حکومەتی عێراق بەمدواییانە پرۆژەی دهستیكردووه به باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان لەو ناوچانهی لە چنگی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.
پرۆژەی فریاگوزاریی سهقامگیری كۆمهڵایهتی و خۆڕاگری کە 14 ئەیلول دەستیپێکرد، ئامانجی دابینکردنی پارە و کاری کاتی و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە بۆ ئەوانەی زۆر پێویستیانە.
پرۆژەکە، کە 200 ملیۆن دۆلاری لە بانکی جیهانی وەرگرتووە و لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقەوە جێبەجێدەکرێت بە هاوکاری چەند رێکخراوێك، ئامانجی هاوکاریکردنی 1 ملیۆن عێراقییە.
وتەبێژی وەزارەتەکە، عەمار مونعیم وتی: "پرۆژەکە چهندین بەرنامە لەخۆدەگرێت بۆ خزمەتکردنی ئەو خێزانانهی لە شارە رزگارکراوەکاندا دەژین لەگەڵ ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان و بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن."
بە دیارونای وت لە ناویاندا بەرنامەی پارە بۆ کار هەیە، کە موچەیەکی مانگانە بۆ بەشداربووان دەبڕێتەوە لەبەرامبەر ئهو کارانهی ئەنجامیدەدەن.
وتی ئەوەش پێشبینی لێ دەکرێت کاری کاتی زیادبکات و هاوکاریی پارە بۆ کار بۆ 150 خێزان دابینبکات و پێشبینیدەکرێت سوود به 840،000 کەس بگهیهنێت.
مونعیم وتی هەلی کارەکان بریتین لە "کاری چاکردنەوە له دەزگاکانی حکومەت و پرۆژەکاندا، بۆیهکردنی قوتابخانەکان، پاکردنەوەی شەقامەکان و چەندین کاری دیکە کە هێزی فیزیکی و توانایی زۆر پێشکەوتوویان پێویست نیه".
وتی: "رێکخراوە مەدەنییە هاوکارەکان لەگەڵ وەزارەتی کاردا کاردەکەن بۆئەوەی موچەکان بدەن بەوانەی دهیانگرێتهوه."
راهێنانی پیشهیی
مونعیم وتی بەرنامەیەکی دیکە دابینکردنی راهێنانی پیشهییه، کە یارمەتی بەشداربووان دەدات بتوانن لە 15 پیشەی جیاوازدا کاربکەن.
وتیشی: "هاوکارییان دەکەین بە دابینکردنی بڕوانامەی بنیاتنانی تواناکان کە یارمەتییان دەدات بژێوی خۆیان دەستبخەن یان كاسبیهكی بچووك دهستپێبكهن."
ههروهها وتی 42،000 هەلی راهێننان دابیندەکرێت وەك بەشێكی ئەم بەرنامەیە و پارەی خەرجی رۆژانەش دەدرێتە بەشداربووان.
مونعیم وتی: "دابینکردنی قەرزی دیاریکراویش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كاسبیهك بۆ خۆیان دهستپێبكهن، بەشێكە لە پرۆژەی فریاگوزاریی سهقامگیری كۆمهڵایهتی و خۆڕاگری."
وتیشی ساڵی رابردوو، وەزارەتەکە 2،000 قەرزی داوە بەو عێراقیانەی کە داوای هاوکاری دارایی بازرگانیان کردبوو، پلانیش هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەوانەی هەژارن و کاریگەریی تیرۆریزمان لەسەر هەبووە سوود لەو سەرمایەی کارە وەربگرن.
مونعیم وتی: "وەزارەتەکە هاوکاری مرۆیی و دارایی بۆ زیاتر لە 1.2 ملیۆن خێزان دابیندەکات لە سەرانسەری وڵاتدا لەڕێی سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتیەوە."
وتیشی هاوکاری دارایی بەو مەرجە دەدرێت کە ئەوانەی وەریدەگرن دڵنیایی بدەنە وەزارەتەکە لەسەر ئەوەی کە منداڵەکانیان سوود لە پەروەردە و سیستەمی تەندروستی وەردەگرن.
خزمەتگوزاری بۆ منداڵان
جێگری سەرۆکی بەڕێوبەرێتی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە وەزارەتەکە، ئەمیر موسەوی، وتی وەزارەتی کار لە پرۆسەی چاکردنەوەی دەزگا خزمەتگوزاریەكاندایه لەو پارێزگایانهی رزگارکراون.
بە دیارونای وت: "ههرچی بەڕێوبەرێتیەکەی ئێمەیه، توانیومانە پەناگەکانمان بکەینەوە، كه دواترینیان 3 شێڵتەر بوون لە پارێزگای نەینەوا."
وتی: "هەوڵمان بۆ کارکردنە لەڕێی ئەم پرۆژەیەوە بۆئەوەی خزمەتگوزاریەکانمان چالاکبکەینەوە بۆ منداڵان و ئەو بێسەرپەرشتانەی یەکێك یان ههردوو باوك و دایکیان لەدەستداوه لەگەڵ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت."
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی، هیوای خواست کە پرۆژەی فریاگوزاریی سهقامگیری كۆمهڵایهتی و خۆڕاگری کاریگەریەکانی شەڕی دەرکردنی داعش دووربخاتهوه.
بە دیارونای وت: "تیرۆریستەکان دوای خۆیان کێشەی دەروونیی خراپیان بەجێهێشتووە لەگەڵ کێشەی گەورە بۆ ئەو ژێرخانەی کە ئێستا توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی نیە.
وتی: "هیواخوازین ئەم پرۆژەیە و هەر هەوڵێکی دیکەی حکومەت هاوکاری لابردنی رەوشی نالەباری دەروونی بن و کەشێكی جێگیر بۆ خەڵك دابینبکەن."
بەیاتی وتی کۆمسیۆن لە ئەرکەکانی بەردەوامدەبێت بۆ چاودێریکردنی حکومەت و دەزگاکانی بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵك وەك خۆیان بدرێن لە بەشەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکاندا.