هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

نەینەوا هه‌وڵه‌كانی چڕکرۆدتەوە بۆ گێڕانه‌وه‌ی هاودەنگی کۆمەڵایەتی

خالید تائی

گەنجانی نەینەوا کۆدەبنەوە بۆ هاوپشتیکردنی یەکتر لەکاتی فیستیڤاڵی ئاشتی و گەنجاندا لە موسڵ له‌ 6 ئەیلول 2017. [خاوەنی وێنە: کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی]

گەنجانی نەینەوا کۆدەبنەوە بۆ هاوپشتیکردنی یەکتر لەکاتی فیستیڤاڵی ئاشتی و گەنجاندا لە موسڵ له‌ 6 ئەیلول 2017. [خاوەنی وێنە: کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی]

بەرپرسان بە دیارونایان وت هەوڵەکان دەستیانپێکردووە لە نەینەوا بۆ پتەوکردنی متمانە و بنیاتنانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان گروپە ئایینی و ئیتنیکیەکانی پارێزگاکەدا له‌سه‌رده‌می دوای حوكمی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.

وتیان دەسەڵاتی ناوخۆیی کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی هاودەنگییە کۆمەڵایەتییەکان کە خاسیەتێکی پارێزگاکە بووە بەدرێژایی مێژوو.

سەرۆكی شارەوانی شەنگال، فەهد حەمید وتی تا ئەو کاتەی داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر نەینەوادا، "ئەندامانی چەندین مەزهەب بە ئاشتەوایی پێکەوە دەژیان لە شەنگال،" شارۆچکەکەشی وەك "عێراقێكی بچکۆلە" ناوبرد.

وتی كه‌مینه‌ی ئێزدییەکان زۆرترین دانیشتوانی شارۆچکەی شەنگال پێکدێنن و پێکەوە دەژین "لەگەڵ تورکمان و شەبەك و مەسیحی و موسوڵمانان".

چالاکوانە مەدەنییەکان بەشداریدەکەن لە ۆرکشۆپێکی بنیاتنانی ئاشتیدا له‌ 12 کانونی دووەم. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی دروستکردنی پردی نێوان کۆمەڵگەکانی نەینەوا]

چالاکوانە مەدەنییەکان بەشداریدەکەن لە ۆرکشۆپێکی بنیاتنانی ئاشتیدا له‌ 12 کانونی دووەم. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی دروستکردنی پردی نێوان کۆمەڵگەکانی نەینەوا]

وتیشی: "هاوڵاتییەکان هاوسێی یەكتربوون و بە دەنگ یەکترەوە دەهاتن و ئەم پەیوەندییەش بە درێژایی سەدان ساڵ دروستبووبوو. پاشان تیرۆریستەکان هاتن و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا و کەوتنە کوشتن و دەرکردن و دەسدرێژی سێکسی بۆسەر ئێزدییەکان".

وتی زۆربەی ئێزدییەکان دەزانن داعش "نوێنەرایەتی خێڵێك، مەزهەبێك یان ئایینێك ناکات" بەڵام ئەو تاوانانە "کێشەیان دروستکرد لەناو کۆمەڵگەدا و بوونەتە برینی قوڵ بۆ ئێزدییەکان، کە ئێستاش دەناڵێنن بەده‌ست دەرئەنجامه‌كانی ئەو كرده‌وانه‌وه‌".

وتی: "کۆبوونەوە دەکەین بۆئەوەی هاوڵاتیان بێنینە لای یەکتر و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دووپاتبکەینەوە لەناو پێکهاتەکانی شەنگالدا. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كه‌ گەڕانەوەی بابەتەکان بۆ رەوشی پێشتریان کات و هەوڵی زۆری دەوێت."

حەمید وتی لەوەتەی داعش دەرکراوە، زۆربەی خێزانە ئاوارە موسوڵمانەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان لە قەیرەوان و گوندەکانی ئەبو خەشەب و ئوم سیبان وکەرانە و کۆلات کە دەکەونە رۆخی شەنگال.

