هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

تیمێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش مەکۆیەکی ئینتەرنێت دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی شایەتی

عەلا حسێین لە بەغدا

مەکۆیەکی سەر ئینتەرنێت کە لەلایەن یونیتادەوە گەشەیپێدراوە مەبەستی کۆکردنەوەی شایەتییە لە رزگاربووانی داعش و شایەتحاڵانەوە دەربارەی تاوانەکانی داعش لەکاتی فەرمانڕەوایی ناوچەیەکی گەورەدا لە عێراق.

مەکۆیەکی سەر ئینتەرنێت کە لەلایەن یونیتادەوە گەشەیپێدراوە مەبەستی کۆکردنەوەی شایەتییە لە رزگاربووانی داعش و شایەتحاڵانەوە دەربارەی تاوانەکانی داعش لەکاتی فەرمانڕەوایی ناوچەیەکی گەورەدا لە عێراق.

یونیتاد، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ برەودان بە بەرپرسیارڕاگرتنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرامبەر تاوانەکانی، مەکۆیەکی نوێی سەر ئینتەرنێتی کردۆتەوە بۆ وەرگرتنی شایەتی لە رزگاربووان و شایەتحاڵانەوە.

وتەبێژێکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، عەلی بەیاتی وتی ئەو مەکۆ ئینتەرنێتیە دووەمین قۆناغی کاری تیمەکەیە.

بە دیارونای وت یەکەم قۆناغ تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی بەڵگە، لەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی داعش کە ئەوکاتەی گروپەکە حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوانی دەکرد لە باکور و خۆرئاوای عێراق، کوژران.

وتی ئەو مەکۆیە مەبەستی کۆکردنەوەی شایەتییە لە رزگاربووانی داعشەوە لەگەڵ ئەو شایەتحاڵانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا دەژیان لەوکاتەدا.

وتیشی لەکاتێکدا بەگەڕخرا کە تیمەکە نەیدەتوانی بەهەموو قوربانیەکان بگات، بەتایبەتی لەکاتی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19).

وتی مەکۆکە بۆ بەکارهێنان ئاسانە و ناونیشانە ئینتەرنێتیەکەی بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکراوەتەوە لەسەر ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. بەئاسانی دەستت پێی رادەگات، تەنانەت کاتێك پەیوەندی ئینتەرنێتی لاواز بێت.

وتیشی پێگەکە هەندێك بۆشایی تێدایە بۆ نوسینی شایەتی و بەکارهێنەران دەتوانن نوسراوی تێدا بڵاوبکەنەوە.

وتی لە هەندێك حاڵەتدا تیمە نێودەوڵەتیەکە سەردانی مەیدانیی شایەتەکان دەکەن یان راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە دەکەن.

وتیشی ئەگەری ئەوە هەیە شایەتیی گرنگ بە مەکۆکە بگات، چونکە بۆ شایەتحاڵەکان ئاسانە دەستیان بە مەکۆکە رابگات و پێویستناکات خۆیان بە گەشتەوە خەریك بکەن تا لێدوانەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بدەن.

ئاستەنگەکانی کۆکردنەوەی زانیاری

سەرەڕای گرنگیی مەکۆکە، هەندێك رزگاربووی داعش و تایبەتمەندی گروپە تیرۆریستیەکان گومانیان دەربڕیوە لە سودمەندبوونی و ئاماژەیانکردووە بە نەبوونی ئاشنایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لاوازیی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق.

دانیشتوویەکی پارێزگای زیقار، محەمەد زەیدی کە رزگاربوویەکی کوشتاری کەمپی سپایکەرە کە تیایدا داعش زیاد لە 1,500 راهێنراوی فڕۆکەوانی سەربازیی عێراقی کوشت، وتی مەکۆ نوێکەی نەبیستبوو تا لەگەڵ دیارونا قسەیکرد.

وتی بەگەڕخستنی مەکۆکە لە میدیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان روماڵ نەکرا و پێیوانییە بابەتەکە گەیشتبێتە شەقام.

بەڕێوبەری دەزگای شەهیدانی زیقار، موهەنەد عەبدولحسەین بە دیارونای وت مەکۆ ئینتەرنێتیەکە رەنگە بەسوودبێت بۆ ئەوانەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان هەیە و دەزانن چۆن پەیوەندی تەکنەلۆژی بەکاربهێنن.

بەڵام نیگەران بوو لەوەی رەنگە بەسوودنەبێت بۆ سەدان شایەتحاڵ کە لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین و هیچ خزمەتگوزاریەکی ئینتەرنێت یان دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو نییە، وەك کۆمپیوتەر یان ئامێرە زرنگەکان.

پێشنیاری کرد: "گەر تیمە نێودەوڵەتیەکە دەیەوێت بەڵگەی راستەقینە و گرنگی بەدەستبگات، دەبێت پەیوەندیبکات بە کاربەدەستانی ناوچەکە و بەڕێوبەرێتیە متمانەپێکراوەکانەوە، لەنێویاندا دەزگای شەهیدان."

وتیشی دەزگای شەهیدانی زیقار چەردەیەك بەڵگەنامە و بەڵگەی هەیە دەربارەی تاوانەکانی داعش، هەروەك دەزگای دژە تیرۆریزم و دەزگا عێراقیەکانی دیکە کە شەڕی گروپەکەیان کردووە و زانیارییان کۆکردۆتەوە دەربارەی تاوانەکانی.

هەروەها جەختیکردەوە لە پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی عێراقدا کە دەستبەسەرن بەهۆی تاوانی تیرۆریستییەوە، چونکە دەکرێت ناوی سەرکردەکانی گروپەکە بدەن کە لەنێو وڵاتدا یان لە دەرەوەن.

حسەین وتی تیمە نێودەوڵەتیەکە پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی بدات لە دادگاکانی لێکۆڵینەوەی تاوانی عێراقەوە.

تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی ژمارە 2379 ی 2017 پێکهات، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرپرسڕاگرتنی داعش بەرامبەر تاوانەکانی دژی عێراقیەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500