زیاد لە دە چەکداری سەر بە ئێران كه لەسەر هێرشێکی موشەکی پلان بۆ دانراو دەستگیرکرابوون دووشەممە (29 حوزەیران) ئازادکران.
هێزەکانی دژە تیرۆریزم 14 ئەندامی کەتائیب حیزبوڵڵایان دەستگیکرد لە درهنگانێكی پێنجشەممەدا بە گومانی پلاندانان بۆ هێرشێکی موشەکی بۆسەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و وڵاتانی دی و باڵەخانەکانی دەوڵەتی لێیە.
بەڵام تۆمەتباران هەرزوو دران بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە رێکخراوێکی چەتره بۆ چەند گروپێکی میلیشیای عێراق و بەناو یەکخراوە لهناو دەزگای دەوڵەتدا.
وتەبێژی سەربازیی کەتائیب حیزبوڵا، جەعفەر حوسێنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت كه دووشەممە دادوەرێکی عێراق بڕیاریدا واز لە کەیسەکە بهێنرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی حەشدی شەعبی ئازادکردنی چەکدارەکانی پشتڕاستکردەوە، هەرچەندە بەرپرسێکی حکومەت وتی یهكێكیان هێشتا دەستبەسەرە.
بەرپرسەکە وتی 13 لە 14 لهو چهكدارانه بە کەفالەت ئازادکراون، بەڵام جەختیکردەوە لەوەی تۆمهتهكان نەکشێنراونەتەوە.
بەرپرسەکە وتی: "ئەو دەستبەسەرەی هێشتا لە زینداندایە بەڵگەکان بێ نکۆڵی لێکردن ئاماژەی پێدەکەن."
بەگوێرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سکاڵای دەستگیرکردن بۆ 14 کەسەکە بەگوێرەی یاسای دژە تیرۆریزمی وڵاتەکە بووە، کە سزای مەرگیشی تێدایە.
وتیشی هێزەکانی دژە تیرۆریزم دەستیشیانگرت بەسەر دوو موشەکهاوێژدا لەکاتی هەڵکوتانەسەرەکەدا وەك بەڵگەی هێرشە پلان بۆ دانراوەکە.
دوای ئەوەی دووشەممە چەکدارهكانی ئازادکران، کەتائیب حیزبوڵڵا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە لەوەی هەرگیز چەكهكانی "رادەستناکات، سنووردارناكات یان ژمارهیان دیاریبكات" بۆ دەوڵەتی عێراق.
لە تشرینی یەکەمەوە، نزیکەی سی هێرشی موشەك هێزهكان و دبلۆماتکارەکانی ئەمریکایان کردۆتە ئامانج و سێ ئهندامانی سەربازیی ئەمریکا و یهكێكی بەریتانییان لە عێراق کوشتووە.
ئەمریکا کەتائیب حیزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی هێرشهكان و بنکەکانی کەتائیبی بۆمباران کردووە لە سهرانسهری عێراقدا، وەك تۆڵەکردنەوە.