هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ناوەندێك شایەتیەکانی دەربازبووانی یەزیدی تۆماردەکات

خالید ئەلتائی

خێزانە یەزیدیە عێراقیەکان دەگرین کاتێك بەو خۆشەویستانەیان شاددەبنەوە کە توانیویانە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵبێن. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی یزیدیات ئەلمەهجە"]

خێزانە یەزیدیە عێراقیەکان دەگرین کاتێك بەو خۆشەویستانەیان شاددەبنەوە کە توانیویانە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵبێن. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی یزیدیات ئەلمەهجە"]

لەوکاتەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ساڵی 2014 دەستیگرت بەسەر ناوچەکانی شەنگالدا لە پارێزگای نەینەوا لە عێراق و سەدان یەزیدی کوشت و هەزارانیشی لێ بەدیلگرت، تۆڕی میدیایی لالش کارەساتەکەیان تۆماردەکات.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ناوەندی لالش، شێخ شەمۆ، وتی ئەم ناوەندە کۆمەڵایەتیە کە کۆمەکی مرۆیی پێشکەش بە یەزیدیان دەکات، زیاتر لە 60 کاتژمێر گەواهی رزگاربووانی لە دەست داعش تۆمارکردووە.

هەروەها ناوەندەکە چەندین چالاکی جۆراوجۆری سازکردووە بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە تاوانەکانی داعش و یارمەتیدانی قوربانیەکان بۆ زاڵبوون بەسەر کاریگەریەکانی ئەو کارەساتەی بەسەریان هاتووە.

مەوتینی: دەتوانیت پێناسەیەکی کورتی تۆڕی میدیایی لالشمان بۆ بکەیت؟

شێخ شەمۆ: مەڵبەندەکەمان ساڵی 1993 لە هەرێمی کوردستان لەلایەن گروپێك نوسەر و کەسانێکەوە دامەزراوە کە گرنگی بە کولتور و ئاسەوارەکانی یەزیدیان دەدەن.

ناوەندەکە بەشێوەیەکی سەرەکی تەرکیز دەخاتە سەر ناساندنی فۆلکلۆری یەزیدی و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی پێکەوەژیان و ئاشتی مەدەنی و هاوکاری بەکۆمەڵ و چەسپاندنی چەمکی دیمۆکراسی.

لەئێستادا 40 نوسینگە و لقمان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق هەیە کە خزمەتی یەزیدیان دەکەن لەهەرکوێ بن.

مەوتینی: ئەم ناوەندە چ چالاکیەكی بۆ ئەو یەزیدیانە هەیە کە لەدەست داعش رزگاریان بووە؟

شەمۆ: لە رۆژی یەکەمی داگیرکردنی تراژیدیانەی شاری شەنگال لەلایەن داعشەوە لە 3 ئابی 2014، ئێمە دەستمانکردووە بە کەمپینکردن بۆ کۆمەکی خێرای یەزیدیە ئاوارەکان. تائێستاش خواردن و کۆمەکی تر بۆ خێزانە یەزیدیەکان دابیندەکەین بۆ باشترکردنی گوزەرانیان.

چالاکیمان زۆر هەیە. ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارچەشتنی خەڵکەکەمان و هێورکردنەوەی ئێش و ئازار و ئەو کارەساتانەی لەسەر دەستی تێرۆریستان بەسەریان هاتووە، لەڕێگای دابینکردنی کۆمەك و پشتگیری مۆریی و هەروەها سازدانی خول و سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوە، پێشکەشکردنی رێنمایی دەرونی و سازدانی پێشبڕکێی وەرزشی و کات بەسەربردن بۆ منداڵە ئاوارەبووەکان.

یەکێك لە چالاکیەکانمان بەمدواییە رێزلێنانی 18 خوێندکاری ئاوارە بوو لە کەمپی شاریا و خوێندکاری تریش لە کەمپەکانی بەرسەڤی، مامڕەشان و کبێرتۆ لە دهۆك. هەروەها گەشتێکمان بۆ 10 ژنی رزگاربوو لەدەستی داعش لە کەمپی قادیا رێکخست بۆ باشترکردنی باری دەرونییان.

