حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە پشتگیریی تەواوەتی ئەو تیمە نێودەوڵەتیە بکات کە ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لە تاوانەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و کارئاسانییان بۆ بکات.
بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێن لێکۆڵینەوەکە بە گشتی دەکرێت کارێکی ئاسان بێت، چونکە بەڵگەیەکی زۆری تاوانەکان هەیە کە بە ڕوونی و بێگومان تاوانکاری گروپەکە دەردەخات.
تیمێکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دامەزرێنراوە، لەژێر رۆشنایی بڕیاری ژمارە 2379 ی ئەنجومهنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بۆئەوەی پشتگیری هەوڵی عێراقیەکان بکات تا داعش رووبەڕووی تاوانەکانی بکەنەوە.
تیمەکە لەلایەن پارێزەری مافی مرۆڤ بەریتانییهوه، کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەرکی کۆکردنەوە و پاراستن و هەڵگرتنی بەڵگەکانە لە عێراق لەسەر ئەو تاوانانەی دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدهوه، کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگهیاند كه سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێریس لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش 17 ئاب وتویەتی لێکۆڵەرەوەکان 20 ئاب دەستدەکەن بە کارەکانیان.
گوتێریس بە ئەنجومەنەکەی وت خان، کە شوبات بۆ ئەو کارە دانراوە، یەکەم گەشتی بۆ عێراق ئەنجامداوە لە 6 بۆ 14 ئاب.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد مەحجوب لە بەیاننامەیەکدا وتی: "عێراق پشتگیریدهكات کارەکانی تیمە نێودەوڵەتیەکە، کە بەڵگەکانی دەدرێتە دادگا نیشتمانیەکان بۆئەوەی ئەنجامدەران بهێنرێنە بەردەم دادگا بە یاساکانی عێراق."
وتی حکومەتی عێراق گفتیداوە کارئاسانی بۆ تیمە نێودەوڵەتیەکە بکات و هاوکاریان بێت و وتیشی دادگاکانی عێراق شەرعیەتی دادوەریی تەواویان هەیە بۆئەوەی دادگایی تاوانەکانی گروپەکە بکەن.
'بەڵگەی زۆر'
ئەندامێكی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، فاتین حیلفی، وتی: "داعش بەڵگەی زۆری بەجێهێشتووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکانی."
ئەو خانمە بە دیارونای وتی سەخت نیە بەڵگەکان دەستکەون و بدۆزرێنەوە.
خەسفە -- ئەو چاڵەی لە باشوری موسڵ له پارێزگای نەینەوا کە داعش بەکاریدههێنا وەك گۆڕی بەکۆمەڵ-- یەکێکە لە بەدناوترینی ئهو گۆڕە بەکۆمەڵانهی تائێستا دۆزراوەتەوە.
حیلفی وتی ئەو چاڵە بەتەنیا "زیاتر لە 10,000 تەرمی قوربانییەکانی دەستی داعشی تێدایە،" كه بەڵگەیەکی ئاشكری زەبری گروپەکەیە.
لە راپۆرتێکی ئازاری هیومان رایتس وەچدا، شایەتحاڵەکانی ناوچەکە باسیان لە چەندین لەو کردەوە قێزەونانەی کوشتنی قوربانیەکانیان کرد بەر لە فڕێدانیان بۆ ناو چاڵەکە.
وتیان چەندین جار کوشتنی بەکۆمەڵیان بینیوە کە لەو شوێنە ئەنجامدراوە، هەندێکجار هەفتانە، ههر له سەرەتای حوزەیرانی 2014هوه تا ئایار و حوزەیرانی 2015.
حیلفی داوای لە لێکۆڵەرەوەکان کرد بگەڕێن بۆ ئەو تاوانانەی رووماڵ نەکراون لهپاڵ ئەو کردانەدا کە زانراون و دەزگاکانی حکومەت لێی ئاگادارن.
