دوای تیرۆرکردنی چالاکوانێکی بەناوبانگ لە شاری بەسرە، رۆژی هەینی (14 ئاب)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە حکومەت کرد یاسا جێبەجێبکات و دادپەروەری بڕەخسێنێت.
ئەم تیرۆركردنه یهكێكه لە زنجیرەیەك تیرۆركردن لەم چەند مانگەی دواییدا، كه پسپۆڕی بواری تووندڕەوی هیشام هاشمی لەنێو ئهو کەسایەتییه بەناوبانگانهدا بوو کە کوژراون.
کۆمسیۆنەکە هۆشدارییدا لەوەی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام بەئامانج دەکرێن.
تەحسین ئوسامە شەحمانی کە لەنێو خۆپیشاندەرانی ناوچەکەدا ناسرابوو، بە 21 فیشەك کوژرا رۆژی هەینی، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە، کە هەڵیانکوتایە سەر دوکانەکەی لە شەقامی بەهو له ناوەندی بەسرە.
![عێراقییەکان مۆم دادەگیرسێنن لە مەیدانی تەحریری بەغدا لە شوێنی یادکردنەوەی سەفا سەرای، خۆپیشاندەر و چالاکوانێك کە لەلایەن چەکدارانەوە کوژرا لە تشرینی یەکەم. [دیارونا]](/cnmi_di/images/2020/08/17/25540-Iraq-Baghdad-activist-600_384.jpg)
عێراقییەکان مۆم دادەگیرسێنن لە مەیدانی تەحریری بەغدا لە شوێنی یادکردنەوەی سەفا سەرای، خۆپیشاندەر و چالاکوانێك کە لەلایەن چەکدارانەوە کوژرا لە تشرینی یەکەم. [دیارونا]
کۆمسیۆنەکە رایگەیاند كه شکست لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆسەر چالاکوانەکان و کەسایەتیە جەماوەرییەکان "هانی میلیشیاکانی دا هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگەکان بدەن و دژایەتی ئازادی رادەربڕین بکەن تا بەردەوامبن لە تاوانەکانیان".
کۆمسیۆنەکە جەختیکردەوە لەوەی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان "بەرپرسن لە پاراستنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی".
خۆپیشاندەران داوای دادپەروەری دەکەن
بەڕێوبەری نوسینگەی کۆمسیۆنەکە لە بەسرە، مەهدی تەمیمی وتی شەحمانی ماوەیەك چالاك بوو لە بزووتنەوەكهی خۆپیشانداندا لە بەسرە.
بە دیارونای وت رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکاندا و وتیشی پۆلیسی بەسرە و بهڕێوبهرێتی هەواڵگری و بهڕێوبهرێتی ئاسایشی نیشتمانی لێکۆڵینەوەیەکیان دهستپێكردووه لهم تیرۆركردنانه.
وتی کۆمسیۆنەکە "لەنزیکەوە بەدوای ئەو لێکۆڵینەوەیە دەچێت و بەهیوایە ئەنجامەکان بەخێرایی دەربخرێن" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە داواکاریی خەڵکی بەسرەشە.
خۆپیشاندان یەکشەممە لە ناوەندی بەسرە دەستیپێکرد و خەڵکهكه هاتنە سەر شەقامەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی شەحمانی، كه باوکی چوار منداڵ بوو، داوای سزادانی ئەوانەیان کرد کە بەرپرسن لەو کارە.
تەمیمی وتی بەرپرسیارێتی دەستگیرکردنی ئەنجامدەران دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا ئەمنیەکان "بەڵام ئێمە لە کۆمسیۆن دەمانەوێت حکومەت یاسا جێبەجێبکات و دادپەروەری بڕەخسێنێت".
وتیشی کۆمسیۆن داوای بەهێزکردنی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگریەکانیشی کرد بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و "بەتایبەتی چالاکوانان، چونکە ئەوان دەنگی کۆمەڵگان و داوای مافەکان و ژیانی شکۆمەندانەیان بۆ دەکەن".
وتی سزانەدانی ئەم تاوانانە وادەکات ژیان لە عێراق "ئهمین نەبێت".
پێش تیرۆرکردنی شەحمانی، ژمارەیەك چالاکوان و پیشەوەرانی میدیا کوژران کە پشتیوانییان لهو خۆپیشاندانانه دهکرد کە تشرینی یەکەمی رابردوو دەستیانپێکرد.
لەنێویاندا پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگر سەفا غالی، چالاکوان حسێن عادل و ژنەکەی، سارە تالب خۆپیشاندەر و کارمەندی تەندروستی جینان مازی شەحمانی، کە ناسرابوو بە ئوم جینات.