆی بازرگانی کاتێك خاڵی پەڕینەوەکە دەکەوێتەوە گەڕ.

ژیاندنەوەی رێگای نێودەوڵەتی

لیوا روکن قاسم ساڵح وتی: "دەبێت رێگاکە نۆژەنبکرێتەوە چونکە زیاتر لە 15 پرد هەن کە بەشێکیان یان بەتەواوی لەلایەن تێرۆریستەکانەوە تێکدراون" و وتیشی هەندێك لە رێگاکان بۆ تێپەڕینی ئۆتۆمبیلی مەدەنی گونجاو نین.

بەوتەی ئەم فەرماندەیە، کاتێك رێگاکە سەلامەت بێت و نۆژەنبکرێتەوە، خاڵی پەڕینەوەکەش دەکرێتەوە، کە بە پێشبینی ئەو لەماوەی دوو مانگدا هەموو رێوشوێنە ئەمنیەکان بۆ پاراستنی رێگاکە تەواو دەبن.

وتی لەئێستادا روتبە بەتەواوی سەلامەتە و کە هێزە ئەمنیەکان 300 بۆمبی چێنراویان لە شەقام و کۆڵانەکانی شارەکەدا پوچەڵکردۆتەوە و نزیکەی 50 ماڵیشیان لە بۆمبی چێنراو پاکردۆتەوە.

هەروەها وتی: "هێزەکانمان دەستیانکردووە بە دانانی کەمین بۆ رێگاگرتن لە هەر دەستدرێژیەکی دوژمن."

وتی نزیکەی 100 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، لەکاتێکدا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و فەرمانگە حکومیەکان و ژێرخانی شارۆچکەکە کە بەئەنقەست لەلایەن داعشەوە کراونەتە ئامانج، پێویستیان بە نوێژەنکردنەوە هەیە.

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی سەربە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات ئەلعەیفان، وتی حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار هەوڵدەدات خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل بکاتەوە و بەزوترین کات بیخاتەوە گەڕ لەبەر ئەو گرنگیەی هەیەتی.

سەرەتای ئەم هەفتەیە عەیفان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی عێراقی سەردانێکی ئەم خاڵی پەڕینەوەیەیان کرد.

عەیفان بە مەوتینی وت: "ئەو رێگا نێودەوڵەتیەی دەچێتەوە سەر ئەوێ سەلامەتە. یەکە سەربازیەکان لە هەموو شوێنێك بڵاوبوونەتەوە و هێزە [عێراقیەکان] دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنن."

بەڵام وتی رێگاکە زیانی پێگەیشتووە و نۆژەنکردنەوەی دەوێت.

وتی: "نۆژەنی دەکەینەوە."

گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەنبار

عەیفان وتی: "خاڵی پەڕینەوەکە خۆی زیانی پێنەگەیشتووە، چونکە لەژێردەستی هێزە ئەمنیەکاندا مابووەوە، تەنانەت پاشئەوەی داعش دەستیشیگرت بەسەر روتبەدا، بەڵام داخرابوو و هەموو چالاکیەکی بازرگانی و سەفەریش وەستێنرابوو."

وتی خاڵی پەڕینەوەکە "تەنها هەندێك چاکردنەوە و ئامێری باشتری پشکنین و چاودێریکردنی ئاسایش و رێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و لۆری پێویستە تا دەستبکاتەوە بە کارکردن."

وتیشی حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار بانگێشتی هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی کردووە بۆ هاوکاریکردنی لە هەوڵەکانیدا بۆ ئاوەدانکردنەوە و نوێژەنکردنەوەی ژێرخانی شار و شارۆچکە رزگارکراوەکانی پارێزگاکە.

قایمقامی روتبە، عیماد مشعەل ئەلدولەیمی، وتی کردنەوەی خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل ژیان دەگێڕێتەوە بۆ روتبە و هەموو پارێزگاکە.

دولەیمی بە مەوتینی وت خاڵی پەڕینەوەکە دەتوانێت کاروبارەکانی دەستپێبکاتەوە، کاتێك رێگا نێودەوڵەتیەکەی دەچێتەوە سەری و هەموو پردە زیانپێکەوتووەکان و وێستگەکانی حەوانەوە چاکبکرێنەوە.

وتیشی: " رێگاکە بەتەواوی لە بۆمب و تەقەمەنی پاکراوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە. بەداخەوە پێنج لە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانمان شەهید بوون کاتێك خەریکی پوچەڵکردنەوەی دانەیەکیان بوون لە وێستگەی حەوانەوەی تەیبە لەنزیکی روتبە."

دولەیمی وتی باری ئاسایشی شارۆچکەکە "ئێستا ئارامە" و بانگەشەی کرد بۆ زیادکردنی کۆمەك و هاوکاریکردن لە هەوڵەکاندا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500