وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ سێشەممە (15 ئەیلول) سوێندیخوارد کە واشنتۆن رێنادات ئێران "دەبابەی چینی و سیستمی بەرگری روسی" بکڕێت لەکاتێکدا ئابڵوقهیهكی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی ئێران لە کۆتایی نزیکدەبنەوە.
بە رادیۆی فرانس ئینتەری وت لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕازین به بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەیان لە رێکەوتننامەی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی لە 2018 و تازەکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، واشنتۆن کاریکردووە بۆ "هێشتنەوەی جیهان بە شێوەیەکی پارێزراو".
پۆمپیۆ وتی: "ئێمە بە جۆرێک مامەڵەدەکەین -- بەمجۆرەش مامەڵەمانکردووە -- کە رێگری لە ئێران دەکەین تانکی چینی و سیستەمی بەرگریی روسی بکڕێت و چەکەکان بفرۆشێتەوە بە حیزبوڵا بۆئەوەی رێگریبکەن لە هەوڵەکانی سەرۆک (ی فەرەنسا) ماکرۆن کە لێزانانە هەوڵدەدات لە لوبنان ئەنجامیانبدات."
حیزبوڵا، گروپێکی میلیشیای سەر بە ئێران، لەمێژە لەلایەن سزاکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و خراوەتە لیستی رەشەوە و وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" ناسێنراوە.
بەڵام لەهەمانکاتدا یاریزانێکی سیاسیی بەهێزە کە چەند کورسییەکی پەرلەمانیی لە لوبنان هەیە، کە لهوێ سەرۆکی فەرەنسا هەوڵدەدات هانی ریفۆرمی سیاسی بدات.
پۆمپیۆ وتی: "یەکناگرێتەوە تۆ بێیت رێگە بە ئێران بدەیت پارە و سامان و چەکی زیاتر پەیدابکات، لهكاتێكدا کاربکەیت بۆ هەوڵدان و یارمەتی دوورخستنەوەی حیزبوڵا بدهیت لەو کارەساتەی لە ناوخۆی لوبناندا دروستیانکردووە."
ئەمریکا دەیەوێت ئابڵوقهی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران درێژبکاتەوە کە لە 18 تشرینی یەکەمدا تەواودەبێت.
پۆمپیۆ وتی: "لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی جیاوازی داوە سەبارەت بەو رێکەوتننامە (ئەتۆمییە)، ههمان نیگەرانییەکانی ئێمەیان ههیه سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئهو ئابڵوقهی چهكه."
جەختیشیکردەوە کە ئەمریکا "بەردەوامدەبێت لە بەرگریکردن لە شیرازەی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڕانەوەی بۆ چالاکییە زیانبەخشەکانی".