ناوبراو پرسی: "ئایا دەبێت بوەستین بۆ ئەو هەزاران قوربانیەی بێسەروشوێنن بێن داوا تۆماربکەن ئینجا لەو تاوانانە بکۆڵینەوە کە دژیان ئەنجامدراون؟" ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ قوربانیە بێناوەکانی خهسفه و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە.
وتی: "ئەمانە تاوانی جینۆسایدن کە پێویستیان بە وتەی شایەتحاڵ نیە ئەوەندەی پێویستە ئێمە ئاشكرایان بکەین و بیانخهینهڕوو بۆ هەموو دنیا بۆئەوەی لەم تاوانانە ئاگاداربن."
وتیشی: "کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤیش لە بەرامبەردا هەموو ئهو داوایانهی لایەتی و کۆیکردوونەتەوە لە چاودێریکردنی چالاکییهكانهوه یان لە هاوڵاتیانهوه، دەیداتە لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان." ئاماژەشیکرد بهوهی پشتگیری له قوربانیەکان دهكهن تا دادپەروەری ئهنجامدهدرێت.
پێشێلکاری دژی ئێزیدیەکان
ئەندام پەرلەمای پێشووی عێراق ڤیان دەخیل، کە نوێنەری ئێزیدیەکان بوو لە پەرلەمان، داوای لە تیمە نێودەوڵەتیەکە کرد پشکنین بکەن بۆ ئهو تاوانە "نامرۆڤانە و قێزەون"انهی داعش دژی ئێزیدیەکان ئەنجامیدان.
دەخیل بە دیارونای وت ئەو تاوانانە بریتیبوون له "دەسدرێژی سایکۆلۆژی و جەستەیی و گرتنی ژنان و بەکارهێنانیان وەك کۆیلەی سێکس و لەناوبردنی پیاوەکان".
وتی: "تیمە نێودەوڵەتیەکە داوای لێکراوە لە چەندین بەڵگە بکۆڵنەوە کە دەریدەخات گروپەکە تاوانبارە بەو تاوانانەی ئەنجامیداوە دوای ئەوەی شاری سنجاری گرت."
"چەندین ڤیدیۆ و وتەی ژنانی رزگاربووی ئێزیدیهەن كه رووبەڕووی تاوانکاری وا بوونەتەوە کە مۆرڤ ناتوانێت بیانهێنتە سەر زمان لەسەر دەستی چەکدارانی گروپەکە."
شرۆڤەکاری بواری ئەمنی، جاسم حەنون بە دیارونای وت: "تیمە نێودەوڵەتیەکە داوایلێکراوە کاربکات لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا و ههر تهنها تەنیا لە عێراقدا لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ تاوانكاران ئەنجامنهدهن."
وتی دەبێت تیمەکە بگەڕێت بە دوای ئەوانەشدا کە "پشتگیری دارایی داعشیان کردووە لەگەڵ هەوادارەکانیان کە هاوکاری لۆجیستیان کردوون لە دەرەوەی وڵات".
وتیشی: "ئەمڕۆ تیرۆریزم پەتایەکی جیهانییە و تەنیا لە چەند سنوورێکدا نیە (...) بۆیە هەر لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی له تاوانەکان پێویستە ئەو بەناو دەزگا خێرخوازییانەش بگرێتەوە کە بهنهێنی پارەدەدەن بە گروپە تیرۆریستیەکان."
وتی دهبێت لێکۆڵینەوە بکرێت "لەوانەش کەراهێنانیان پێکردوون و لەسەر خاکی خۆیان کەمپیان بۆ کردوونەتەوەلەگەڵ هەرکەسێك کە بە هەر شێوەیەك هاوکاری ئەو گروپانە دەکات".
وتیشی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتیەوە "هاوکاری عێراق دەکات ئەم تاوانە نامرۆڤانانە بۆ جیهان بخاتەڕوو."