دەسەڵات گرتنە دەستی بەشاری ئەسەدی سەرۆکی سوریا دوای سێ دەیە لە فەرمانڕەوایی ئاسنینی باوکی، هیوای کرانەوەی دیموکراتیی زیادکرد. بەڵام 20 ساڵ دواتر، سوریا گۆشەگیرە و وێرانبووه به شەڕ.
بەهۆی داڕوخانەوە لەژێر لاوازبوونی تووندی ئابوری و سزاکان و نۆ ساڵ شەڕدا، سوریا زۆر دوورە لەو دیدگایەی ئەسەد نیشانیدا کاتێك سەرۆکایەتی وەرگرت مانگێك دوای مەرگی باوکی، حافز ئهسهد، لە 10 حوزەیرانی 2000.
فەیسەڵ عیتانی لە ناوەندی سیاسەتی جیهانی وتی: "لە قۆناغەکانی سەرەتادا ترسێكی زۆر هەبوو، چونکە چەند دەیەیەك بوو سوریا ئەزمونی گۆڕانکاریی ئاشتیانەی دەسەڵاتی نەکردبوو، خەڵک تەنیا حافز ئەسەدیان بینیبوو."
بەڵام "هەرزوو ئهمه كاڵبووهوه چونکە بەشار جێگیربوو، تیشكێكی مۆدێرن و لاوانە و کرانەوەی دەبەخشیەوە."
بهشار کە بە 34 ساڵی سوێندی سەرۆکایەتی خوارد، دکتۆری چاوە و لە لەندەن خوێندوێتی و پرشنگی ئهوهی دهدا کە چاکسازێکە دەتوانێت بەشێوەیەکی ریشەیی سیاسەتی سوریا بگۆڕێت لەڕێی بەلیبراڵکردنی ئابوری و کرانەوەیهكی سنووردار بهڕووی خۆرئاوادا.
بۆ ماوەیەکی کورت دوای ئەوە وەك تاکە کاندید دەنگی پێدرا و سوریا گوژمێك له گفتوگۆ و چالاکوانیی سیاسی بهخۆوهبینی، دوای نزیکەی 40 ساڵ لە یاسای دۆخی کتوپڕ.
پسپۆڕهكی سوریا، دانێڵ نیپ، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج تاون، وتی: "بەشار ئەسەد کاراکتەرێکی زۆر جیاواز بوو لە کەسایەتیەکانی دیکەی رژێم."
نیپ وتی: "لە وڵاتێکدا کە هیچ کرانەوەیەکی سیاسی و ئابوری بەخۆوە نەبینیبوو لە زیاتر لە دەیەیەکدا، دەسەڵاتگرتنە دەستی بەشار بۆ سەرۆکایەتی وادیاربوو ئاماژەبێت بە بەڵێنی چاکسازییهك کە دەبوو زۆر زووتر بکرایە."
'بیرۆکەی لیبراڵکەر زوو مرد'
لە ئەیلولی 2000، نزیکەی 100 رۆشنبیر داوای چاکسازییان کرد، لەنێویاندا لادانی دۆخی کتوپڕ، ئازادییە گشتیەکان و فرەیی سیاسی، لە ههوڵێكدا کە بە بەهاری دیمەشق ناسرا.
عیتانی وتی: "بیرۆکەی ئەوەی بەشار لیبراڵکەرە هەر زۆر خێرا مرد."
لە هاوینی 2001، دای بەسەر ناڕهزایی دهربراندا. بەڵێنی بەلیبراڵکردنی ئابوریش پوکایەوە چونکە سامان بەتایبەتی لەدەستی یاریدەدەرانی رژێمدا بوو.
عیتانی وتیشی: "بیرۆکەی 'ئابوری بازاڕی سۆشیال'ی بەشار وادەرکەوت هاوکێشەیەك بێت بۆ گەندەڵییهكی چڵێس لەنێو بازنەی ناوهوهی بەشاردا."
"نایەکسانی ئابوری قووڵبووهوە و زۆرینەی چینی ناوهڕاست و دانیشتوانی گوندهكان کەوتنە هەژارییهكی سەختەوە."
چەوسانەوەیەکی دڕندانەی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت لە 2011 و ئەو شەڕەی زیاد لە 380,000 کەسی تێدا کوژراوە و بە ملیۆنانی تێدا ئاوارە بووە، رەوایی نێودەوڵەتیی بهشاری نەهێشتووە.
کۆمەڵێك سزا کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراون، کە دواههمینیان لەم مانگەدا جێبەجێدەکرێت، بوونەتە هۆی هێندەی تر تووندكردنی قەیرانێكی ئیفلیجكهری ئابوری.
زۆرینەی خەڵك لە هەژاریدا دەژین و لیرەی سوری نزمترین ئاستی بەخۆوە بینیووە بەرامبەر دۆلار کە بۆتە هۆی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم لەکاتێکدا تووندوتیژی لەو ناوچانە نابڕێت كه ئامادە نین بچنە ژێردەستی ئەسەدەوە.
