پیاوێکی ئەمریکی، کە 14 ساڵ بوو کاتێک باوکی بردی بۆ سوریا بۆ چوونە نێو ریزەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، تۆمەتبارکراوە بە هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستییەکە، بەرپرسانی ئەمریکا چوارشەممە (30 ئەیلول) رایانگەیاند.
جیهاد عەلی، کە ئێستا 19 ساڵە، لەگەڵ عیمران عەلی باوکیدا گەڕێنراونەتەوە ئەمریکا لە سوریاوە، کە ساڵی رابردوو لەوێ لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتهوه (هەسەدە) دەستگیرکران، لەگەڵ سەدان چەکداری بیانی کە لەدوای شکستی داعش دەستگیکران.
هەردوو کوڕ و باوکەکە لە دادگای فیدڕاڵی میامی تۆمەتبارکران بە تۆمەتی دابینکردنی هاوکاری بۆ رێکخراوێك كه وهك رێکخراوێكی تیرۆریستی بیانی دهستنیشانكراوه.
باوکەکە، کە لەدایکبووی کۆماری ترینداد و تۆباگۆیە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکییە، ژنەکەی و جیهاد کە لە نیویۆرک لەدایکبووە لەگەڵ پێنج منداڵی تری لە 2015 بردووه بۆ سوریا بۆ چوونە نێو ریزی گروپە تووندڕەوەکەوه.
باوکەکە بە وتارەکانی وتاربێژی لەدایکبووی ئەمریکای قاعیدە، ئەنوەر عەولەقی هاندرابوو.
بەگوێرەی وتەکانی دادگا، جیهاد عەلی بە لێکۆڵەرانی ئێف بی ئای وت کە ساڵی رابردوو "دڵخۆش بووە کە دەڕوات بۆ شوێنێكی نوێ و جیهان دەبینێت".
دواتر لە ساڵی 2015 چۆتە ناو راهێنانەکانی چەک و شەڕی داعشهوه و خراوەتە کەتیبەی ئینگلیزیزمانەکان، پۆستی شانازیکردنی بە چوونە ناو ریزەکانی شەڕ لە فەیسبوک بڵاوکردۆتەوە.
بەگوێرەی وتەکانی دادگا: "جیهاد بەشێکی لە راهێنانەکانی بە راهێنانی خۆش و چێژبەخش باسكردووه و بەشەکانی دیکەشی بە ترسناک ناوزەندکردوون."
جیهاد و باوکی، کە ئێستا 53 ساڵە، بەشداربوون لە چەندین رووداوی شەڕکردندا، یەکێک لە کوڕەکانی عیمرانیش چۆتە پاڵیان، کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە نهناسێنراوه و لە جیهاد منداڵتره.
هەرسێکیان لە ئازاردا دەورەدران لە باغۆز، دواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی داعش لە سوریا، دواتر لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە دەستگیرکران.
وەزارەتی داد رایگەیاند کە جیهاد و باوکی هەردووکیان چوارشەممە لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی لە فلۆریدا ئامادهبوون.
هیچ شتێک نەبوو دەریبخات کە ئایا جیهاد بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بەهۆی ئەوەی کاتێک چۆتە نێو ریزەکانی داعشەوە تەنیا منداڵێک بووە.
سزاکان زیندانیکردنی تا رادهی 20 ساڵ لەخۆدەگرن.