کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق مانگی رابردوو رایگەیاند كه بەڵگەی کۆکردۆتەوە لەسەر لانیکەم 2,000 تاوانی گەورە کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه ئەنجامدراون.
ئەم هەنگاوە بەر لە سەردانی تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت بۆ عێراق، کە لەگەڵ شارەزا عێراقیەکاندا کاردەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە و کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتر.
کۆمسیار فازل غەراوی بە دیارونای وت کۆمسیۆنهكه زیاتر لە 2,000 تاوانی گەورەی دیکۆمێنت کردووە کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراون لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا كه دەسەڵاتیان هەبوو لە عێراق.
تاوانە گەورەکان دەچنە خانەی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، لەگەڵ پۆلێنکردنی دیکە کە رەتکردنەوەی مافی ژیان لەخۆدەگرێت و ههروهها چەوساندنەوەی ئایینی، توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، تیرۆریزەکردن و ئاوارەبوون لەگەڵ دزی و تێکدانی شوێنەوارە دێرینەکان.
یەکێك لەو تاوانانەی کە زۆر توندوتیژانە داعش کردیکۆمەڵکوژییهكهی کهمپی سپایکەر بوو لە 2014کە تێیدا زیاتر لە 1,700 ئەندامی نویێ سوپای عێراقیان کوشت و سەدانی دیکەشیان لە زیندانی بادوش کوشت.
تاوانەکانی دیکەی داعش بریتین له رفاندن و کۆیلەکردنی نزیکەی 5,000 ژن و منداڵی ئێزدیلەگەڵ کوشتنی بە کۆمەڵی سەدان دانیشتوی موسڵ.
ناوبرا وتی: "پێشتر ئەوانە و چەند تاوانێکی دیەکەمان بەرزکردۆتەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق و داوامان کردووە بەبەڵگەبکرێن بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بەکار بهێنرێن لە دادگایکردنی داعشەکاندا لە ناو عێراق و لە ئاستی جیهانیشدا."
بەبەڵگەکردنێكی گشتگیر
کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی تەواوی بەڵگەکانی ئەو تاوانانە نیشانی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای تەمموز بێتە عێراق.
تیمەکە لە دوای بڕیاری 2379 (2017)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێكهێنرا، بۆ پشتگیری له هەوڵەکانی حکومەتی عێراق له لێپرسینهوهی چەکدارانی داعشدا لهسهر كردهوهكانیان.
بڕیاری 2379 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پێكهێنانی تیمێکی بەدواداچوونی سەربەخۆ دەکات بۆ کۆکردنەوە و پاراستن و هەڵگرتنی بەڵگەی ئهو كردهوانهی دەکرێت بچنە خانەی تاوانی جهنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدهوه کە لەلایەن داعشەوە لە عێراق ئەنجامدراون.
غەراوی وتی: "تیمێكی عێراقی لەگەڵ تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات، کە لێکۆڵەری بیانییان تێدایە."
وتی وەزارەت و دەزگاکانی عێراق لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە دەستنیشانکردنی نوێنەرەکانیان بۆ تیمە نیشتمانیەکە، کە دادوەری لێکۆڵینەوە و شارەزای ئاشكراكردنی تاوان و شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
وتیشی: "تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە عێراق دەمێننەوە،" لەوێش کاردەکەن لەگەڵ تیمە عێراقیەکە بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و کۆکردنەوەی وتەی شاهیدەکان و بەڵگەی تاوانەکان.
ئەوانەش دواتر بەکاردەهێنرێن بۆ دەركردنی سزاکان و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئهو تاوانکارانهی نەگیراون بۆ ئەوەی بهێنرێنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەکان.
'برینەکان هێشتا ساڕێژنەبوون'
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەسال فەهداوی، وتی بەرزکردنەوەی تاوانەکانی داعش بۆ پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی "هەنگاوێکی گرنگە".
ناوبراو بە دیارونای وت ئەنبار پشتگیری هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دەکات و دەخوازێت هاوکاری تیمەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و عێراق بێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکانیان ئەنجامبدەن.
وتی: "داعش ئهو ئەندامانهی خێڵەکانی لەناوبرد کە دژیان بوون لە ئەنبار." ئاماژەشی كرد بۆ ئەوەی سەدان پیاویان لە خێڵی ئەلبو نەمر کوشت.
وتیشی چەکدارانی داعش بە ئەنقەست ژێرخانی پارێزگاکەیان تێکدا سەرباری موڵکە گشتی و تایبەتەکان.
ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بینیان جەربا، بە دیارونای وت: "شەڕمان دژی مەترسیدارترین گروپی تیرۆریستیی سەر ئەم زەمینە کرد."
وتی: "برینەکانی توشیبووین لەسەر دەستی ئەم گروپە بەربەرییە هێشتا ساڕێژنەبوون. پارێزگاکەمان وێرانكاریی زۆری بەخۆوەبینی، کاریگەریەکانیشی بەسەر مزگەوت و شوێنەوارە دێرین و گۆڕە مێژوویەکانەوه دیارن."
جەربا وتی: "بە هەزاران کەس هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان کە تێکدراون و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێنن. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکارمان بێت لە ناساندنی ئهو تیرۆریستانه وهك تاوانبار، هەروەك چۆن كۆمهكیان كردین له تێكشكاندنیاندا."