هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

کۆمەڵگەی شەبەك له‌ عێراق داوای بەرپرسڕاگرتنی تووندڕەوان دەکه‌ن

خالید تائی

عێراقیەکان نزیك بە شوێنی تەقینەوەیەك كۆبوونه‌ته‌وه‌ لە گوندی موەفەقیە لە دەشتی نەینەوا، لە 6 حوزەیران 2014. دانیشتوانی گوندەکە زۆربەیان کەمینەی شەبەکن. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی 'مه‌نارات شەبەك']

عێراقیەکان نزیك بە شوێنی تەقینەوەیەك كۆبوونه‌ته‌وه‌ لە گوندی موەفەقیە لە دەشتی نەینەوا، لە 6 حوزەیران 2014. دانیشتوانی گوندەکە زۆربەیان کەمینەی شەبەکن. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی 'مه‌نارات شەبەك']

ئەندامانی کەمینەی شەبەك لە دەشتی نەینەوا، له‌ عێراق، بەڵگە کۆدەکەنەوە له‌سه‌ر ئه‌و تووندوتیژیانه‌ی له‌لایه‌ن تووندڕەوانه‌وه‌ دژ به‌ کۆمەڵگەکەیان ئەزمونیانکردووە تا دڵنیابن لەوەی تووندڕەوان بەرپرس رادەگیرێن.

هاوشێوەی چارەنوسی کەمینەکانی دیکەی عێراق، شەبەکەکان بوونه‌ ئامانجی هێرشەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کاتێك گروپه‌كه‌ بەشێکی گەورەی عێراقی داگیرکرد لە 2014، کە سەدان قوربانی لێکەوتەوە.

تەنانەت پێش دەرکەوتنی داعشیش، شەبەکەکان چەندین ساڵ بەدەست هێرشی خوێناویەوە بۆسەر گوندەکانیان دەیانناڵاند.

تووندوتیژترینیان لە ئەیلولی 2009 بوو، کاتێك دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو تەقینەوە لە گوندی خەزنە، لانیکەم 70 خانوویان رووخاند و زیاد لە 50 شەبەکیان کوشت.

چەند لۆرییەك دەبینرێن کە شمەکی ئەو خێزانە شەبەکانەیان هەڵگرتووە کە لە ناوچەی دەشتی نەینەواوە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان لە 15 ئاب 2017. [خاوەنی وینە: پەیجی فەیسبوکی 'ئەمە دەشتی نەینەوایە']

چەند لۆرییەك دەبینرێن کە شمەکی ئەو خێزانە شەبەکانەیان هەڵگرتووە کە لە ناوچەی دەشتی نەینەواوە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان لە 15 ئاب 2017. [خاوەنی وینە: پەیجی فەیسبوکی 'ئەمە دەشتی نەینەوایە']

جێگری بەڕێوبەری لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، قوسەی عەباس بە دیارونای وت هێرشەکە "بەشێك بوو لە هەڵمەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی تیرۆریستی" دژی کۆمەڵگەی شەبەك ئەوکاتەی تووندوتیژی تائیفی عێراقی گرتبووەوە.

وتی ئەندامانی قاعیدە و دواتریش داعش، هەزاران شەبەکیان کوشتووە و بریندارکردووە لە هێرشە چەکداری و خۆکوژییەکاندا کە ئەو گوندانەی دەشتی نەینەوایان دەکردە ئامانج کە شەبەك زۆرینەن تیایاندا، لەنێویاندا موەفەقیە و بایبوخت.

وتی کاتێك داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر دەشتی نەینەوادا، دانیشتوانی زیاد لە 20 گوندی شەبك لە ماڵەکانیان هەڵاتن کە لەلایەن چەکدارانەوە رووخێران و ئاگریان تێبه‌ردران.

عەباس، کە سەربە کۆمەڵگەی شەبەکە، وتی شەبەکەکان "چەندین فایلی چڕوپڕ"یان ئامادەکردووە دەربارەی تاوانەکانی تووندڕەوان دژی ئەو گروپە، لەنێویاندا ناوی 233 کەس کە لەلایەن داعشەوە رفێنراون و چارەنوسیان هێشتا نادیارە.

