هێزەکانی عێراق دوو چەکداری "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دەستگیرکرد کە بەشداربوون لە هێرشێکدا کە بووە هۆی کوشتنی سەرکردەیەکی خێڵەکیی بەناوبانگ و چوار ئەندامی خێزانەکەی لە قەزای موقدادییەی پارێزگای دیالە لە هەفتەی رابردوودا.
وەزارەتی ناوخۆ دووشەممە (2 تشرینی دووەم) رایگەیاند کە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی 24 کاتژمێرییان ئەنجامدا و بووە هۆی دەستگیرکردنی "دوو تیرۆریست کە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیەکەی خەیلانییەدا".
لە 27 تشرینی یەکەم، چەکدارانی داعش شێخ عەلی فەزاڵە کەعبی، سهركردهی خێڵی کەعبییان سهربڕی لە گوندی خەیلانییە کە گوندێکی زۆرینەی سوننهیه.
چەکدارەکان لاشەی قوربانییەکەیان بۆمبڕێژكرد و كاتێك تهقییهوه چواری ئەندامی خێزانەکەی کەعەبی کوژران، دوای ئهوهی هەوڵیاندا لاشەکەی ببهنهوه.
داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی گرتەئەستۆ، كه سهركۆنهکردنێکی بەرفراوانی بهدوادا هات لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند كه چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش داواکرابوون بە تۆمەتی کردەوەی تیرۆریزم لهسهر بوونی پەیوەندیان بە داعشهوه و کارکردن لەگەڵ بەناو "سێکتەرەکانی کەرکوک و دیالەی ویلایەتی عێراقی داعش".
راشیگەیاند: "دەستگیرکراوەکان دانیاناوە بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا." ههروهها راشیگەیاند کە رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن بۆ وەرگرتنی سزاکانیان.
قائیمقامی قەزای موقدادییە، حاتهم تەمیمی وتی دەستگیرکردنەکە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی هێزە هاوبەشەکانی ئاژانسی هەواڵگری، پۆلیس، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و ئاژانسی دژەتیرۆریزم، کە لەدوای هێرشە تیرۆریستیەکەی خەیلانییە بهگهڕخرا.
بە دیارونای وت: "لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکان بهووردی بێستانەکان و گوندە دوورەدەستەکانیان شهنوكهو كرد لە موقدادییە."
وتی تا ئێستا چوار گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە لە نزیک شوێنی هێرشەکە بوون و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی خهڵكی ناوچەکە نین.
تەمیمی وتی ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەدەچێت "بە هەماهەنگییەکی ئاستبەرزانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە و پیاوانی خێڵەکی".
ناوچەکانی دەوروبەر مەترسیی ئەمنی دەهێننە ئاراوە
تەمیمی وتی: "هێرشە تیرۆریستییەکان هەفتەی رابردوو هانی هێزە ئەمنییەکانیان دا بۆ زیادکردنی هەوڵەکانیان و پێداچوونەوە بە پلانە ئەمنییەکانی قەزای موقدادییەدا، کە چەندین ناوچەی ئهمنییهت لاوازی تێدایه."
وتی لهوانه ناوچەکانی دەوروبەری رووباری دیالە و گوندەکانی موخهیسە لە ناحیەی ئەبو سەیدا، شهیخی و ئەبو خەنازیر.
وتیشی هێزە ئەمنییەکان چەند بنکەیەکیان لە چەند شوێنێکی ناوچەکە داناوە و ژمارەی هێڵەکانی بەرگرییان زیادکردووە و بەربهستی بەرگری و ئەرکەکانی چاودێریکردن و پشکنینیان زیادکردووە بۆ گەڕان بە دوای تیرۆریستان و پوچهڵكردنهوهی هێرشەکانیاندا.
ههروهها وتی ناوەندی قەزاکە سەقامگیرییەکەی ئهمنیی بەرچاوی بهخۆوه بینیوه ، "بەڵام کێشەکە لە ناوچەکانی دەوروبەرە، کە چەند بێستان و ناوچەی بەردەڵان هەن رێگریدەکهن لە ئەرکی چاودێریکردن و دەستگیرکردنی گروپە تیرۆریستییەکان".
وتی لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو گوندانە چۆڵکراون و دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون و وتیشی ئەمە یەکێکه لە ئاڵەنگارییە سهرهكیهکان، لەکاتێکدا ئەو ناوچانەی دانیشتوانێکی کەمتریان لێیە ئەگەری زیاتر هەیە درزی ئەمنییان تێبکەوێت.