گروپەکانی سەر بە ئێران پێشەنگی چەند هەڵمەتێکی مامەڵەی خراپ و دنەدان دەکەن لەسەر ئینتەرنێت دژی هێزەکانی عێراق و چالاکوانان.
بهگوێرهی راپۆرتهكان، گروپەکانی سەربە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەوڵیانداوە هێزه ئەمنیەكانی عێراق و سەرکردەی خۆپیشاندانهكان کەمبایەخ بکەن کە دژی نفوزی ئەوانن.
لە دوایین هەوڵیاندا، "سوپاکانی ئینتەرنێت"ی ئەم گروپانە چەند هەڵمەتێکی ناوزڕاندنیان دژی ئەو ئەفسەرانەی پۆلیس دەستپێکرد کە ئەرکیان یاوەریکردن و پاراستنی کاروانی ئەو کۆمپانیانەیه کە پشتیوانی لۆجستی دابیندهكهن بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لە 8 ئەیلول، بۆمبێك کە کاروانێکی گواستنهوهی کردە ئامانج لەسەر رێگەی نێوان پارێزگاکانی بابل و دیوانیە تەقییەوە. پۆلیسێکی کوشت و دوو ئەندامی دیکەی تیمی سواتی بریندارکرد.
دوای هێرشەکە، چالاکوانان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چاودێری پۆستەکانی ئەو ئهكاونتانهیان کرد کە سەر بە پاسداران بوون. وتیان ناوەرۆکەکانیان سوکایەتیکردنه بە پۆلیسی عێراق و داوای هێرشکردنە سەریان دەکهن و بە "بەرگریکاران لە داگیرکاری" ناویاندەبهن.
ئەمە یەکەمجار نییە "هەڵمەتی پروپاگەندە"ی لەوشێوەیە ئەنجامدرابێت، چونکە تۆمەتەکانی خیانەت لە رابردووشدا فەرماندە سەربازییەکانیان کردۆتە ئامانج.
ساڵی رابردوو، بڵاوکراوەکانی سەر بە ئێران -- لەنێویاندا تۆڕی میدیای بەرەنگاری و تەلەفزیۆنی ئیتیجاهـ، بڵاوکراوەی میدیایی کەتائیب حیزبوڵڵا -- فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لیوا مەحمود فەلاحییان بە خیانەت تۆمەتبارکرد.
دواتر فەلاحی لەلایەن سەرەکوەزیرانی عێراقەوە بەبێتاوان لەقەڵەمدرا، دوای ئهوهی لێکۆڵینەوەكان دەریانخست كه تۆمەتەکان دژی هیچ بنهمایهكیان نهبوو.
رووبەڕبوونەوەی پروپاگەندە میلیشیاکان تووڕەدەکات
پسپۆڕی سەربازی و لیوای خانەنشین، جەلیل خەڵەف شوەیل بە دیارونای وت هەڵمەتەکانی ناوزڕاندن بە پێشەنگی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و سوپا ئینتەرنێتیەکانیان لەلایەن خەڵکی عێراقەوە پهسهندناکرێن.
وتی: "هیچ عێراقییەکی دڵسۆز بۆ وڵاتەکە مامەڵەی خراپ یان بوختان پهسهندناکات کە دژی هێزە ئەمنیەکان بکرێت،" کە ئەمەش ئەندامانی میلیشیاکانی تووڕە کردووە.
شوەیل وتی لە بەرژەوەندی بریكارانی سوپای پاسداران نییە کە هێزە عێراقیەکان بەهێز و باش راهێنراو بن چونکە هەوڵدەدەن هەژمونی خۆیان بسەپێنن. داوای رووبەڕووبوونەوەی ئەم كردهوانهی كرد كه مهبهستیان زیانگهیاندنه به بەرژەوەندیەکان و سەروەریی عێراق.
وتی ئەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکان بۆسەر کاروانەکان دەبێت دەستگیربکرێن و هێزە ئەمنیەکانیش کە یاوەریی ئەم کاروانانە دەکەن دەبێت تەکنەلۆژیای باشیان پیبێت بۆ دۆزینەوەی مینی زەمینی و بۆمبی دەستکرد.
شیکاروانی سیاسی، غانم عابد وتی هەڵمەتەکانی پروپاگەندە لەلایەن میلیشیاکانەوە ئەنجامدەدرێن بۆ پاساودان بە چالاکیەکانیان "لەژێر پەردەی دروشمی ئایدۆلۆژی ساختەدا".
بە دیارونای وت تۆمەتەکانی خیانەت نەك تەنیا کاریگەرییان دەبێت بۆسەر دەزگا ئەمنییهكان، بەڵکو بۆسەر چالاکوانان و سەرکردەکانی خۆپیشاندانە جەماوەریەکانیش.
وتی بیركارهكانی سوپای ئینتەرنێتی پاسداران چەندین وێنە و پۆستی ساختە دروستدەکەن و لەسەر ئینتەرنێت بڵاویاندەکەنەوە، چالاکوانان و خۆپیشاندەران تۆمەتباردەکەن بە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی بیانی یان به "جۆكهر" ناویاندەبەن.
وتیشی میلیشیاکان بەم جۆرە پاساوی سەدان تیرۆرکردن دەدەنهوه کە لەدژی خەڵکی بێتاوان ئەنجامیانداون.
ههروهها وتی دوایینی ئەم تیرۆرکردنانە بریتیبوو له تیرۆرکردنی ریهام یەعقوب، چالاکوانێکی بەسرە، کە لە 19 ئاب کوژرا دوای ناوزڕاندنێکی خراپ دژی.
عابد وتی ئەندامانی میلیشیاكان "تاكهکەسان دەکوژن بەتۆمەتی ساختە لەکاتێکدا دڵسۆزی خۆیان بۆ ئێران دەردەخەن لەجیاتی عێراق و دەڵێن شوێنکەوتەی رابەری باڵای ئێران [عەلی خامنەئی]ن".
وتیشی ئاخۆ: "کێ بهكرێگیراو و خیانەتکارە لەم دۆخەدا؟"
عابد وتی بریكارانی سوپای پاسداران هەوڵی نانەوەی پشێوی و پاشاگەردانی دەدەن بۆ هێشتنەوەی بوونی خۆیان، کە لەلایەن خەڵکی عێراقەوە بەتەواوی رەتدەکرێتەوە.