دوو ئەندامی تووندڕەوی شانەیەکی رفاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە بە "بیتڵسەکان" ناسراوە لەبەردەم دادگایەکی ئەمریکیدا لەرێی ڤیدیۆوە چوارشەممە (7 تشرینی یەکەم) دەرکەوتن دوای ئەوەی لە عێراقەوە گوێزرانهوه بۆ ئەمریکا بۆ رووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکانی کوشتنی چوار دیلی ئەمریکی.
ئهلشافی ئهلشهیخ، 32، لهگهڵ ئەلێکساندا کۆتێی، 36، تۆمەتبارن بە بەشداربوون لە کوشتنی رۆژنامەوانانی ئەمریکی جەمیس فۆلێی و ستیڤن سۆتلۆف و کارمەندانی مرۆیی، پیتەر کاسیگ و کایلا موێلەر.
دوو هاوڵاتی پێشووی بەریتانی کە لەلای هێزەکانی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی 2019وە لە عێراق دەستبەسەربوون، دوای ئەوەی لە کانونی دووەمی 2018 لەلایهن هێزە کوردییەکانی سوریاوە دەستگیرکران.
ههردووكیان لەلایەن کارمەندانی ئێف بی ئایەوە چوارشەممە بۆ ئەمریکا گوێزرانهوه و تۆمەتەکانی دژیان خوێنرایەوە لەمیانەی یەکەمین دەرکەوتنیاندا لە دادگایەکی فیدڕاڵی لە ئەلێکساندریا.
بە جلوبەرگی زیندانەوە، کەلەپچە لە دەستدا و ماسک بە دەمهوه، ئەندامە ریشدارەکانی داعش بە ڤیدیۆ لە شوێنێکی نەزانراوەوە کە لێی دەستبەسەرن، لە ڤیرجینیا دەرکەوتن.
جگە لە کوشتنی چوار ئەمریکیەکە، ئهلشهیخ و کۆتێی تۆمەتباریشن بە بەشداربوون لە کوشتنی دوو بەریتانیدا، ئالان هێنینگ و دەیڤد هاینێس، لەگەڵ چەندین دیلی دیکە کە دوو هاوڵاتی ژاپۆنیشیان لەنێودا بوو.
داواکاری گشتی، بیل باڕ وتی: "پەیامی ئێمە بۆ تیرۆریستانی دیکەی سەرانسەری جیهان ئەوەیە -- ئەگەر ئازاری ئەمریکیەکان بدەن، لە بەرەکانی جەنگ رووبەڕووبەی سەربازانی ئەمریکی دەبنەوە یان لە ژوورەکانی دادگادا رووبەڕووی یاسای ئەمریکی دەبنەوە. بە هەر جۆرێکیان بێت، لەوپەڕی دنیاش بن بەدواتاندەکەون و دەتاندۆزنەوە تا دادپەروەری بەدیدێت."
'هەرگیز لە دەستی دادپەرەوەی رزگارتان نابێت'
ئهو دوو ئەندامهی داعش هاوڵاتینامە بەریتانیەکانیان لێسەندراوەتەوە، بەڵام گواستنهوهیان بۆ ئەمریکا مهیسركرا، تەنها دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا بەریتانیایان دڵنیاکردەوە کە نیازیان نییە سزای مەرگیان بەسەردا بسەپێنن.
بەریتانیا مانگی رابردوو بەڵگەکانی دژ بەو دووانەی رادەستی بەرپرسانی ئەمریکا کرد و وتەبێژێکی سەرەکوەزیران بۆریس جۆنسۆن چوارشەممە وتی "ئێمە دەمانەوێت لەو دۆسیەیەدا دادپەرەوەری بەدیبێت".
خێزانەکانی فۆلێی، کاسیگ، سۆتلۆف و موێلەر پێشوازییان لەو هەواڵه کرد کە دوو ئەندامەکەی داعش دەگوێزرێنەوە بۆ ئەمریکا بۆئەوەی دادگاییبکرێن.
خێزانەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان: "جەمیس، پیتەر، کایلا و ستێڤن رفێنران، ئەشکەنجەدران، لێیاندرا، برسیکران و کوژران لەلایەن ئەندامان [ی داعشهوه] لە سوریا. ئێستا خێزانەکانمان دەتوانن لە دادگایەکی ئەمریکادا دادپەروەری بەدەستبهێنن لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی منداڵەکانمان ئەنجامدراون."
وتیان: "هیوادارین حکومەتی ئەمریکا دواجار بتوانێت پەیامێکی گرنگ بنێرێت کە ئەگەر ئازاری ئەمریکیەکان بدەیت، هەرگیز لە دەستی دادپەرەوەی رزگارت نابێت. کاتێکیش دەستگیرکرایت، رووبەڕووی تهواوی هێزی یاسای ئەمریکا دەبیتەوە."
'تووندوتیژی جەستەیی و دەروونی'
ئەو تۆمەتانەی دادگاکە دەیداتە پاڵ دووانەکە پێکدێن لە تۆمهتی جۆراوجۆری وهك بهدیلگرتن، تێوەگلان لە كوشتن و تاوانی دیکە.
ئەگەر تۆمەتەکانیان بەسەردا بسهپێنرێت، قورسترین سزا کە دووچاری ببنەوە بریتییە لە زیندانیکردنی هەتاهەتایی.
شانە چوار ئەندامییەکەی داعشی کۆتێی و ئهلشهیخ لەلایەن دەستگیرکەرانیانەوە ناوی لێنراوە "بیتڵسەکان" بەهۆی شێوەزارە بەریتانیەکەیانەوە.
ئهوانه ئەشکەنجەی قوربانیەکانیان داوە و كوشتویانن، بۆنمونه به سەربڕین و داعشیش ڤیدیۆی کوشتنیانی بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بڵاوكردهوه.
بەگوێرەی لیستی تۆمەتهكان، کۆتێی و ئهلشهیخ بەشداربوون لە رفاندنی دیلە ئەمریکی و ئەوروپی و ژاپۆنییەکان لە سوریا لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015، هاوشانی دوو ئەندامی بەریتانیی دیکەی "بیتڵسەکان".
گوماندەکرێت سەرۆکی شانەکە، محەمەد ئێموازی، ناسراو بە "جیهادی جۆن"، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە سوریا لە ئابی 2015 کوژرابێت لەکاتێکدا "بیتڵس"ی چوارهم، ئاینی داڤیس، لە تورکیا لە زینداندایه دوای ئەوەی تۆمەتی تیرۆریزمی بەسەردا سهپێنراوه.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، کۆتێی لەدایکبووی لەندەنه و ئهلشهیخ لەدایکبووی سودانه و لە 2012 لە بەریتانیاوە چوونەتە سوریا دوای ئەوەی لە بەریتانیا بوونهته رادیكاڵ.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەوانه سەرپەرشتیی ناوەندەکانی دەستگیرکردنی دیلەکانیان کردووە و گوماندەکرێت هاوکاربووبن لە دانوستانهكاندا بۆ پارە بهرامبهر دیلهكان لەڕێی ئیمەیڵەوە.
هەروەها ئهو دووانه بەشداربوون لە "تووندوتیژیی بەردەوامی جەستەیی و دەروونیدا لە دژی دیلەکان"، لەنێویاندا، لێدان و لهسێدارهدان و خنكاندنی ساختە له ئاودا.