وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رێگای خێرای نێودەوڵەتی کردۆتەوە بۆ هاتوچۆی گەشتایاران لە نێوان بەغدا و عەماندا و بەناو خاڵی سنووریی ترێبیلدا تێدهپهڕێت.
رێگا خێراکە و خاڵە سنووریەکە لەگەڵ ئوردون داخران و هاتوچۆی گەشتیارانی تێدا ڕاوەستا دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ناوچەکەی داگیرکردبەڵام بە شێوەیەکی سنووردار مانگی ئاب کرانەوە.
رێگا خێراکە، کە لە بەغداوە درێژدەبێتەوە بۆ خاڵی سنووریی ترێبیل و بەناو فەلوجە و رەمادی و بیابانەکانی رۆژئاوای ئەنباردا تێدهپهڕێت تا شارۆچکەی روتبە، بە یەکێك لە مەترسیدارترین رێگاکانی وڵات دادەنرا.
ناویلێنرا "رێگای مەرگ" دوای ئەوەی زنجیرەیەك بێسەروشوێنکردن و تیرۆرکردن و راووڕووت و ئۆتۆمبیل سوتاندن ئەنجامدرا بهدرێژایی رێگاکە.
![هێزهكانی عێراق جێگیردهبن بهدرێژایی رێگای خێرای نێودەوڵەتی بهرهو خاڵی سنووریی ترێبیل لەگەڵ ئوردون، کە پێشتر ناسرابوو بە "رێگای مەرگ". [ خاوەنی وێنە: وەزارەتی گواستنەوە]](/cnmi_di/images/2018/01/05/10934-trabil-iraq-open-600_384.jpg)
هێزهكانی عێراق جێگیردهبن بهدرێژایی رێگای خێرای نێودەوڵەتی بهرهو خاڵی سنووریی ترێبیل لەگەڵ ئوردون، کە پێشتر ناسرابوو بە "رێگای مەرگ". [ خاوەنی وێنە: وەزارەتی گواستنەوە]
داعش چەندین ڤیدیۆی چالاکیە تیرۆریستیەکانی بڵاوکردەوە کە چەکدارەکانی ئەنجامیاندابوون لەسەر رێگاکە و چەکدارەکانیانی نیشاندەدا گەشتیارانیان دادەگرت لە ئۆتۆمۆبیلەکانیان و دەیانکوشتن.
قێزەونترینی ئهو کارانە سەرۆکێکی پێشووی گروپەکە شاکر وههییبی نیشاندا كه سێ شۆفێری لۆری سوریی لەسەر رێگا خێراکە دهکوژێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کردنەوەی رێگا خێراکەی راگەیاند بۆ نیشاندانی سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق لە ئهمینكردنی ناوچەکە و کۆنترۆلکردنی تەواوی ئەو رێگایە، کە 570 کیلۆمەترە.
کۆمپانیای گشتی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و شاندهكان، کە سەربە وەزارەتەکەیە، 21 کانونی یەکەم دەستیکردەوە بە گەشتەکانی بۆ عەمان لە رێگای خاڵی سنووریی ترێبیلەوە وەك بەشێك لە پلانی باشترکردنی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و بەستنەوەی عێراق بە دراوسێکانیەوە.
وتەبێژی وەزارەتەکە سەلیم موسا بە دیارونای وت یەکەم گەشت سەرکەوتوو بوو كه ئۆتۆمبیلە نوێکان گەشتیارانیان گواستەوە بۆ دوو شوێن.
وتی: "گواستنەوە بەردەوامدەبێت لەسەر ئەم هێڵە بەڵام بە پێی داواکاری بازاڕ نەك گەشتی بەردەوام بهپێی خشتهیهكی جێگیر."
موسا وتی وەزارەتەکە هەموو رێکارە ئیداری و یاساییەکانی مسۆگهركردووه بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لەگەڵ پرۆسەیەکی ئاسانی وەرگرتنی ڤیزە، لهكاتێكدا هێزە ئەمنیەکان ئهركی خۆیان پێكهوه بهجێهێناوه بۆ ئهمینكردنی رێگا خێراکە.
کردنەوەی رێگای دیکە
جگە لە کردنەوەی رێگا خێراکەی نێوان بەغدا و ترێبیل، رێگایەکی دیکە بۆ سێ ساڵ داخرا بەهۆی چالاکی تیرۆریستیەوە و ئێستا کراوەتەوە لەنێوان شاری حەدیسە لە ئەنبار و بێجی لە سەڵاحەدین.
