ئامانجی چەند هەوڵێکی تیرۆرکردن کە بەتەمەنەکانی خێڵ و عەشیرەتەکانیان لە ناوچەی دێرە زووری باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج، بهمهبهستی تێکدانی ئەمنیەت و هەوڵەکانی لەناوبردنی تیرۆریزمن، چالاکوانێکی ناوخۆ چوارشەممە (5 ئاب) بە دیارونای وت.
ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتهوه (هەسەدە) بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆنتڕۆڵکراوە.
چالاکوانێك بواری کۆمەڵایەتی و میدیا، عەمار سەڵاح بە دیارونای وت: "کەشی ناوچەکە بەگشتی پڕە لە بارگرژی لەکاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە داوادهكهن هەسەدە هەرچی زووە ئەنجامدەران بدۆزێتەوە."
وتی تۆمەتباری سەرەکی لەو تیرۆرکردنانەدا "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ە کە پێشتر بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی زیاتر لە هێرشێکی لە ئەستۆگرتبوو وەک وەڵامێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوان خێڵەکان و هەسەدە.
سەڵاح وتی فەرماندەی گشتی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی، بەمدواییانە پشتیوانی خێڵەکانی دێرە زووری بەدەستهێنا لەبەرامبەر هەوڵەکانیدا بەئامانجی بنهبڕکردنی تیرۆریزم و بەرەوپێشبردنی ناوچەکە.
دواهەمین کردەوەی تیرۆرکردنیش سەرکردەیەکی باڵای خێڵی ئەکەیدات، شێخ موتشهر حەمود حیفیلی کردە ئامانج، کە لەگەڵ شۆفێرەکەیدا کوژران کاتێک چەند چەکدارێک یەکشەممە لە خۆرهەڵاتی ناوچە گوندنشینەکانی دێرە زوور تەقەیان لە ئۆتۆمبیلەکەی کرد.
سەرکردەی خێڵی ئەکەیدات شێخ ئیبراهیم جەدعان حیفیل، کە ئەویش لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوو، لە هێرشەکەدا برینداربوو.
ئەمە سێیەمین هێرشی لەمجۆرەیە بەتەنیا لەم هەفتەیەدا.
لە 31 تەموز، عەلی وەیس، سەرکردەیەکی خێڵی بەکارە و موختاری گوندی زەحلە لە ناوچە گوندنشینەکانی دێرە زوور، لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوهوه بەسواری ماتۆڕەوە، تەقەیانلێکرا و کوژران.
رۆژێک پێشتر، سولەیمان کەسار، وتەبێژی ئەکەیدات، لە شاری بسەیرە لە ئۆپەراسیۆنێکدا تیرۆرکرا، کە داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی گرتەئەستۆ.
چالاکوانێكی بواری میدیای دێرە زوور، جەمیل عەبد وتی شەپۆلی تیرۆرکردنەکان هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتێکی هەماهەنگانەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەدژی هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
وتیشی هەڵمەتی دووبهرهكییانهی لەم جۆرە لەنێو خێڵەکان خۆیاندا لە ئارادابوو.
ههروهها وتی: "ئەوەی مایەی سەرنجدان بوو ئەوە بوو کە رژێم راستەوخۆ بەشداربوو لە هەڵمەتەکاندا... سوودی لەو دۆخە وەردەگرت كه لە ئارادابوو، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەندین کەس بیربکەنەوە لەوەی ئایا رژێم هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرکردنەکانەوە هەبووه یان تەنیا دەیەوێت سوود لە دۆخەکە ببینێت."
وتی: "ئامانجی ئەو هێرشانە نانەوەی پشێوی بوو لە دێرە زوور و تێکدانی ئەو هەوڵانەش کە ئامانجیانە ئەمنیەت و ئاشتی و پێشکەوتن بهێننە ئاراوە."