هه‌واڵه‌كانی عێراق
بزنس

مەکۆیەکی ئینتەرنێت پشتیوانیدەکات له‌ وەبەرهێنان بۆ بنیاتنانەوەی نەینەوا

خالید تائی

پارێزگاری نەینەوا، نەجم جەبوری و بەرپرسانی دیکە لە وێرکشۆپێکی پرۆژەی تەکامول کە لە هەولێر بەسترا لە تەمموزی 2020. [خاوەنی وێنە: تەکامول]

پارێزگاری نەینەوا، نەجم جەبوری و بەرپرسانی دیکە لە وێرکشۆپێکی پرۆژەی تەکامول کە لە هەولێر بەسترا لە تەمموزی 2020. [خاوەنی وێنە: تەکامول]

پرۆژەی تەکامول، کە لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نیودەوڵەتی [یوئێس ئەید] و حکومەتی خۆجێی نەینەواوە بە هاوبەشی پشتیوانی دارایی دەکرێت، لەئێستادا تەواو لەکاردایە و پشتیوانی ده‌كات له‌ هەوڵەکانی بنیاتنانەوە.

پارێزگای نەینەوا هەوڵدەدات ئابوریەکەی ببوژێنێتەوە دوای داڕوخانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە 2014 بۆ 2017.

پرۆژەی تەکامول لە 6 ئاب ماڵپەڕێکی خستەگەڕ بۆ هاندانی وەبەرهێنان و بنیاتنان لە پارێزگاکە. ماڵپەڕەکە چەردەیەك لە زانیاری دەبەخشێت، لەنێویاندا داتای دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەی بچوك و مامناوەندی.

ئەو مەکۆ دیجیتاڵیە راهێنان و پشتیوانی ته‌كنیكی دابینده‌كات بۆ باشترکردنی کارڕاییکردنی گشتی لە قۆناغەکانی پلاندانان و بەگەڕخستن و بەبازاڕکردندا. ئەمە بە لەخۆگرتنی چەند پلانێکی کار دەکات کە گه‌رەنتی فراژووبوون و گەشەپێدانی پرۆژەکان دەکات.

کاری بیناسازی لە موسڵ لە تەمموز. [خاوەنی وێنە: دەزگای وەبەرهێنانی نەینەوا]

کاری بیناسازی لە موسڵ لە تەمموز. [خاوەنی وێنە: دەزگای وەبەرهێنانی نەینەوا]

بەڕێوبەری دەزگای وەبەرهێنانی نەینەوا، عەلی عەواد ساڵح بە دیارونای وت ئەو مەکۆ دیجیتاڵیە دوایینه‌ لە زنجیرەیەك دەستپێشخەری له‌لایه‌ن پرۆژەی "تەکامول"ه‌وه‌.

دەستپێشخەریەکانی دیکە بریتین له‌ دەستپێشخەریی رێخۆشکردن بۆ وەبەرهێنان له‌ نەینەوا و ئەنجامدانی چەند کۆڕبەند و وێرکشۆپێکە بۆ پسپۆڕان و ئەندمانی حکومەتی خۆجێی و وەبەرهێنەران.

کۆڕبەندەکان مەبەستیان یارمەتیدانی گەشەکردنی چالاکی ئابوری و کەرتی تایبەتە، لەگەڵ پشتیوانیکردنی چاکسازییە کارگێڕی و یاساییەکان و بەهێزکردنی چەمکی فەرمانڕەوایی.

ساڵح وتی ئامرازەکانی میدیای دیجیتاڵ و بەبازاڕکردن لە شێوازە سەرەکیەکانی دڵنیاییدانە لە دابینکردنی زانیاری پێویست بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە نەینەوا وەبەرهێنان ئەنجامبدەن.

وتیشی: "دوای بەگەڕخستنی ماڵپەڕەکە، تەلەفۆنەکانی دەزگای وەبەرهێنانی نەینەوا دەستیان بە زەنگلێدان کرد. کۆمپانیا و خاوەنکارە وەبەرهێنەرەکان پەیوەندییان دەکرد تا پرسیار دەربارەی دەرفەتەکان بکەن و گفتوگۆی شێوازەکانی پرۆژە هاوبەشەکان و هاوبەشییەکان بکەن."

بە دیارونای وت: "مەکۆکە پشتیوانیی ریشەیی دەبەخشێتە هەوڵەکانمان بۆ بوژاندنەوەی پارێزگاکەمان."

'شێوازێکی یەکانگیر پێویستە بۆ راکێشانی وەبەرهێنان'

بەگوێرەی ساڵح، نەینەوا بەردەوام تووشی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە بۆ وەبەرهێنان، وەك رێسا و رێنمایی زۆر و زەبەند کاتێك داوای مۆڵەت لە وەزارەتەکان دەکرێت بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان.

وتی پارێزگاکە دەبێت کارئاسانی کارگێڕیی کارڕاییکردنی پرۆژەکان بکات بە دروستکردنی نەخشەڕێگەیەکی یەکانگیری وەبەرهێنان بۆ تەرخانکردنی زەوی کشتوکاڵی، پیشەسازی و نیشتەجێبوون بەگوێرەی چەند رووماڵێك.

نەینەوا بەگەڕخستنی هەشت پرۆژەی وەبەرهێنانی بنکەفراوانی لە موسڵ و لە چەندین کەرتدا راگەیاندووە، لەنێویاندا نیشتەجێبوون، لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا نورەدین قەبلان بە دیارونای وت پلانی وەبەرهێنانەکە پێویستی بە شێوازێکی یەکانگیر و هەماهەنگیکار هەیە لەنێوان هه‌موو بەڕێوبەرێتی و دەزگاکاندا.

بەگوێرەی قەبلان، گرنگە دەسەڵاتی هەر بەڕێوبەرێتییەك دیاریبکرێت دەربارەی کێشەی تەرخانکردنی زەوی بۆ وەبەرهێنان. رەهەندەکانی دیکەش دەبێت لێکبدرێنەوە لە جێبەجێکردنی تەواوەتی یاسای وەبەرهێنانی نیشتمانیدا، لەگەڵ لەخۆگرتنی چاکسازییەکان کە وەبەرهێنان رادەکێشن.

قەبلان وتی: "دەبێت باس لەو ئاستەنگانە بکەین کە دێنە بەردەم هەوڵەکانی وەبەرهێنان بۆ دابینکردنی گەشەکردن و سەقامگیری ئابوری و هێنانه‌كایه‌ی هەلی کار."

ئابوریناس ساڵح هەماش بە دیارونای وت بەهۆی چەقبەستنی ئابورییه‌وه‌ له‌ نەینەوا، زیادبوونی بێکاری و رێژەی بەرزی هەژاری، وەبەرهێنان زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانەوەی سەقامگیری دوای جەنگ.

وتی پشتیوانیكردنی وەبەرهێنان لە پارێزگاکە پێویستی بە کاری هاوبەشی ئاستبەرز و چەندین رێسا هەیە بۆ راکێشان و پاراستنی وەبەرهێنەران.

وتی پێدانی رۆڵێکی گەورەتر بە حکومەتی خۆجێی لە بنیاتنانی داهاتووی پارێزگاکەدا گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا و وتیشی چاکسازییە یاسایی و کارگێڕییەکانیش یارمەتی گەشەپێدانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت دەدەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500