وتی: "ئاشتبوونەوە مەحاڵ نییە و هەنگاوی ئەرێنی دەنێین بەرەو ئەو ئاراستەیە لەگەڵ کەسایەتی و خێزانەکانی دەستیان بە خوێنی هاوڵاتیانی بێتاوان سوور نییە."

حەمید وتی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کردەوەی تیرۆریستیدا لەلایەن کۆمەڵگاوە نەفرەتیان لێکراوە و قەدەریان لەدەستی یاسادایە و داوای لە سەرۆکی خێڵە ناوخۆییەکانیش کرد حاشا بکەن لەو کەسانەیان کە پەیوەندییان هەبووە بە داعشەوە.

ساڕێژبوون لە نەینەوا

سەرۆكی شارەوانی شارۆچکەی حەمدانییە، فەیسەڵ ئەسکەندەر بە دیارونای وت لە دەشتەکانی نەینەوا دانیشتووانەکە کاردەکەن بۆ گێڕانه‌وه‌ی هاودەنگی.

وتی: "سەرەتا ئاڵۆز بوو، بەڵام ئێستا سەرکەوتنەکان دەبینین دوای کۆبوونەوەکان و پەیوەندیكردن به‌ دانیشتووانەکەوه‌."

وتیشی: "چەند کۆنفرانسێکمان بەستووە لەگەڵ ئه‌و سیمیناراندا كه‌ کراوەبوون بۆ هەمووان لەسەر پێکەوەژیان و سەرنجیان لەسەر هاوپشتی و برایەتی بووە لەگەڵ داخستنی ئەو لاپەڕەیەی تیرۆریزم و پاشماوە دەروونییەکانی."

وتی کەسایەتییە گشتی و ئەکادیمی و بەرپسە ناوخۆییەکان لەگەڵ چالاکوانە مەدەنییەکان رۆڵێکی گەورە دەگێڕن و کاردەکەن بۆ پەروەردەکردنی دانیشتووانە ناوخۆییەکە و هاوکاریکردنیان لەسەر بابەتەکانی کرانەوە و لێبوردەیی لەناو ئەندامانی کۆمەڵگەدا.

وتیشی شارەوانی شارۆچکەی حەمدانییە "کاردەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی مافی گەڕانەوە بۆ هەموو کەس و خێزانێك بەبێ جیاوازی،" تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە بە بەڵگە دەرکەوتووە سەر بە داعشن.

وتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە موسوڵمان و مەسیحی و شەبەك و کاکەییان تێدایه‌.

وتیشی: "داعش بۆشاییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دروستکرد چونکە هاوڵاتیەکی زۆر کەسە خۆشەویستەکانیان و ئەوەی هەیانبوو لەدەستیاندا بەهۆی تاوانەکانی گروپەکەوە و ئێستاش ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ چاکردنەوەی ئەوەی تێکدراوە."

رۆحی پێکەوەژیان

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدید بە دیارونای وت ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ گێڕانه‌وه‌ی رۆحی پێکەوەژیان بۆ پارێزگاکە.

وتی کۆمیتەکانی ئاشتەوایی بەرپرسانی ناوخۆ و کەسایەتییە رێزدارەکان و چالاکوانان لەخۆدەگرن و کاردەکەن بۆ چاکردنەوەی درزە کۆمەڵایەتیەکان لەڕێی "دیالۆگ لەگەڵ پێکهاتە ناوخۆییەکان و لەڕێی پتەوکردنی ناسنامەی نیشتمانییه‌وه‌".

حەدیدی داوای لە حکومەت کرد قەرەبووی قوربانیانی دەستی داعش بکات و دڵناییبدات لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی گروپکە بە سزای خۆیان دەگەن.

وتی ئەو هەوڵانە هاوکاردەبن بۆ "هێشتنەوەی ئەمنییەت و سەروەری یاسا لە تەواوی ناوچە رزگارکراوەکاندا، بەتایبەتی لەو شوێنانەی ناسراون بە هەمەشەچنی کۆمەڵایه‌تی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500