لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دوو چالاکوان تیرۆرکراون و پێنجی دیکە لە هەوڵی کوشتن رزگاریانبوو لە بەسرە، کە بارگرژیهكانی نێوان هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر دژی نفوزی ئێران لە وڵاتەکەیان و گروپە چەکدارەکان لهگهرمهیدایه.
پسپۆڕێکی سەربازی بە دیارونای وت تووندوتیژییهكانی ئەمدواییانە بیرخەرەوەی هەڵمەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە، وەك کەتائیب حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهل حەق و عوسبهت سائیرین، بۆ بێدەنگکردنی ئەو عێراقیانەی داوای کۆتایی نفوزی ئێرانیەکان دەکەن لە وڵاتەکەیان.
راهێنەری وەرزش، ریهام یەعقوب، 29 ساڵ، کە بهچڕی لە خۆپیشاندانەکانی دژ به حکومەتدا بەشداربوو، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا لە چوارشەممە (19 ئاب) لە بەسرە، لەکاتێکدا تەقە لەو ئۆتۆمبیلە کرا کە تیایدا بوو.
سێ ژن كه لەوكاتهدا له ئۆتۆمبیلەكهدا بوون، برینداربوون و دواتر یهكێكیان مرد.
هەمان رۆژ، چالاکوان فەلاح حەسناوی بەسەختی بریندارکرا و دەستگیرانەکەی کوژرا کاتێك ئۆتۆمبیلەکەی بهر دهستڕێژی گوله كهوت لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە ناوەندی بەسرەدا.
پێنج رۆژ لەوەوبەر لە بەسرە، چالاکوان تەحسین ئوسامە شەحمانی كوژرا دوای ئەوەی زیاد لە بیست فیشەکی پێوەنرا.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، سێ چالاکوانی دیکە دووشەمە لە بەسرە -- لودیا ریمۆن، فەهد زوبەیدی و عەباس سوبحی -- دەچوون بۆ ماڵی شەحمانی بۆ پرسە و سەرەخۆشی کاتێك ئۆتۆمبیلێکی پڕ لە پیاوانی چەکدار دەستیانکرد بە تەقەکردن لێیان.
ئەو سێ كهسه توانییان هەڵبێن، به برینداری و تۆقاو، بەڵام لەژیاندا مانهوه.
هەمان رۆژ، چالاکوان روقیە دهوسەری لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو لە ناوەندی بەسرەدا کاتێك سێ چەکداری نەناسراو لە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە تەقەیانلێکرد.
تیرۆركردنه بەئامانجکراوهكان بوونەته هۆی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقدا، کە پێشتر، لە مانگی تەمموزدا ئەزمونی تیرۆری هوشام هاشمییان لە بەغدا کردبوو، کە راوێژکارێکی حکومەت و ئەکادیمییەکی رێزداربوو دەربارەی تووندڕەوی.
هیچ گروپێك بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە تیرۆرکارییەکان رانەگەیاندووە و دەسەڵاتداران هێشتا کەسیان بە بەرپرس رانەگرتووە.
بەڵام ئەو ئهكاونتانهی سەر ئینتەرنێت کە وادەردەکەوێت پشتیوانی ئێران و هاوپەیمانانی بن لە عێراق، لە هەڕەشەیاندا لە چالاکوانان زۆر چاونەترستر بوون.
دەیان چالاکوان لە عێراق کوژراون لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە لە تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەوکاتەی چەندین کەسیان تیرۆرکران لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کە چەکی بێدەنگیان بەکاردەهێنا.
نەتەوە یەکگرتوەکان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی خۆرئاوا "میلیشیاکان" تۆمەتباردهکهن و تکایان لە بەغدا کردووه بەتەواوی ئازادی رادەربڕین بپارێزێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای کوشتنی یەعقوب رایگەیاند: "شتێکی بێویژدانانەیە کە ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونانە بەردەوامن لە کارەکانیان بەبێ لێپرسینەوە."
'بێدەنگکردنی دەنگەکانی عێراق'
پسپۆڕی سەربازی و ستراتیژی، حاتەم فەلاحی وتی بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی هێرشە تووندوتیژەکان دژی چالاکوانان بەشێكە لە هەڵمەتێکی گشتگیر کە لەلایەن میلیشیاکانی سهربه ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ "بێدەنگکردنی هەموو ئەو دەنگانەی داوای جێبەجێکردنی فەرمانڕەوایی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی سەرەوەری نیشتمانی دەکەن."
بە دیارونای وت لەڕێی ئەم کارانەوە، میلیشیاکان هەوڵی پارێزگاریکردن لە نفوزی رژێمی ئێران دهدهن بە کوشتنی ئەوانەی داوای ئازادی و لهڕێی بنەبڕکردنی بزووتنەوەی خۆپیشاندانهوه.
وتی خۆپیشاندانەکان بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئهو میلیشیانهی ناسراون بهوهی ههركهسێك تیرۆردهكهن كه بیروڕایان رهتبكاتهوه.
فەلاحی وتی پێش زیادبوونی هێرشەکانی ئەمدواییە دژی چالاکوانانی عێراق، هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و هاندان دژیان لەلایەن میدیای ئێرانییەوە دەستیپێکرد.
ئەم هەفتەیە، ئهكاونتهكانی ئینتەرنێت دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی وتارێکی 2018ی میهر، كه ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی نزیك لە پارێزكارە تووندڕەوەکانی ئێرانه، کە تێیدا یەعقوب و كهسانی تر تۆمهتباردهكهن بهوهی بەشێك بن لە "تۆڕێك کە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە دروستکراوه بۆ بهئامانجکردنی ئێران لە ناوچەکە".
وتی به كردنهئامانجی چالاکوانان، میلیشیاکان بەشێوەیەکی ئاشکرا ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی حکومەتەکەی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی دادەنێن و ئاماژە بەوە دەکەن كه "لە کارەکانیان ناوەستن و لەڕێی هێزەوە رووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبنەوە كه بۆ سنووردارکردنی نفوزیان بدرێت".
رێوشوێنهكانی حکومەت
کازمی چوارشەممە دوای هێرشەکان بەڕێوبەری پۆلیسی بەسرە و ژمارەیەك بەڕێوبەری ئەمنیی تری لهكارلابرد.
لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وتی حکومەت "هەموو شتێکی پێویست دەکات بۆ هێزە ئەمنیەکان تا کارەکانیان بەتەواوی ئەنجامبدەن".
وتی: "هاریکاریکردن لەگەڵ بکوژران یان بڵاوکردنەوەی هەڕەشەکانیان پهسهندنەکراوە. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەکان بۆ تەواوکردنی کارەکانیان لە پاراستنی کۆمەڵگە لە هەڕەشەی یاخیەکان لە یاسا."
وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی، پێنجشەممە گەیشتە بەسرە لهگهڵ شاندێکی باڵای ئەمنی.
وتی دۆخی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە "به هیچ شێوهیهك پهسهندناكرێت" و وتیشی "هەمووان بەرپرسن لەم خوێنەی کە لە عێراق رێژراوە و هەمووان دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن تا ئهم مەترسییه دووربخهنهوه".
داوای لە هێزە ئەمنیەکان کرد ئۆتۆمبیلی بێ تابلۆی ژماره قەدەغەبکەن و دەستبەجێ کاربکەن بۆ دەستبەسەراگرتنیان.
غانمی داواشی لە هێزە ئەمنیەکانی پارێزگاکە کرد بۆ دامەزراندنی خانەیەکی هەواڵگری بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیكردنی هەوڵە ئەمنیەکان.