هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق و بانکی جیهانی بەرنامەی پشتیوانی بۆ هەژار و بێکاران بەگەڕدەخەن

خالید تائی

بەرپرسانی عێراق لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ نوێنەرانی بانکی جیهانی کۆدەبنەوە لە 4 حوزەیران بۆ تاووتوێکردنی بەرنامەی پشتیوانی بۆ ئه‌و کەسانه‌ی لەڕووی ئابورییەوە لاوازن و ئه‌و گروپە کۆمەڵایەتییانه‌ی پەراوێزخراون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

بەرپرسانی عێراق لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ نوێنەرانی بانکی جیهانی کۆدەبنەوە لە 4 حوزەیران بۆ تاووتوێکردنی بەرنامەی پشتیوانی بۆ ئه‌و کەسانه‌ی لەڕووی ئابورییەوە لاوازن و ئه‌و گروپە کۆمەڵایەتییانه‌ی پەراوێزخراون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

نوێنەرانی حکومەتی عێراق و بانکی جیهانی تاووتوێی چەند بەرنامەیەکی هاوبەش دەکەن بەمەبەستی پشتیوانی گروپە کۆمەڵایەتیە لاوازەکان.

ئەو دوو لایەنە لە سەرەتای حوزەیران پلانێكیان واژۆکرد بۆ کاری دوولایەنەی "ستراتیژی" بە تەرکیز خستنە سەر دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پشتیوانیكردنی کەسانی نەشارەزا بۆ یارمەتیدانیان تا ببنە ئەندامی بەرهەمداری کۆمەڵگە.

بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرێتی کار و راهێنانی پیشەیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رائید جەبار باهیز وتی پلانەکە 200 ملیۆن دۆلار لەخۆدەگرێت لە قەرزی بانکی جیهان بۆ عێراق بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامێکی دۆخی کتوپڕ بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیری و خۆڕاگری.

وتی: "ئەم پلانە چەند بەرنامە و چالاکییەکی تێدایە بەمەبەستی پشتیوانیکردنی توێژە ئاستەنگدارەکانی کۆمەڵگە یان ئەوانەی لەدۆخی ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەوانیدی کە بێكارن و پشت بە کۆمەکی نێودەوڵەتی دەبەستن بۆ پەیداکردنی بژێوی."

ژنانی عێراق فێری چنین دەبن لە شوێنکارێکی حکومیدا لەم وێنەیەدا کە 23 تەمموز 2019 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وینە: بەڕێوبەرێتی کار و راهێنانی پیشەیی]

ژنانی عێراق فێری چنین دەبن لە شوێنکارێکی حکومیدا لەم وێنەیەدا کە 23 تەمموز 2019 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وینە: بەڕێوبەرێتی کار و راهێنانی پیشەیی]

بە دیارونای وت لەنێو ئەم بەرنامانەدا "تۆڕی سەلامەتی خۆڕاگری" هەیە کە ئامانجی راستەوخۆ بەهێزکردنی پاراستنی نیشتمانی و تۆڕەکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیە بە دەستڕاگەیشتن بە هەژارترین هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانیان.

باهیز وتی بەرنامەی "پاره‌ بەرامبەر کار" رێگەیەکی کارای دیکەیە بۆ لەخۆگرتنی لاوانی بێکار بە دروستکردنی چەند دەرفەتێکی کار بۆیان کە شاره‌زاییان برەوپێدەدات لە پرۆژەکانی ژێرخان و بنیاتنانەوەدا بەرامبەر به‌ موچەیەکی دیاریکراو.

وتیشی پلانەکە بەرنامەیەکی "زیندووکردنەوەی ئابوری"یش له‌خۆده‌گرێت، کە دادەنرێت بە گرنگترین، نەك تەنیا بۆ سوودمەندان بەڵکو بۆ ئابوری نیشتمانیش.

بەگوێرەی باهیز وەزارەتی کار هەوڵدەدات بەرنامەکە وەك تاقیکردنەوە بخاتەگەڕ پێش گەشەپێدانی پلانێك بۆ فراوانکردنی لە داهاتوودا.

سەرەتا نزیکەی 1,000 کەس هەڵدەبژێردرێن لەو خێزانانەی موچەی کۆمەکی مانگانەیان پێدەگات لە دەوڵەتەوە تا لە خولێکدا بەشداریبکەن بۆ برەودان بە تواناکانیان.

وتی هەروەها قەرزیشیان پێدەدرێت بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی کاری بچوك.

