بەرپرسێکی ناوخۆ بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق دورگەی کەنعوس (زور کەنعوس)یان دەورەداوە لە شەرگات، باکوری پارێزگای سەڵاحەدین. کە لەم چەند رۆژەی دواییدا چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دزەیانکردۆتە ناوی.
یەکە سەربازی و خێڵەکەکییەکان شەممە (19 ئەیلول) ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد بۆ گەڕان بەدوای ئەو پاشماوانهی داعشدا، بە یارمەتی هێزی تایبەتی پشتیوانی کە بڕیارە دووشەممە بگەن بۆ پشکنینی ئەو شوێنانەی پێدەچێت چەکدارەکان خۆیانیان تێدا حەشاردابێت.
بەڕێوبەری قەزای خۆرهەڵاتی شەرگات، جەرجیس حیجاب وتی سەرچاوە هەواڵگرییەکان رایانگەیاند کە چەکدارانی داعش دزەیانکردۆتە دورگەی کەنعوس.
بە دیارونای وت ئەم گۆڕانكارییه زیاتر لە سێ مانگ دوای ئەوە دێت کە فڕۆکە جەنگییە فەرەنسییەکان هێرشێکی چڕیان ئەنجامدا لەدژی ئامانجەکانی داعش، بەمەش ژمارەیەک حەشارگە و تونێلیان لە دورگەکە وێرانکرد.
وتیشی شارەزایانی سەربازیی فەرەنسا گەیشتبوونە شەرگات پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان و لە بنکە ئەمنییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای شارۆچکەکە جێگیرکرابوون، بە کەرەستە سەربازییەکانیان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
سێ مانگ دوای بۆردومانکردنی ئامانجەکانی داعش لە کەنعوس، کامێرای گەرمۆکی چاودێریکردن هیچ چالاکییەکی نائاساییان لە ناوچەکە تۆمارنەکردووە.
حیجاب وتی بەڵام راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمدواییە دەریانخستووە چەکدارەکان دووبارە چوونەتەوە دورگەكه، بە سوودبینین لە کەمبوونەوەی هەڵمەتە سەربازی و پشکنینەکان.
وتی ناوچەکە وەک شوێنێکی ستراتیژی دەمێنێتەوە بۆ چەکداران بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەوه کە دەچێتەوە سەر چوار پارێزگا: کەرکوک، دیالە، نەینەوا و ئەنبار.
هەروەها تا سنووری عێراق لەگەڵ سوریادا درێژدەبێتەوە.
وتی هێزەکانی عێراق بەخێرایی بەگوێرەی زانیارییەکان جووڵەیانکرد تا رێگریبکەن لە چەکدارەکان بەرەو مەخمور یان خۆرئاوای بیابانی حەزەری نەینەوا بڕۆن، لەوێشەوە بۆ سنووری سوریا.
بەرەوپێشچوون بەوریایی
حیجاب وتی هێزەکانی سوپا و پۆلیس و یهكهكانی فریاگوزاری و حەشدی شەعبی نەینەوا، لەگەڵ خۆبەخشە خێڵەکی و ناوخۆییهکان شەممە دەستیانکرد بە هێرشەکەیان بۆسەر دورگەکە.
وتیشی فڕۆکەکانی عێراق تائێستا هەشت ئامانجی تیرۆریستانیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردۆتە ئامانج.
حیجاب وتی: "تیرۆریستەکان لەئێستادا کەوتوونهتە نێو ناوچەیەکی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دووجاوە لە ناو [دورگەی کەنعوس]دا کە چڕوپڕه به درەخت و گژوگیا و باخی سروشتی، كه بەشێکیان نزیکەی پێنج مەتر بەرزن، ئەمەش مەوداوی بینین کەمدەکاتەوە."
وتی ئەمەش رێگرە لەوەی یەکە ئاساییەکان لە ناوچەکە جموجۆڵبکەن و بووەته هۆی ئەوەی بڕیاربدرێت لیوایەکی تایبەتی ئاژانسی دژەتیرۆریزم بنێردرێت.
وتیشی ئەو هێزانە "راهێنانیان پێکراوە بۆ هەڵکوتانهسهر و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە کە جوگرافیایەکی سەختیان هەیە و چەندین کەرەستەی جۆراوجۆریان پێیە بۆئەوەی مەترسییەکە کەمبکەنەوە".
وتی: "پاشماوەکانی داعش رەنگە تەڵەی بۆمبڕێژکراویان دانابێت لە دەروازەی حەشارگەکانیان، یان نیشانگر و خۆکوژی بۆمبڕێژکراویان جێگیرکردبێت، هەربۆیەش ئۆپەراسیۆنەکان بەوریاییەوە بەرەوپێشدەچن بۆ رێگریکردن لە هەر لەدەستدانێک لە ریزەکانی هێزەکانماندا."
حیجاب وتی چەکدارەکان "ناتوانن زیاتر خۆیانڕاگرن" و ئاماژەیکرد بۆ ئهوهی "ئەمڕۆ بێت یان سبەی" هەر لەناودەبرێن.
باشه. خودا حهزبكات، لهناودهبرێن.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت