وەزارەتی دادی ئەمریکا پێنجەشەممە (1 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کە 27 ئەمریکی گەڕاندۆتەوە وڵاتەکە کە رۆیشتبوون بۆ سوریا و عێراق تا بچنە نێو ریزەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه، لەکاتێکدا واشنتۆن جارێکی دیکە داوای لە وڵاتەکانی تر کرد هەمان کار بکەن.
رۆژێک دوای داوای یاسایی لەدژی باوک و کوڕێکی ترینیدادی-ئەمریکی کە لە 2015 چووبوونە نێو داعش، وەزارەتی داد رایگەیاند كه دۆسیەی تاوانی پشتیوانیکردنی تیرۆریزیمی لە دژی ژمارەیەک لەو ئەمریکییە گەڕاوانە جووڵاندووە.
واشنتۆن رایگەیاندووە کە دەبێتە نمونەیەک بۆ وڵاتانی دیکە، بە دیاریکراویش بەریتانیا و فەرەنسا، کە رەتیانکردۆتەوە نزیکەی سەدان هاوڵاتییان لە عێراق و سوریاوە بگەڕێننەوە.
یاریدهدهری داواکاری گشتی، جۆن دێمهرس لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ئەوە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی ئێمەیە بەرامبەر بە گەلی ئەمریکی و خەڵکانی ئهو وڵاتانهی ئەو تیرۆریستانهیان بۆ چوون."
ئەو 27 کەسە تەنیا بەشێکن لەو سەدان ئەمریکییە و هەزاران هاوڵاتییەی وڵاتانی دیکە کە، هەندێکجار بە خێزانەکانیانەوە، چوونەتە نێو ریزەکانی داعش لەکاتێکدا هەڵمەتێکی خوێناویی دەستپێکرد بۆ دامەزراندنی "خەلافەت"ـەکەی لە سوریا و عێراق شەش ساڵ پێش ئێستا.
زۆربەیان لە کەمپەکانی سوریا ماون لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا (هەسەدە).
دێمهرس وتی وەزارەتەکە هەر 27 كهسهی وهرگرتۆتهوه "کە داوامان لەدژیان تۆماركردووه" و وتیشی دەکرێت زیاتریش بن، كه چەندین دۆسیە لە دژیان ئامادهدهكرێت. ناوبراو زیانیاریی زیاتری دەربارەی تۆمەتەکان نەدا.
کێشەی چەکدارە بیانییەکان
دوای ململانێی ئەوەی ئایا پێویستە "چەکدارە بیانییە" ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بەجێبهێڵدرێن یان بگهڕێنرێنهوه بۆ بەندیخانەی بنكهی سهربازیی گوانتانامۆی ئەمریکا، واشنتۆن دوو ساڵ پێش ئێستا بڕیاریدا لە دادگا فیدڕاڵییەکان دادگاییان بکات.
یهكێك لەوانەی تۆمەتباركراون به "پشتیوانیکردنی ماددیی ئهو گروپەی وهك تیرۆریست دهستنیشانكراوه" روسلان ماراتۆڤیچ ئاساینۆڤیشه، كه لەدایکبووی کازاخستان و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکییه و تەمەنی 44 ساڵە و بە نیشانهگرێكی داعش و راهێنەری چەک ناوی دەرکردبوو.
هەروەها عومەر کوزو، لەدایکبووی تەکساس، کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا چوو بۆ سوریا لەگەڵ براکەی لە 2014 و وەک کارمەندی پەیوەندییەکانی داعش کاریکردووە پێشئهوەی ساڵی رابردوو دەستگیربکرێت.
بەشێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا دوودڵبوون لە وهرگرتنهوهی هاوڵاتیانیان.
لەندەن رەتیکردۆتەوە ئەلشافع ئەلشێخ و ئەلێکساندا کۆتێی دادگاییبکات، دوو پیاوی بەریتانی کە پەیوەندییان بە کوژرانی رۆژنامەوانە ئەمریکی و بەریتانییەکان و کارمەندە مرۆییەکانهوه هەبووه وەک بەشێک لە شانەیەکی ناوزڕاوی رفاندنی داعش کە به نازناوی بیتڵس ناسراون.
لەجیاتی ئەوان، واشنتۆن ئێستا ئامادەکاریدەکات بۆ گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا و دادگاییکردنیان.
واشنتۆن زۆر جەختی لە کێشەی گەڕاندنەوە کردووە، لە 31 ئەیلول ڤیتۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە لەلایەن ئەندهنوسیاوە پێشکەشکرابوو دەربارەی چارەنوسی چەکدارە بیانییەکان چونکە داوای لە وڵاتەکان نەدەکرد کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان.
پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشتی ئیتاڵیای کرد بۆ وهرگرتنهوهی یەکێک لە هاوڵاتییەکانی و دادگاییکردنی بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی داعش.
وەزیری دەرەوە مایک پۆمپیۆ وتی: "گەڕاندنەوە و دادگاییکردنی تیرۆریستان کاریگەرترین رێگەیە بۆ رێگرتن له گهڕانهوهیان بۆ بەرەکانی شهڕ."