رێگاکە ناوەڕاستی عێراق بە بەشی باکوری وڵاتەکەوە دەبەستێتەوە.
ئهم رێگا 150 کیلۆمەتریه بەناو بیابانەکهدا درێژدەبێتەوە له باکوری ئەنبار و باشوری رۆژئاوای سەڵاحەدینهوه و بەلای دەریای سەرساردا تێدهپێڕیت، کە ناوچەیەکە داعش وەك کەمپی راهێنانی سەرەکی خۆی بۆ چەکدارەکانی بەکاری دەهێنا.
ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەنبار نەعیم كهعود بە دیارونای وت رێگاکە گرنگرتین رێگای خێرایە لە پارێزگاکەدا.
وتی: "دەتوانێت وەك رێگایەکی ستراتیژی بۆ بازرگانی و گواستنەوەی شمەك بەکاربێت لەنێوان باکور و ناوەڕاستی وڵاتەکە لە رێگای ئەنبارەوە."
وتیشی بەهۆی بەرفراوانی ناوچە چۆڵەکانی ئەنبارهوه، زۆربەی رێگا خێراکان بەر لە داعشیش بێ مەترسی نەبوون و بەردەوام دزین و رفاندن و چالاکی تیرۆریستی لەسەر رێگا خێراکان ئەنجامدەدران.
كهعود وتی: "لەگەڵ کردنەوەی زۆربەی ئەم رێگایانە، هێزی ئەمنی زۆرتر پێویستە بۆ ئەوەی گەشتیاران هەموو کاتێك هەست بە ئارامی بکەن."
ههروهها وتی دهستپێكردنهوهی هاتوچۆی زهمینی له ئهنبار تەنیا دیاریكراو نیه به ئاسایشهوه، كه تاڕادهیهكی زۆر بهدهستهاتووه، بهڵكو پێویستە ئەو 120 پردەش درووستبکرێنەوە کە لەلایەن داعشەوە روخێنراون.
وتیشی چاککردنەوەی شەقامەکان کارێکی گرنگی دیکەیە لەبەرئەوەی بەهۆی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبیلە سەربازیەکانەوە زیانیان پێگهیشتووه.
هەوڵی پاراستنی ناوچە بیابانیەکان
شارەزای ئەمنی سەفا عەسام بە دیارونای وت جگە لە کۆنترۆڵکردنی رێگا خێراکەی بەرەو ترێبیل دەچێت، هێزە عێراقیەکان توانیویانە بچنە قوڵایی ناوچە بیابانیەکانی چواردەوریشیەوە و ناوچەکەیان ئارامکردۆتەوە.
وتی ئەمەش کۆتایی بە رەوشی نائارامی ئەمنی هێنا، کە رووبەڕووی گەشتیاریان ببۆوە لەسەر بەشێك لەو رێگا دوورەدەستانهی بەناو بیابانی ئەنباردا تێدهپهڕن.
چەند رۆژێك بەر لە دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی گەشتیاران بۆ ترێبیل، هێزە ئەمنیەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی عەشائیری ئۆپەراسیۆنێکی 10 رۆژەیان ئەنجامدا و چوونە قوڵایی ناوچە بیابانیەکانەوە و دهستیانگرت بهسهر پێگە ماوهكانی داعشدا.
ناوبراو وتی: "ناوچە دوورەدەستەکان لە ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئیدی سەرچاوەی نیگەرانی نین بۆ هێزەکانی عێراق، بەتایبەتی دوای هەوڵی عێراقیەکان و هاوپەیمانان بۆ پاراستنی ئاسمانی ناوچهكه."
وتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بۆردومانی ئاسمانی هەموو بنکە و قەڵا و حەشارگەی چەك و یەکە تەندروستیەکانی داعشی لەناوبردوە و تەنیا چەند شانەیەکی پێکهاتوو لە پێنج تا هەشت کەس ماونەتەوە.
ههروها وتی: "ئەمەش مەترسییەکی جدی نییە لەسەر ئەمنیەتی ناوچهكه."
لهههمانكاتدا سوپای عێراق هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی تۆڕی تونێلە نهێنیەکانی داعش لەو ناوچە بیابانیانهی نزیکن لە شارەکان و گوندەکان و رێگا سهرهكیهكانهوه.