هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوری لەدەستدەدات دوای شکستهێنانی لە روتبە

عەلاء حسێن / بەغدا

یەکە سەربازیەکانی عێراق بەسەرانسەری رێگای نێوان روتبە و خاڵی پەڕینەوەی ترێبیلدا بڵاودەبنەوە، پاش ئەوەی ئەم شارۆچکەیە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاروە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەرهێنراوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق]

یەکە سەربازیەکانی عێراق بەسەرانسەری رێگای نێوان روتبە و خاڵی پەڕینەوەی ترێبیلدا بڵاودەبنەوە، پاش ئەوەی ئەم شارۆچکەیە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاروە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەرهێنراوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق]

وەك بەرپرسان بە مەوتینی-یان وت، لەگەڵ لەدەستدانی شارۆچکەی روتبە لە ئەنبار، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئیتر دەستیشی ناگات بەو رێگا نێودەوڵەتیەی دەچێتەوە سەر خاڵێکی پەڕینەوەی گرنگ لەسەر سنوری ئەردەن.

بەرپرسەکان وتیان ئەم تێکشکانەی داعش زیانی ملیۆنان دۆلار دەستکەوتی مانگانەی لێداون.

لەناوەڕاستی ئایاردا سوپای عێراق، بەپشتگیری جەنگاوەرە ناوخۆییەکان، چەکدارانی داعشیان لە روتبە دەرپەڕاند و دەستیانگرتەوە بەسەر ئەم شارۆچکەیەدا کە دەکەوێتە سەر رێگای خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل.

داعش دوو ساڵێك لەمەوبەر دەستیگرت بەسەر ئەم شارۆچکەیە و ناوچە سنوریەکاندا لە رۆژئاوای ئەنبار.

وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، جاسم ئەلحەلبوسی، بە مەوتینی وت، شوێنی ستراتیجیانەی روتبە لەسەر ئەو رێگا نێودەوڵەتیە کە سنورەکانی رۆژئاوای عێراق دەگەیەنێت بە بەشەکانی تری وڵات، سەرچاوەیەکی ئابوری گرنگی بە داعش بەخشیبوو لە دوو ساڵی رابوردودا.

حەلبوسی وتی: "داعش باجی لەو لۆری و ئۆتۆمبیلانە وەردەگرت کە کەلوپەلیان لەسەر ئەم رێگا نێودەوڵەتیە دەگواستەوە، پێشئەوەی رێگایان بدات بچنەناو شارەکانی تری وڵاتەوە."

باج خەزێنەکانی داعش پڕدەکات

حەلبوسی وتی داعش بێ چاوپۆشی باجی لە هەموو کەسێك دەسەند، تەنانەت لە ئۆتۆمبیلە پچوکەکانیش، "ئەمەش بڕێك پارەی یەکجار زۆری بۆ ئەم گروپە دابیندەکرد کە نەیدەتوانی لە هیچ رێگایەکی نێودەوڵەتی تری ژێردەستی بەدەستی بهێنێت."

سەرکردەیەکی حەشدی عەشایەری، شێخ عەبدوڵڵا ئەلجوغەیفی، وتی: "کۆکردنەوەی باج هەروا هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستەماتیك بوو کە لەلایەن تیم و شانە تایبەتیەکانی داعشەوە سەرپەرشتی دەکرا و هەموو پارەکە دەنێردرا بۆ خەزێنەی ناوەندیی گروپەکە."

جوغەیفی بە مەوتینی وت ئەم گروپە لەبەرامبەر ئەو باجەی لە لۆریەکانی وەردەگرت، پسوڵەیەکی دەدانێ کە لەلایەن "ئیدارە"ی داعشەوە لە روتبە مۆرکرابوو، بڕی باجەکە و جۆری لۆریەکە و بارەکەشی لەسەر تۆمارکرابوو.

وتی داعش بڕی 400 دۆلاری لە هەر لۆرییەك دەسەند و "ئەم گروپە رەنگە بەمشێوەیە پارەیەکی زۆری بەدەستهێنابێت، بەتایبەتی لە مانگەکانی پێش رزگارکردنی شارەکانی ئەنباردا کاتێك لێشاوی لۆریەکان لەسەر ئەم رێگا نێودەوڵەتیە بەردەوام بوو".

جوغەیفی وتی: "ئێستا ئەمە بەتەواوەتی گۆڕاوە، پاشئەوەی هێزەکانی عێراق روتبەیان گرتەوە و هێزە ئەمنیەکانیان بەسەر ئەم رێگا نێودەوڵەتیەدا بڵاوکردەوە هەتا دەگاتە رۆژئاوای رەمادی."

سەرکەوتنەکان سەرچاوەکانی تێرۆریستان کەمدەکەنەوە

ئابوریناس، باسم جەمیل ئەنتوان، بە مەوتینی وت ئەو سەرکەوتنانەی سوپای عێراق بەمدواییە بەدەستی هێناون، سەرچاوەکانی داعشیان بەشێوەیەکی کاریگەر وشککردووە و چالاکیە ئابوریەکانی سنوردارکردووە.

ئەنتوان وتی ئەو باجەی ئەم گروپە دەیسەند "هیچ بنمیچێکی نەبوو بەڵکو بەپێی هەندێك فاکتەر بەرزدەبووەوە، کە جاری واهەبوو دەگەیشتە 1,000 دۆلار لەسەر هەر لۆرییەك".

وتی لەدەستدانی ئەم سەرچاوەی داهاتە هێندەی تر زیانە داراییەکانی ئەم دواییەی داعشی زیادکردووە، لەوانەش لەدەستدانی کێڵگە نەوتیەکانی باکوری پارێزگای سەڵاحەدین و تانکەرە نەوتەکانی کە کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئەنتوان وتی پەتی ئابوری لە ملی ئەم گروپەدا توندتر دەبێتەوە و وایکردووە نەتوانێت هۆکانی بەردەوامدان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا دابینبکات.

وتیشی: "گرتنەوەی ئەم رێگا نێودەوڵەتیەی دەچێتەوە سەر سنورەکان، نەك هەر تەنها فشاری خستۆتەسەر دارایی داعش، بەڵکو بازرگانیی لە بەغداش زیندوودەکاتەوە."

ئەنتوان وتی ئەم رێگایەی دەچێتەوە سەر خاڵی پەڕینەوەی ترێبیل، کارئاسانی بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی کەلوپەل دەکات بۆ بەغدا و لە بەغداوە و نرخی تێچونیشیان کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی کە لەمەوپێش بازرگانە عێراقیەکان ناچاربوون پشت بە بەندەرەکانی بەسڕە ببەستن وەك تەنها دەروازە بۆ کاڵاکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500