هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشڕەوی بەدەستدەهێنێت لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش

خالید تائی

سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کەریم خان لەکاتی خولێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا قسەدەکات لە 15 تەمموز 2019، دەربارەی هەوڵەکانی تیمەکەی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە کە یارمەتی تاوانبارکردنی ئەندامانی ئەو گروپە تووندڕەوە دەدات. [ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتوەکان]

سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، کەریم خان لەکاتی خولێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا قسەدەکات لە 15 تەمموز 2019، دەربارەی هەوڵەکانی تیمەکەی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە کە یارمەتی تاوانبارکردنی ئەندامانی ئەو گروپە تووندڕەوە دەدات. [ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتوەکان]

تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان كه‌ بەرپرسه‌ لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئەنجامدراون پێشڕەویی بەدەستدەهێنێت لە کۆکردنەوەی بەڵگە بە ئامانجی سزادان و تاوانبارکردنی ئەندامانی گروپەکە.

لە دوایین راپۆرتیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 11 ئایار، تیمەکە رایگەیاند ئەوان سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوەی بەڵگەی نوێ دژی داعش.

بەڵگەکان زیاد لە دوو ملیۆن تەلەفۆنیان تێدایە کە لە دابینکاری خزمەتگوزاری تەلەفۆنییەوە بەدەستهێنراون لە عێراق لەگەڵ داتای به‌ده‌ستهاتوو، هه‌روه‌ها شیکاری بە یارمەتی کاربەدەستانی دادوەری و ئەمنی.

بەگوێرەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان داتاکە گەنجینەیەکی بەرفراوان دابیندەکات لە دۆکومێنت و ڤیدیۆ و وێنەی ناوخۆیی داعش کە دەکرێت "هەنگاوێكی گۆڕان" بێت لە دادگاییکردنی گروپە تووندڕەوەکەدا.

ژنانی ئێزیدی بۆ کوڕەکانیان دەگرین کە لەلایەن داعشەوە کوژران، لەکاتی دەستپێکی بۆنەی قوربانیانی یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش لە شاری شەنگال، لەم وێنەیەدا کە 15 ئازار 2019 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

ژنانی ئێزیدی بۆ کوڕەکانیان دەگرین کە لەلایەن داعشەوە کوژران، لەکاتی دەستپێکی بۆنەی قوربانیانی یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی داعش لە شاری شەنگال، لەم وێنەیەدا کە 15 ئازار 2019 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی شەهیدانی عێراق]

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، فازل غەڕاوی وتی بەڵگە کۆکراوەكان "ئەنجامی هەوڵێکی هاوبەشە" لەنێو دەزگا نیشتمانیەکان و تیمی نەتەوە یەکگرتوەکاندا کە بەرپرسە بەگوێرەی بڕیاری 2379 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرپرس راگرتنی تاوانەکانی داعش کە لە عێراق ئەنجامیداون.

وتی ئەو پێشێلکاریانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران نوێنەرایەتی "فایلێکی تاوانکاریی بێوێنە" دەکەن چونکە گروپە تیرۆریستیەکە مەرگی بەسەر هەزاران کەسی بێتاواندا سەپاندووە لە کوشتارە بەکۆمەڵەکاندا.

بە دیارونای وت لەنێو ئەمانەدا کوشتارگەی کەمپی سپایکەر (ئەکادیمیای ئاسمانی تکریت) و زیندانی بادوش لەگەڵ لەنێوبردنی دانیشتوانی ئێزیدی لە شەنگال و كه‌سانی تریش کە لە پارێزگاکانی موسڵ و ئەنبار کوژران.

وتی سەرەڕای ئەم مەرگانە، داعش "ملیۆنان دانیشتووی ئاوارەکرد لە ماڵەکانیان و شارەکانیانی وێرانكرد و مافەکانی ژنان و منداڵانی پێشێلکرد لەگەڵ ئازادییە گشتیەکان و مافەکانی کەمینەکان".

غەڕاوی وتی: "بەڵگەی کۆکراوە لەلایەن تیمی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پشتیوانیكردنه‌ له‌ داواکانی عێراق بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش و بەفەرمی داننان بە تاوانەکانیاندا کە دەکەونە بواری جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی."

