هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تیمەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و عێراق هاریکاریدەکەن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بەڵگە بۆ دادگاییكردنی داعش

خالید تائی

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، لە 13 تەمموز کۆبووه‌وه‌ لەگەڵ کەریم خان، کە سەرپەرشتی تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تاوانەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق]

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، لە 13 تەمموز کۆبووه‌وه‌ لەگەڵ کەریم خان، کە سەرپەرشتی تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تاوانەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق]

تیمێکی نەتەوە یەکگرتوەکان کە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە دەکەن کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئەنجامدراون، بەردەوامە لە پێشڕەوی لە هەوڵەکانیدا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی گروپەکە، تەنانەت لەبەردەم ئەو بەربەستانەدا کە پەتای کۆڤید-19 هێناونێتییه‌ كایه‌وه‌.

پسپۆڕانی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی شانبەشانی هاوشانە عێراقیەکانیان کاردەکەن لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش بۆ بەدیجیتاڵکردن و ئەرشیفکردنی بەڵگەی کۆکراوە بۆ تاوانەکانی داعش یان وەرگیراو لە داتابەیسێکەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە پێكهێنراوه‌.

تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەپێشه‌نگیی کەریم خان، دووساڵ لەمەوبەر دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و راپۆرتی چوارەمی خۆیان لە ئایاردا بڵاوکردەوە. تیمەکە وتیان کاربەدەستانی عێراق بڕێکی بەرچاو لە بەڵگەیان کۆکردۆتەوە دژی تووندڕەوان لەڕێی مۆبایلەکانیانەوە یان له‌ حەشارگەکانیاندا.

خان لە 15 حوزەیران بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت تیمەکەی 344 تاوانباری داعشیان دەستنیشانکردووە کە تێوەگلاون لە رەشەکوژیی ئێزیدییەکاندا له‌ 2014، لە قەزای شەنگالی باکوری عێراق.

ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق تیرۆریستێکی داعش دەستگیردەکەن. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]

ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق تیرۆریستێکی داعش دەستگیردەکەن. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆریزم]

تیمەکە لانیکەم حەوت پۆلێنکاری ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ ئەو تاوانانەی دەکرێت گومانلێکراوانی داعشیان پێ دادگایی بکرێت کە دەکرێت دادگایی بکرێن بەهۆی ئەگەری بەشدارییانه‌وه‌ لە کوشتاری ئەفسەر و ئەندامانی راهێنراوانی سەربازیی بێچەك لە ئەکادیمیای هێزی ئاسمانی تکریت، شەش ساڵ لەمەوبەر.

وتیشی هاوکات لە موسڵ، هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە مانگی ئازاردا بەردەوامبوو، بە هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ببێته‌ کۆڵەکەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکان له‌ چەند مانگی داهاتوودا.

لە کۆبوونەوەیەکی 13 تەمموزدا لەگەڵ کەریم خان، وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن جەختیکردەوە لە پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیدان به‌ هاریکاری لەگەڵ تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان.

کاری ئێستا تەرکیزی لەسەر تاوانە گەورەکانە

وتەبێژێكی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی وتی هەوڵە هاوبەشەکان لەگەڵ لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی بەڵگە و شایەتی شایەتحاڵان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتیە یاساییەکان.

هەوڵەکان لە ئاستی نیشتمانیدا دەزگاکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان له‌خۆده‌گرن کە بەهۆی چالاکیە تیرۆریستیەکانەوە زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

بە دیارونای وت هەوڵەکەی ئێستا تەرکیز دەخاتە سەر ئەو تاوانە گەورانەی پۆلێندەکرێن بە چالاکی تیرۆریستی بەتایبەتی لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە و وتیشی تاوانەکان لە دادگا نیشتمانی و نێودەوڵەتیەکاندا دادگاییدەکرێن.

بەیاتی داوای یاسایەكی کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتی عێراقی کە ئەرکی دادگاییکردنی ئەم کەیسانەی پێبسپێردرێت.

وتی ئەمە "گەورەترین ئاستەنگە" کاتێك تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان کارەکانی تەواودەکات، چونکە "هیچ دادگایەکی عێراقی نییە تایبەتمەند بێت بە جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی".

پسپۆڕێكی بواری یاسا، عەلی تەمیمی بە دیارونای وت ئەرشیفکردنی بەڵگە خزمەت بە عێراق دەکات بە پشتیوانیکردنی داواکاری بۆ قەرەبووکردنەوە بەگوێرەی جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان.

تاوانەکانی داعش دەکەونە ژێر تاوانە نێودەوڵەتیەکانه‌وه‌ بەگوێرەی بەشی حەوت لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان.

بەگوێرەی تەمیمی، بەیارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراق بەرپرسە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لەسەر خاکەکەی ئەنجامدراون دژی هاوڵاتیانی. لێکۆڵینەوەکان دەکرێت بەگوێرەی یاساکانی عێراق ئەنجامبدرێن، بەگوێرەی ماددەی 13 لە یاسای دژەتیرۆریزم، کە ساڵی 2005 دەرکرا.

تەمیمی ئاماژەیکرد بەوەی ئەم یاسایانە هه‌موو ئەوانە ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ لە وڵاتەکەدا دەستگیرکراون.

ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکیەکانی پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین بە دیارونای وت بەرپرسانی ئه‌منی و ئابوری عێراق ئەوپەڕی هەوڵیان دەدەن تا یارمەتی تیمەکەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بدەن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت.

ئەمین وتی هێشتا دیارنییە کەی پرۆژەکە تەواودەبێت، بەڵام پێشبینیدەکات بەهۆی سروشتی تاوانەکان و ئەو تۆڕانەی لەپشتیانەوەن، بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامبێت.

وتیشی: "بەهیواین ئەنجامەکان ببنەهۆی دادگایی ئاشکرا و دادوەرانە بۆ سزادانی تیرۆریستان و رێگرتن لەوەی لە دادپەروەری هەڵبێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500