هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

لێکۆڵەران: یاسای قه‌یسه‌ر ئه‌ژنۆی پشتیوانیی ئێران بۆ رژێمی سوریا ده‌شكێنێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەکدارانی لیوای فاتیمیون بەشداریده‌كه‌ن له‌ کۆبوونەوەیەکدا لە یەکێک لە بنکەکانیان لە شاری حەلەبی سوریا. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە]

چەکدارانی لیوای فاتیمیون بەشداریده‌كه‌ن له‌ کۆبوونەوەیەکدا لە یەکێک لە بنکەکانیان لە شاری حەلەبی سوریا. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە]

لێکۆڵەران بە دیارونایان وت ده‌ستنیشانكردنی لیوای فاتیمیون به‌گوێره‌ی یاسای قه‌یسه‌ر، کە ئەم مانگە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکێکە لە کاریگەرترین شێوازەکانی هەڕەشەکردن لە پشتیوانیی ئێران بۆ رژێمی سوریا.

لیوای فاتیمیون کە لە چەکدارانی ئەفغانی پێکهاتووە و لە سوریا لە پشتیوانی رژێمدا شەڕدەکەن، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دروستکراوە و پشتیوانی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.

وتیان بە جێگیربوونی لە ناوچە ستراتیژییەکان، میلیشیاکە لایەنێکی گرنگ بووە لە مانه‌وه‌ی رژێم تا ئێستا.

لێکۆڵەری پەیوەندییەکانی ئێران لە ناوەندی شەرق بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمی و ستراتیژییەکان، فازڵ سەید وتی سزا نوێکانی ئەمریکا رژێمی سوریا دەکەنە ئامانج، لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا کە لە میانه‌ی بارگرژییەکاندا ئەنجامیداون، هەروەها هەر لایەنێک کە دژی دەوەستێتەوە.

بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران رۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە خراپترکردنی بارگرژییەکانی سوریا و گواستنەوەیدا بۆ ناکۆکیەکی مەزهەبی بۆ هێشتنەوەی رژێم لە دەسەڵاتدا.

وتی بەبێ ئەو دەستوەردانە، رژێمی سوریا ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدا نەدەمایەوە و میلیشیاکانی وەک هاوبەشی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە ناوەزەندکرد کە رژێمەکە ئەنجامیداون.

گورزێک لە سوپای پاسداران

شارەزایه‌كی كاروباری ئێران، شەیار تورکۆ وتی دیاریکردنی لیوای فاتیمیون لەژێر یاسای قه‌یسه‌ردا "وەک گورزێک وایە له‌ سوپای پاسداران و میلیشیاکانی".

بە دیارونای وت وه‌زاره‌تی دارایی ئەمریکا پێشتر میلیشیاکەی خستبووە ناو لیستی سزاكانه‌وه‌، لە کانونی دووەمی 2019، له‌سه‌ر پەیوەندییەکانی بە سوپای پاسداران و ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە.

سزا نوێكان بەربەست بۆ سوپای پاسداران دادەنێن لە بەکارهێنانی بەکرێگیراوە بیانییەکاندا "بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی فراوانبوونی" و بەربەستی نوێش بۆ میلیشیکانی وەک فاتیمیون دروستدەکه‌ن.

تورکۆ وتی سه‌رنجخستنه‌ سه‌ر لیوای فاتیمیون لەم دۆخەدا کارێکی گرنگ بوو، چونکە سوپای پاسداران ئامادەیی خۆی لە سوریادا به‌ گرنگ له‌قه‌ڵه‌مده‌دا، هەروەها لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک دیمەشق، دێرە زوور، حەلەب و پالمیرا (ته‌دمور) جێگیربووە.

وتی میلیشیاکە چەند ناوچەیەکی جیاوازی لە دیمەشق لەژێردەستدایە، لەگەڵ ناوچەی دێرە زووری نزیک سنووری عێراق، کە وەک کەناڵێک بەکاریدەهێنێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ خۆی و میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران.

وتیشی لاوازکردنی ئەم میلیشیایە بە سزادانی فەرماندە و چەکداره‌كانی، دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەجێندای هەرێمیی سوپای پاسداران و بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی داڕمانی ئەو پشتیوانییەی پێشکەشی رژێم دەکرێت.

'هه‌ڕه‌شه‌ و هانده‌ره‌كان'

مامۆستای یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی لە زانکۆی قاهیرە، وائیل شەریمی وتی یاسای قه‌یسه‌ر وەڵامێکە بۆ ئەو تاوانانەی رژێمی سوریا لە دژی زیندانییەکان ئەنجامیداون، کە مافەکانیان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی پارێزراوه‌.

وتی مایەی سەرسوڕمان نییە لیوای فاتیمیون، کە پێکدێت لەو "ئاوارە ئەفغانییە گەنجانەی کە لە ئێرانن"، خرایه‌ نێو لیستی سزاكانه‌وه‌.

بە دیارونای وت زۆربەی ئەندامانی "بەزۆر خراونەتە ریزی لیواکەوە، یان بەهۆی هەڕەشەوه‌ لێیان یاخود له‌ڕێی هانده‌ری داراییه‌وه‌" و دواتر براون بۆ سوریا.

وتیشی: "ئەمە بەتەنیا بەسە بۆئەوەی میلیشیاکە بەگوێرەی چەند یاسایەکی نێودەوڵەتی دادگاییبکرێت له‌سه‌ر پێشێلکارییەکانی، لەنێویاندا یاساکان ده‌رباره‌ی كردنه‌ سه‌ربازی منداڵ و گواستنەوەی چەکداران بە سنوورەکاندا لەکاتی بارگرژییەکاندا."

سزاکانی ئەمریکا هەر جۆرێك له‌ مامه‌ڵه‌كردن قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن لەگەڵ لیوای فاتیمیون، لەنێویاندا ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەکانی یان جموجۆڵەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا یان چالاکیەکانی حەواڵەی پارە، یاخود دابینکردنی پشتیوانی لۆجستی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500