هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

هەڵبژاردنەکانی سوریا زیاتر وەك گاڵتەجاڕی دەبینرێن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

پۆستەرەکانی کەمپینی کاندیدێكی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا لە شاری حەلەبی باکوری سوریا نیشاندەدرێن لە 15 تەمموز. [ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆستەرەکانی کەمپینی کاندیدێكی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا لە شاری حەلەبی باکوری سوریا نیشاندەدرێن لە 15 تەمموز. [ئاژانسی فرانس پرێس]

ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە مەنفا یەکشەممە (19 تەمموز) هەڵبژاردنەکانی نێو ناوچەکانی ژێردەستی رژێمی بە "گاڵتەجاڕی" ناوبرد لەکاتێکدا ملیۆنان کەس لە دەرەوە و ناوچەکانی ژێردەستی رژێم بەشداریی ناکەن.

هەڵبژاردنەکان لەکاتێکدان کە رژێمی سوریا رووبه‌ڕووی سزا نێودەوڵەتیەکان بۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئابورییه‌كی له‌ق، دوای گرتنەوەی نزیکەی لەسەدا 70ی وڵاتەکە بەپشتیوانی هاوپەیمانەکەی، روسیا.

زیاد لە 7,000 وێستگەی دەنگدان لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم کرانەوە، لەنێویاندا بۆ یەکەمینجار لە چەند شوێنێك کە پێشتر لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا بوون، وەك غوتەی خۆرهەڵات لە دەرەوەی دیمەشق و هه‌روه‌ها لە باشوری پارێزگای ئیدلیب.

چەندین لیست رێگەی خۆھەڵبژاردنیان پێدرابوو، بەڵام بەبێ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە، چاوەڕواندەکرێت حیزبی بەعسی سەرۆك بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی 250 کورسیەکەی پەرلەمان ببەنەوە.

کارمەندێکی حکومەت دەنگدەدات لە بنکەیەکی هەڵبژاردن لە ناوچەیەکی ژێردەستی رژێم. [خاوەنی وێنە: سەدا شەرقیە]

کارمەندێکی حکومەت دەنگدەدات لە بنکەیەکی هەڵبژاردن لە ناوچەیەکی ژێردەستی رژێم. [خاوەنی وێنە: سەدا شەرقیە]

کەسایەتی باڵای ئۆپۆزسیۆن ناسر حەریری بە ئاماژەکردن بەو رۆژه‌ی باوکی ئەسەد، حافز ئەسەد، بووە سەرۆك، وتی: "رژێمه‌كه‌ لەوکاتەوەی دەسەڵاتی گرتەدەست 50 ساڵ لەمەوبەر هیچ هەڵبژاردنێكی [راستەقینە]ی بەخۆوە نەبینیووە."

وتی: "هەرشتێك بە هەڵبژاردن ناوببرێت لەژێر دەسەڵاتێکی ئەمنی و سەربازیدا بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی ساختە بۆ پاوانکردنی رژێم بۆ دەرکردنی یاسا و خزمەتکردن بە دەسەڵاتی باندئاسا جێگەی گاڵتەجاڕییە."

وتی "ئەوەی لەمڕۆدا گۆڕاوە ئەوەیە نیوەی خەڵكی سوریا ناچارکراون بە هەڵاتن،" لە شەڕێکدا کە زیاد لە 380,000 كه‌سی تێدا كوژراوه‌ و ملیۆنانیش ئاوارەبوون.

زۆربەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له‌ سوریا لە تاراوگه‌یه‌ و ملیۆنان سوری لە دەرەوە دەژین دوای هەڵاتنیان لە تووندوتیژی و ناتوانن دەنگ بده‌ن.

کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن، عوبه‌یدە نەحاس باسی لە هەڵبژاردنەکان کرد وەك "گاڵتەجاڕییەکی بێڕووانە" و وتی رەنگدانەوەی بۆچوونی زۆرینەی خەڵك یان "مانای راستەقینەی دیموکراتییان نییە".

هەڵبژاردنەکان رەواییان نییە

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت هەڵبژاردنەکە رەوایی جەماوەری و یاسایی نییە.

وتی رێژەی بەشداربوون زۆر نزم بوو، چونکە زۆرێك لە سوریا ئاوارەن بەهۆی شەڕەوە یان لە وڵات هەڵاتوون.

وتیشی بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەمکاتەدا تەواو جێی گومانە و ئاماژەیکرد بەوەی چەند سورییەکی کەم بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنه‌كه‌دا کرد و زۆربەیان ئەوانە بوون کە سەر بە گروپە سیاسیەکانی نزیك بە ژرێمن.

وتی هەربۆیە دەنگدانەكه‌ رەنگدانەوەی ویستی راستەقینەی خەڵك نییە.

بەسام ئاماژەیکرد بەوەی 1,656 کاندید به‌شدارییانكرد لە هەڵبژاردنەکاندا، بەراورد بە 11,341 لە هەڵبژاردنی پێشوودا، کە وتی رەنگدانەوەی بەشدارینەکردنه‌ نەك تەنیا لەلایەن دەنگدەرانەوە بەڵکو لەلایەن کاندیدەکانیشەوە.

وتیشی سوربوونی رژێم لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەوڵێكە تا رەوایی بەخۆی بدات، کە لەدەستیداوە لە ئەنجامی بەشداریکردنی راستەوخۆیدا لە کوشتن و بریندارکردن یان ئاوارەکردنی ملیۆنان سوریدا.

وتی تەنانەت ئاستی بەشداریكردن لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمیشدا زۆر نزم بوو، چونکە وڵاتەکە دەناڵێنێت بەدەست بێکاری، نرخی زۆر بەرز، نەمانی دەسەڵاتی کڕین، نەبوونی ئاسایش و تۆڵەکردنەوەی بەردەوامی نێو گروپە رکابەرەکانەوە.

لەم مانگەدا ئەسەد پێینایە 20هه‌مین ساڵی سەرۆکایەتیەوە، چەند هەفتەیەك دوای ئەوەی ئەمریکا چەندین سزای ئابوری سه‌پاند بەسەر خۆی و ژنەکەیدا.

وەزیری دەرەوە، وەلید موعەلیم، مانگی پێشوو وتی ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە "تا ئەوکاتەی سوریەکان بیانەوێت بمێنێتەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500