فیرقەی بەهاناوەچوونی خێرا سێشەممە (28 تەمموز) ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی تەواوکرد بۆ پاککردنەوەی قەزای ئەبو سەیدای پارێزگای دیالە لە پاشماوەکانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسێک وتی.
بەڕێوبەری راگەیاندنی فیرقەکە، موقەدەم عەبدولئەمیر محەمەداوی وتی هێزەکانی بەهاناوەچوونی خێرا، پێکەوە لەگەڵ سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و یەکەكانی حهشد، یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی بەرفراوانیان له گوند و باخەکانی ئەبو سەیدا دەستپێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە بەشێک بوو لە قۆناغی چوارەمی هەڵمەتی سەربازیی "پاڵەوانانی عێراق"، کە لە 11 تەمموز دەستپێکرا بۆ گەڕان و پشکنینی سەر سنووری ئێران -- لهنێویاندا ناوچەکانی خۆرهەڵاتی دیالە -- ئەو ناوچانەش کە هێزەکانی فیدڕاڵی لە پێشمەرگە جیادەکەنەوە.
ئەبو سەیدا جارجار دهستدرێژی ئهمنی بەخۆیەوە دهبینێت، لەنێویاندا هێرشی چەکداری، هاوهن، تیرۆرکردن و ئاگرخستنهوه لە باخەکاندا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا سێشەممە رایگهیاند كه گەڕان و پشکنین بۆ 66 گوند و باخ کراوە لە هەوڵەکاندا بۆ ئهمینكردنی قەزاکانی ئەبو سەیدا و موقدادیە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێزە ئەمنییەکان 10 حەشارگەیان ئاشکراکرد و 19 تەقەمەنی دەستکردیشیان لەناوبرد، كه سیانیان ماددهی تەقەمەنی کاریگەری C4یان تێدابوو.
بەیاننامەکە رایگەیاند كه دەستیشیانگرت بەسەر 20 موشەکی کاتیوشا، ئاڕپیجییەك، 11 هاوەن و چەندین جۆر چەک و تەقەمەنیدا.
رێگریکردن لە دزهكردنی داعش
محەمەداوی بە دیارونای وت قەزاکە بەتەواوی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پشكنرا.
وتی هێزەکانی عێراق سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە تۆمەتباربوون بە چاندن و تهقاندنەوەی تەقەمەنی دەستکرد و ئەنجامدانی هێرشی چەکداری بۆسەر ماڵان و هێزە ئەمنییەکان و هەروەها دانانی بۆسه.
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە "بە هاوكارییهكی گەورە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە" ئەنجامدرا.
ههروهها وتی گوندە کشتوکاڵییەکانی ئەبو سەیدا، وەک موخەیسە و ئەبو کهرمه، "ئێستا پارێزراون لەهەر مەترسی و هەڕەشەیەکی پاشماوەکانی داعش".
وتی لەکاتێکدا داعش هیچ مۆڵگهیهكی نەبوو لە قەزاکە، بەشێک لە پاشماوەکان چووبوونه نێو باخهكان و ئەو ناوچانەی دارودرهختی چڕیان تێدایه، بۆ خۆحەشاردان و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش كه ئهوانه "کردەی لێدە و ڕابکەی سنووردار" بوون.
ههروهها وتی مەترسیی ئەو چەکدارانە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت "سوپاس بۆ ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان بۆ پاککردنەوەی ئەبو سەیدا و پتهوكردنی ئەمنیەت لهوێ".
وتیشی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی فیرقەی بەهاناوەچوونی خێرا "سهپاندنی دهسهڵاتی دەوڵەت" و "رێگریكردنه لە ههموو خاوەندارێتییهكی نایاسایی چەک".