جگە لەمانە، چەندین ئاهەنگمان لەکاتی بۆنە نیشتمانی و ئایینیەکاندا سازکردووە.

مەوتینی: باسی هەوڵەکانتان بکە بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی قوربانیانی یەزیدی.

شەمۆ: ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە لەسەرەتای داگیرکردنی شەنگالەوە تا ئەمڕۆ لانی کەم 1,000 یەزیدی لەلایەن داعشەوە کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.

تائێستا 15 گۆڕمان لە ناوچەی جیاوازدا لە شەنگال دۆزیوەتەوە.

بەپێی ئامارەکان، 2,400 یەزیدی لەو ماوەیەدا لەچنگی داعش ئازادکراون، بەڵام نزیکەی 3,600 ژن و منداڵ هێشتا بە دیل گیراون.

هەرچی زیانی ماددیشە لەژمارە نایەت. شەنگال، کە لە کۆتایی ساڵی پاردا رزگارکرا، هێشتا بەتەواوی وێرانە و لە مانگی نیساندا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە 'ناوچەی کارەسات' راگەیەندرا. هەمان شت بۆ شارۆچکەکانی بەعشیقە و بەحزانیش راستە.

مەوتینی: ئایا هیچ هەوڵێك دەدەن تاوانەکانی داعش تۆماربکەن؟

شەمۆ: بەڵێ. ناوەندەکەمان هەر لە سەرەتاوە کار لەسەر ئەوە دەکات هەموو توندوتیژیەکانی داعش دژ بە یەزیدیان تۆماربکات.

لیژنەی خۆبەخشمان هەیە کە سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکەن بۆئەوەی هەرچی دەتوانن زانیاری و راستی دەربارەی تاوانە تێرۆریستیەکان کۆبکەنەوە.

ئێستا 60 کاتژمێرمان لە شایەتی هەیە کە بە دەنگ و وێنە تۆمارکراون لەزاری ئەو ژن و پیاوە رزگاربووانەی بەسەرهاتەکانی خۆیان دەگێڕنەوە کاتێك لەلایەن داعشەوە بە دیل گیرابوون. بەشێك لەم چیرۆکانە دەربارەی کوشتن و ئەشکەنجەدانی دڵڕەقانەی مەدەنیی بێتاوانن.

تۆمارەکان خراونەتە بەردەم لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە جێنۆسایدی یەزیدیان لە دهۆك.

مەوتینی: ئەم کارەساتەی یەزیدیان چەندە پشتگیری نێودەوڵەتی بەدستهیناوە؟

شەمۆ: لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا کۆنگرێسی ئەمریکی دەنگی دا بۆ بە جێنۆساید ناساندنی توندوتیژیەکانی داعش دژ بە کەمایەتیە ئاینیەکان لە عێراق و سوریا، لەنێویشیاندا یەزیدیەکان.

هەروەها بڕیاری لەمشێوەیە لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپیشەوە دراوە.

کاردانەوە و هاوسۆزیەکی نێودەوڵەتی زۆر هەبوو لەگەڵ تراژیدیاکەمان کە هەندێك سەبوریمان پێدەبەخشێت. ئێمە داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەین توندوتیژیەکان وەك تاوانی جێنۆساید بناسێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیەکان.

مەوتینی: لە ئێستادا بارودۆخی یەزیدیە ئاوارەکان چۆنە؟

شەمۆ: سەختە. هەرچیەك بکەین، هێشتا پێویستیان بە پشتگیری زیاترە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەبوونیان و دابینکردنی سەقامگیری.

ژمارەی ئەو یەزیدیانەی عێراقیان بەجێهێشتووە لەزیادبووندایە و بە 700,000 مەزەندەکرێت کە زۆربەیان دانیشتوانی شەنگال بوون.

مەزەندە دەکەین لەسەدا 15 یان لە وڵات هەڵهاتبن و ئێستا زۆربەیان لە تورکیا و یۆنان و ئەڵمانیا دەژین.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500