ئابوری سوریا وردوخاش بووە
ئابوریناسێكی سوری، مەحمود مستەفا بە دیارونای وت نرخەکان یهكجار بەرزدەبنەوە لە هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن رژێمی سوریاوە کۆنترۆڵکراون، دوکانەکان داخراون و زۆرێك لە شمەکە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکاندا نەماون.
وتی دوایین بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکرێت وەك "شێتانە" لهقهڵهمبدرێت و ئاماژەیکرد بەوەی نرخی هەندێك لە شمەکەکان بەڕێژەی لهسهدا 300 بەرزبۆتەوە.
وتیشی هاوکات، رێژەی گۆڕینەوەی دراو بەرامبەر دۆلار لە 3,000 لیرەی سورییهوه بەرامبەر دۆلار تێپەڕیوە و تەنانەت لە هەندێك ناوچە گەیشتۆتە 3,500 لیرە بەرامبەر یەك دۆلار.
مستەفا وتی ئەم رێژانە وایکردووە بازرگانەکان چیتر شمەك و کاڵا نەنێرنە بازاڕەکان و ئاماژەیکرد بەوەی دوکانەکان هەرجۆرێك بن، بەتایبەتی ئەوانەی خواردن دەفرۆشن، دەرگاکانیان داخستووە، لەگەڵ چەندین نانەواخانە.
وتی دوایین بەرزبوونەوەی نرخ زۆرێك لە سوریەکانی خستۆتە ژێر هێڵی هەژارییەوە بەوەی توانای کڕینی زۆر کەمکردوونەتەوە.
وتی هاوکات، رژێمی ئەسەد "هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ وەستاندنی بەرزبوونەوەی نرخەکان" و لەجیاتی ئەوە بڕیارێکی دەرکردووە بۆ داخستنی دوکانەکانی گۆڕینەوە و حەواڵەکردنی دراو، کە بڕیارێکی زیاندەرە لە چالاکی ئابوری.
وتیشی ئەمە ئهو حهواڵه مانگانانەی دراوی بەهاداری راوهستاند كه لە خەڵکانی تاواوگهوه دههاتن بۆ هەزاران خێزان کە پشتیان بهوه بهستووه و بڕی دراوی بەهاداری نێو بازاڕەکانی تاڕادەی نەبوو نزمکردەوە.
ئەمەش لەبەرامبەردا بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان و بەهای لیرەی زۆر نزمکردەوە.
مستەفا وتی ئەم دۆخانە وایانکرد کاریگەریی بۆسەر بنکەی جەماوەریی رژێم هەبێت، چونکە ناڕەزایی دەستیکردووە بە دەرکەوتن تەنانەت لە ناوچەکانی پشتیوانی رژێمدا، وەك لازقیە و دیمەشق، لەگەڵ پارێزگاکانی باشوری دەرعا و سوەیدا.
'شکستێكی ستراتیژی و ئابوری'
سوریا لەژێردەستی ئەسەدا پێگەی خۆی وەك کاراکتەرێکی گرنگی ناوچەیی لەدەستداوە و ئێستا زیاتر وەك پشتبەستوو بە روسیا و ئێران دەبینرێت، لەگەڵ پشتبەستن بە میلیشیاکانی سەر بە تاران، لەنێویاندا حیزبوڵای لوبنانی.
نیپ وتی: "حافز هەمیشە سوریای سەربەخۆ هێشتبووهوە لە دەستێوەردانی بیانی. بەشار بۆتە دەستکەلای هێزە دەرەکیەکان بۆ هێشتنەوەی رژێمەکەی خۆی بەسەلامەتی."
"ئەوەی ئێستا دەیبینین شێوەیەکی سهیری دەسەڵاتی سیاسی گرێبەستکراوە کە نمونەی نەبووە لە سیاسەتی مۆدێرنی سوریادا."
عیتانی وتی: "سوریای بەشار ئەسەد شکستێکی ستراتیژی و ئابورییە." پێشبینی ئەوەی کرد كه لە دەیەی سێیەمی دەسەڵاتیدا، وڵاتەکە "دهبێته پاشماوهیهكی ههژار له رابردووی خۆی".
وتی ناکۆکیەکان هاوپەیمانێتیە کۆنەکانیشیان لاوازکردووە، وەك دەبینرێت لە دوایین ناکۆکی نێوان ئەسەد و گەورە دەوڵەمەندی ئامۆزای، رامی مەخڵوف کە مانگی رابردوو لەلایەن دەوڵەتەوە فەرمانی دەستبەسەراگرتنی سامانەکەی دەرکرا.
عیتانی وتی: "بەشار وەك حافز وایە لە تووندی و توانایدا بۆ پاراستنی کرۆکی رژێمەکە بەسهلامهتی. بهڵام هێندەی حافز كارامه یان شانسدار نییە."