کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاریی تەواوکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12 ئایار و چاودێری کەمپینی کاندیدەکان و پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردن دەکات.
بەرپرسی کارگێڕیی هەڵبژاردن له کۆمسیۆنهكه، ریاز غازی بەدران، وتی: "هەموو ئامادەکارییەکی لۆجستی و تهكنیكیمان تەواوکردووە بۆ هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە رێکخستنی شێوازی دەنگدان و ژماردنی دەنگهكان و [تەواوکردنی] ئەنجامەکان."
بەدران بە دیارونای وت: "هەموو ئامێرێكی پێویست بۆ دەرکردنی کارتی دەنگدان و کارتی ناسنامەی بایۆمەتری دەنگدەر و ژماردن و جیاکردنەوەی سندوقی دەنگدان کڕدراون، لەگەڵ هەموو كهرهسه و شمەکێکی پێویست."
کۆمسیۆنەکە 4,000 کارمەندی هەیە و راهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و چاودێریکردنی هەموو بوارەکانی رۆژی هەڵبژاردن.
وتی کۆمسیۆنهكه "1,079 ناوهندی هەڵبژاردنی دامەزراندووە و 59,800 وێستگەی دەنگدانی هەیە لە دەرەوەی عێراق" و ئاماژەشیکرد بەوەی دەنگدان لە دەرەوە 10 ئایار ئەنجامدەدرێت.
تۆمارکردنی دەنگدەران
کۆمسیۆن لە ئەیلولی 2014 دەستیکرد بە گۆڕینی تۆماری سەر كاغهزی دەنگدەران بو کارتی بایۆمەتری و لەوکاتەوە تائێستا ئەم کارتەی بۆ نزیکەی 21 ملیۆن دەنگدەر دەرکردووە.
کارتی دەنگدان بۆ نزیکەی 3.5 ملیۆن هاوڵاتیش دەرهێنرا کە پێشتر تەمەنی یاسایی دەنگدانیان نەبوو (18) لە هەڵبژاردنی پێشتردا کە نیسانی 2014 ئهنجامدرا.
بەدران وتی کارتەکان کراون بە سیستمی ناساندنی بایۆمەتری، کە "گرتنی وێنە و پەنجەمۆری دەنگدەر لەخۆدەگرت لەکاتی نوێکردنەوەی کارتەکەدا بۆ رێگرتن لە دهستكاریكردن و ساختەکاری لەکاتی هەڵبژاردندا".
وتی تا کانونی یەکەم، 11 ملیۆن دەنگدەر کارتەکانیان نوێکردبۆوە و ئاماژەشیکرد بەوەی "پرۆسەی نوێکردنەوەمان تەواوکردووە".
بەدران وتی کارتی دەنگدان بۆ نزیکەی 2.1 ئاوارە دروستکراوه کە مافی دەنگدانیان ههیه.
چاودێری هەڵمەتی هەڵبژاردن
ستافی کۆمسیۆن چاودێری هەڵمەتی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و لیستە سیاسییەکانیش دەکەن، کە 14 نیسان دەستیپێکرد.
وتیشی لیژنەی ناوەندی کۆمسیۆن و لیژنە لاوەکیەکان کاردەکەن بۆ دڵنیاییدان لەوەی هیچ پێشێلکارییەکی یاساکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ژمارە 11 ساڵی 2018 روونادات.
وتی سزای نێوان دوو تا پێنج ملیۆن دینار (1,687 بۆ 4,219 دۆلار) سەپێنرا بەسەر 80 کاندید و لیستدا بۆ کردەی نایاساییان، کە زۆربەیان لهسهر دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو پێش ماوەی فەرمیی دیاریکراوی خۆی.
بەڕێوەبەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، هۆگر چەتۆ، وتی کۆمسیۆن بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێدەکات "بەگوێرەی خشتەیەك بۆ قۆناغهكانی کارەکانی".
چەتۆ بە دیارونای وت: "قۆناغی پهسهندكردنی ناوی کاندید و قەوارەکان کۆتایی هاتووە و کۆمسیۆن لەئێستادا لە قۆناغی چاودێری هەڵمەتی هەڵبژاردنی کاندیدەکاندایە."
ئەم کارە رۆژێك پێش هەڵبژاردن کۆتایی دێت، پێش دەستپێکی پرۆسەی دەنگدان.
پرۆسەی هەڵبژاردن
چەتۆ وتی: "کۆمسیۆن پشت بە سیستمێکی تەکنەلۆژی پێشکەوتوو دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە، كه گۆڕینی کارتی دەنگدەر بۆ ناسنامەی بایۆمەتری بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناو و زانیاری تاکەکەسی دەنگدەر و کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و ئەنجامی دەنگەکان لهخۆدهگرێت."
روونیشیکردەوە كه تۆڕی شەمس "بەرپرسە لە بەدواداچوونی خشتەی کارەکان، بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستگۆیی هەموو بوارەکانی کاری هەڵبژاردنەکان".
وتیشی هەروەها گرنگیدهدات بە "چاودێریكردنی هەر پێشێلکارییەکی یاسا و رێنماییەکان لەلایەن کاندیدەکانەوە، وەك هەڵواسینی پۆستەری هەڵبژاردن لەو شوێنانهدا كه پێچەوانەی رێنماییهكانن، قۆستنەوەی پلهوپایهی حکومی له هەڵمەتهكهدا، بەکارهێنانی گوتاری كینهئامێز یان هاندان یان ململانێی ئێتنی".
کاندیدی لیستی هەڵبژاردنی وەتەنیە، نەدا جبوری، وتی کۆمسیۆن خەریکی "کارێکی نایابە لە ئامادەکارییدا بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن" و "هەوڵێکی بێوێنە دەدات بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا".
"دڵنیایی لەلایەن کۆمسیۆن و حکومەتەوە دراوه بەوەی کە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئاسانکاری و دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاك دەکرێت کە رەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی خەڵك دەبێت."