وتیشی: "ئەم دادگاییکردنە دەرگا بۆ عێراق دەکاتەوە تا داوا له‌ نەتەوە یەکگرتوەکان بکات بۆ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربکه‌ن بەشداربێت لە هەوڵەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆریزمی داعش و یارمەتیدانیان بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی شارەکانیان."

لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن

لە شەش مانگی داهاتوودا، تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دڵنیاییدان لەوەی کارڕاییکردنی دادگا دژی ئەندامانی داعش بەڕێوەدەچێت بەگوێرەی بەڵگەی بەردەست.

پسپۆڕی یاسایی عەلی تەمیمی وتی: "ئەو دۆکومێنت و داتایانەی لەلایەن تیمەکەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کۆکراونەتەوە... بەڵگەی تەواوی قایلکەریان تێدایە کە ئەم تیرۆریستە بکوژانە تاوانبار دەکه‌ن."

بە دیارونای وت: "ئەمە رێخۆشدەکات بۆ لێکۆڵینەوە لێیان، بەدووکەوتنیان و دەستگیرکردن و بەرپرس راگرتنیان وەك تاوانباری جەنگ له‌گه‌ڵ ئەگەری گواستنەوەی کەیسەکانیان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگاییکردنیان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی."

تەمیمی داوای خێراتركردنی پرۆسه‌كه‌ی كرد بۆ "تۆڵەکردنەوەی دادپەروەرانە و جێبەجێکردنی یاسا دژی هەموو تیرۆریستانی بەرپرس لە کوشتنی خەڵك بەشێوەیەکی خوێنساردانە و شاردنەوەیان بە دەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، لەگەڵ ئەنجامدانی رفاندن و مامەڵەکردن بە مرۆڤه‌وه‌ و ئەنجامدانی چه‌ندین تاوان".

وتی کەیسەکە دەبێت بخرێتە ئاستی نێودەوڵەتیەوە و وتیشی عێراق پێویستی بە پشتیوانییە "بۆ دابینکردنی قەرەبوو بۆ ئه‌و زیانه‌ی له‌ ئابوری و ژێرخان دراوه‌ لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵکە گشتیەی لەلایەن تیرۆریستانەوە بەقاچاخ براون".

داعش 'لە سزادان رزگاری نابێت'

لەکاتی خولێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لە تەمموزی 2019 سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان کەریم خان روماڵێکی نوێی راگەیاند بۆ دەرخستنی تاوانەکانی داعش بەیارمەتی ژمارەیەکی زۆر لە شیکاروانان، لێکۆڵەرەوەکانی تاوان و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری لە چەندین وڵاتەوە، لەنێویاندا عێراق.

لە ماوەی دوو هەفتەدا، تیمی لێکۆڵینەوەكه‌ توانی له‌ زیاد لە 600,000 ڤیدیۆی تاوانەکانی داعشدا بڕوانێت لەگەڵ زیاد لە 15,000 لاپەڕە له‌ دۆکومێنتی پەیوەست بەو گروپە تیرۆریستیەوە.

بەرپرسێكی پێشوو لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا غەزوان داودی وتی هەنگاوەکانی دادگاییکردنی ئەندامانی داعش "بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن".

بە دیارونای وت: "ئەمە دڵنیایی بەخشە بۆ خێزانی قوربانیەکانی تیرۆریزم کە بزانن ئەنجامدەران، جا هەرچەندێك بژین، لە سزادان و دادپەروەری هەڵنایەن."

وتی: "بەهیواین ئەم هەنگاوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە سەربکێشێت بۆ ئۆپەراسیۆنی به‌رفراوان بۆ بەدووکەوتنی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی توانیویانە هەڵبێن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان تا رووبەڕووی دادگا ببنەوە."

داودی وتی: "بەهیواین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداریی خۆی زیاتربکات لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانی خۆیان و هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و یارمەتیدانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان و منداڵانی داعش تا رێگربێت لەوەی ببنە بۆمبێکی تەوقیتکراو لە داهاتوودا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500