ئەم جۆرە بەرنامەیە، بەگوێری باهیز، لە چەندین وڵات ئەنجامدراوە لەنێویاندا یەمەن و لوبنان و تورکیا و ئەنجامی ئەرێنی هەبووە. گەر بەهەمەمانشێوە لە عێراقیش سەرکەوتووبێت، دەکرێت فراوانبکرێت بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتر لە سوودمەندان.

وتیشی بەرپرسانی وەزارەت بەردەوامن لە گفتوگۆکان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی جیهانی بۆ بەگەڕخستنی هەموو ئەم بەرنامانە لە چوارچێوەی پلانی کاری ستراتیژیدا لە ماوەی سێ ساڵدا.

گۆڕینی ئابوری عێراق

پسپۆڕان دەڵێن چاکسازی ئابوری و کارڕاییکردنی کارگێڕی زۆر پێویستن بۆ دڵنیاییدان لەوەی ئەم بەرنامەیە شکستناهێنیت و هەوڵەکان ناپوکێنەوە.

مامۆستای زانستی ئابوری لە زانکۆی عێراقیە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی پشتیوانی دارایی بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر پلانێك و بانکی جیهانی لە 2004 وە بەشدارییكردووه‌ له‌ پاره‌دان به‌ عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا.

وتی: "گرنگتر لەوەش پێوسیتی بەڕێوەبردن و چاکسازیی کارایە کە تەریب بێت بە پلانەکانی گەشەکردن و پشتیوانی مرۆیی تا پرۆژەی دواخراو و بندیوار زیادنەکەین لە وڵاتێکدا کە هەنوکە 10,000 پرۆژەی لەوجۆرەی تێدایه‌."

مەشهەدانی بە دیارونای وت گرنگە چەند پلانێکی شیاو بەگەڕبخەین بۆ ئەو بەرنامانە بە ئەنجامدانی توێژینەوەی قوڵ بۆ خۆلادان لە گشت بیرۆکراتیە کارگێڕی و گەندەڵییەکان.

وتی گەر پرۆگرامەکە بە هاریکاری بانکی جیهانی سەرکەوتوو بوو، یارمەتی خەڵکی هەژار دەدات خۆیان لەم دۆخە سەختە ئابوریەدا رابگرن و ئابوری دەژێنێتەوە.

هەروەها بەگوێرەی مەشهەدانی یارمەتی "کەمکردنەوەی فشاری دارایی دەدات لەسەر دەوڵەت و فه‌رمانبه‌رانی، کە لە دوو دەیەی رابردوودا فووی تێکراوە لە 1 ملیۆنەوە بۆ 4.5 ملیۆن کارمەندی حکومەت".

شیکاروانی ئابوری، باسم جەمیل ئەنتوان وتی نابێت حکومەت تەنیا تەرکیز بخاتە سەر توێژە هەژارەکان، بەڵکو ئەوانەش کە داهاتێکی سنوورداریان هەیە یاخود بەشێكن لە ئابوری بازاڕی کاری کاتی، چونکە ئەوانیش پێویستیان بە پشتیوانییە.

بە دیارونای وت: "پێویستە بەرەو بنیاتنانی توانای سوودمەندان بڕۆین بەو شاره‌زاییانه‌ی پێویستیانە لە بازاڕی کاردا و یارمەتییان بدەین پرۆژەی کارەکانیان بەگەڕبخەن و گەشەپێبدەن تا بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵببن."

وتیشی ئەم پشتیوانیە "یارمەتی گۆڕینی ئابوری عێراق دەدات لە کرێگرتەییەوە (ره‌یعی) بەرەو بەرهەمهێنەر و بناغەی گەشەسەندن دادەنێت لەگەڵ کەرتێکی تایبەتی رەنگاوڕەنگ کە دەکرێت بێکاری نەهێڵێت و هەژاری کەمبکاتەوە".

ئەنتوان وتی: "لەژێر رۆشنایی زیادبوونی گەشەی جەماوەریدا لە عێراق، کە گەیشتۆتە له‌سه‌دا 3، پێویستە دەستبکەین بە هەموو هەوڵەکانی گەشەسەندن و کۆمەك و ئامرازی پێویست دابینبکەین لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای دەزگاکانی دەوڵەتدا بۆ باشتر بەڕێوەبردنی گەشەپێدان و شەڕکردن دژی گەندەڵی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

من بێكارم.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