وتی کۆمەڵگەی شەبەك کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی ئەم بەڵگانە بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌و لێکۆڵینەوانەی دەکرێت سەربکێشن بۆ "بەسزاگەیاندن و تاوانبارکردنی تیرۆریستان بەو تاوانە قێزەونانەی ئەنجامیان داون".

وتیشی: "بەردەوامین لە داواکردن لە حکومەت تا سەرنج بخاتە سەر خێزانی زیاتر کە بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیانبەرکەوتووە و قەرەبووی دادپەروەرانەیان بكاته‌وه‌."

'دۆخێكی ئاسایشی نالەبار'

پەرلەمانتار سالم جومعە، ئەندامی کۆمەڵگەی شەبەك، داوای لێکۆڵینەوەی کرد له‌ ژمارەی ئه‌و شەبەكانه‌ی لەلایەن قاعیدە و داعشەوە کوژراون، کە بە نزیکەی 2,300 کەسی خەمڵاند.

داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو شەبەکە لاوانەشی کرد کە لەلایەن داعشەوە رفێنران و هێشتا چارەنوسیان نادیارە.

بە دیارونای وت چەکدارانی داعش سەدان خانووی شەبەکیان لە موسڵ و دەشتی نەینەوا بۆمبارانکرد و دەستیانگرت بەسەر موڵکوماڵیاندا. هەروەها پێگە کلتوریەکانیان تێکشکاند و شمەکە بەهادارەکانی نێویانیان تاڵانکرد.

جومعە وتی سەرەڕای شکستی داعش، پاشماوەکانی گروپەکە هێشتا لەو ناوچانه‌ی دەشتی نەینەوا بوونیان هەیە كه‌ کۆمەڵگەی شەبەك و کەمینەکانی دیکەیان لێ نیشتەجێیە، کە ئەزمونی "دۆخێکی ئاسایشی نالەبار" دەکەن.

وتی سەرەڕای ئەوەش، بڵاوبوونەوەی لایەنە چەکدارەکان دۆخی ئاسایشی خراپترکردووە، چونکە هەندێك ناوچە هەن کە ئاسایشیان لاوازە و تووندڕەوان لێیان کۆدەبنەوە.

قوربانیانی 'تووندوتیژی بەرنامە بۆ داڕێژراو'

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ له‌ عێراق، ئەنەس عەزاوی وتی داعش هێشتا هەڕەشەیەكە بۆسەر کۆمەڵگە بەرفراوانە ئێتنییەکانی ناوچەی دەشتی نەینەوا.

بە دیارونای وت داعش دەرکراوە لەم ناوچانە بەڵام پاشماوەکانی گروپەکە بەردەوامن لە قۆستنەوەی بارگرژییەکان تا جێپێی خۆیان بکەنەوە.

وتی شەبەکەکان رووبەڕووی "تووندوتیژی بەرنامە بۆ داڕێژراو" کراونەتەوە لەلایەن تووندڕەوانەوە کە هەموو گروپە ئێتنیەکان دەکەنه‌ ئامانج "لە هەوڵێکدا بۆ لەناوبردنی فرەیی".

عەزاوی وتی "نوسینگەکەمان لە نەینەوا لەئێستادا سكاڵا و راپۆرتی پێدەگات لە خێزانی قوربانیانی تیرۆریزمەوە، لەنێویاندا کۆمەڵگەی شەبەك و ئەوانیدیکە" و وتیشی نوسینگەکە لێکۆڵینەوە دەکات لە چارەنوسی رفێنراوە ونبووه‌كانیش.

وتی: "ده‌مانه‌وێت زانیاری و بەڵگە كۆبكه‌ینه‌وه‌ کە سەرکۆنەی ئەندامانی داعش بکات بۆ هەموو ئەو تاوانانەی دژی کەمینەکان ئەنجامیانداون."

وتیشی: "زۆر فایل و بەڵگەی تاوانباركردنمان بەرزکردۆتەوە بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵیان تا تیرۆریستان بگه‌یه‌نین به‌ دادگاییه‌كی دادپەروەرانە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500