هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی تەواوەتی دورگەی کەنعوس دەکەن

خالید تائی

هێزەکانی عێراق لە 25 تشرینی یەکەم چاودێری ئۆپەراسیۆنی بڕینه‌وه‌ی درەختەکان لە دورگەی کەنعوس بۆ ئاشکراکردنی حەشارگەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزاره‌تی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق لە 25 تشرینی یەکەم چاودێری ئۆپەراسیۆنی بڕینه‌وه‌ی درەختەکان لە دورگەی کەنعوس بۆ ئاشکراکردنی حەشارگەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزاره‌تی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی تەواوەتی دورگەی کەنعوس (زور کەنعوس)یان کردووە لە شەرقات لەدوای چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ پاککردنەوەی لە پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسێکی عێراقی سێشەممە (27 تشرینی یەکەم) وتی.

قائیمقامی قەزای ئاشور، جەرجیس حیجاب وتی دوایین ئۆپەراسیۆن لە باکوری سەڵاحەدین لە 19 تشرینی یەکەم دەستیپێکرد بە هێرشێکی چڕی هێزی ئاسمانی و زەمینیی عێراق بۆ سەر حەشارگەکانی داعش کە بە بەکارهێنانی کامێرای چاودێری و درۆن ئاشکراکراون.

بە دیارونای وت دوای چەند بۆردومانێکی سەرەتایی چوار تونێڵ و حەشارگەکە وێرانکران، هێزە تایبەتەکان، لەگەڵ فیرقەی 14ی سوپا، پۆلیسی ناوخۆ و یەکە خێڵەکییەکان، دەستیانکرد بە دانانی پردێکی سه‌ر ئاو تا بتوانن ئۆتۆمبێلی قورسی سەربازی و بڵدۆزەر بپەڕێننەوە ئەوبەری دورگەکە.

وتی هێزەکان ئەو دره‌خت و رووەکانەیان بڕیەوە کە چەکداران لە دورگەکە بۆ خۆحەشاردان لە هێزە ئەمنییەکان سوودیان لێوەرگرتبوو.

سەربازانی عێراق لە 19 تشرینی یەکەم بەرەو دورگەی کەنعوس دەپەڕنەوە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاککردنەوەی دورگەکە لە پاشماوەکانی داعش. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە.]

سەربازانی عێراق لە 19 تشرینی یەکەم بەرەو دورگەی کەنعوس دەپەڕنەوە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاککردنەوەی دورگەکە لە پاشماوەکانی داعش. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە.]

حیجاب ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە یەکێک لە حەشارگە بەئامانجکراوەکان تەقەمەنی لێدانرابوو، بەڵام کارمەندانی تایبەتمەند لە بواری تەقەمەنی توانییان بە سەلامەتی ئەو تۆڕی تەقەمەنییە دەستکرده‌كان كه‌ لەوێ چێنرابوون، پووچەڵبکەنەوە.

وتی هێزەکانی عێراق رووبەڕووی هیچ چەکدارێکی داعش نەبوونەوه‌ لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێدەچێت لە ناوەوەی ئەو تونێڵ و حەشارگانەدا کوژرابن کە بۆردومانکران و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە "کار هێشتا بەردەوامه‌ بۆ گەڕان بە دوای لاشەکانیاندا".

حیجاب ئاماژەی كرد به‌و ئەگەرە کە دەکرێت چەکداران دورگەکەیان بەجێهێشتبێت بەرەو قەزای حەترە و بیبانی نەینەوا رۆیشتبن لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان دەورەداوە. سەرباری ئەوەش، کامێرای گەرمۆکی چاودێری هیچ جموجۆڵێکی گوماناوی لەمدواییەدا تۆمارنەکردووە.

'دەستکەوتێکی گەورەی ئەمنی'

حیجاب وتی دوای کشانەوەی یەکە ئەمنییەکان لە دورگەی کەنعوس، سەربازانی لیوای 16ی فریاگوزاریی پۆلیسی قەزای ئاشور و هێزە خێڵەکییەکان دووشەممە لە دورگەکە جێگیرکران بۆ تووندکردنەوەی درزە ئەمنییەکان و رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی پاشماوەکانی داعش.

حیجاب جەختیکردەوە كه‌ دورگەی کەنعوس، کە دەمێکبوو بە ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار دادەنرا بە هۆی هەڵکەوتی جوگرافی شوێنەکە لە نزیک شار و گوندەکان، کێشەی بۆ هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە.

سەرباری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان، پاشماوەکانی داعش لە کۆتایی هەموو ئۆپەراسیۆنێكدا دەگەڕانەوە بۆ دورگەکە، کە ناوچەی چڕوپڕ بە گژوگیایان دەدۆزیەوە تا خۆیان لە هێزە ئەمنییەکان بشارنەوە.

وتی: "ئەمڕۆ لە کۆتاییدا ناوچەکە بە تەواوەتی ئەمنیکراوە بەو سەربازانەی لەوێ جێگیرن."

حیجاب وتی ئەمە "دەستکەوتێکی گەورەی ئەمنی دەردەخات کە کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سەر لایەنی ئەمنی پارێزگای سەڵاحەدین ده‌بێت و پارێزگاکانی دەوروبەری ناوچەکەش، نەینەوا، کەرکوک و دیالە".

وتیشی پاشماوەکانی داعش "گرنگترین داڵده‌یان لە عێراق لەدەستدا، مەترسییەکەشیان، کە بەردەوام دانیشتوانی ناوخۆی دەترساند، ئێستا تەواو بووە".

ساڵێک پێش ئێستا، دامەزرێنەری داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە هێرشێکی ئەمریکادا لە باکوری خۆرئاوای سوریا کوژرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووشەممە بەیاننامەیەکی دەرکرد بۆ یەکەم ساڵیادی کوشتنەکەی، جەختیکردەوە کە ئه‌مریكا پابەند دەبێت بە ئەرکەکەی "بۆ دڵنیابوونەوە لە شکستێکی درێژمەودای داعش".

رایگه‌یاند: "لەکاتێکدا یادی بڕینی قۆناغێكی گرنگی شەڕی دژ بە داعش دەکەینەوە، کاری هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی [دژ بە داعش] ئەرکی زۆری ماوە."

وتیشی داعش وەک مەترسییەکی گەورە دەمێێتەوە و "گرنگە فشاری بەردەوام لەسەر پاشماوەکانی داعش لە عێراق و سوریا دروستبکەین و هەوڵە پێکەوەییەکانمان بەهێزتربکەین بۆ تێکشکاندنی لق و تۆڕەکانی داعش لە تەواوی جیهاندا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئایا چه‌كدارانی داعش له‌ دورگه‌ی كه‌نعوس بوون؟ ئه‌گه‌ر هیچ شوێنپێیه‌كیان دیارنییه‌، ئایا به‌ فڕۆكه‌ گوێزراونه‌ته‌وه‌ یان چی؟؟؟!!! ئایا كه‌س بینیونی؟ ده‌بێت روونكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌م به‌رده‌وام جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌مریكا له‌ بوونی داعش.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