هێزەکانی عێراق دووشەممە (22 حوزەیران) دهستیانكرد به سێیەمین قۆناغی هەڵمەتی سەربازیی "پاڵەوانانی عێراق" بۆ بەدووکەوتن و هێرشکردنە سەر پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە باکور و خۆرهەڵاتی عێراق.
یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین و سامەڕا و دیالە و فیرقەی زرێپۆشی 9 بەشداریدەکەن لە یەکێك لە سێ بەرەکانی هەڵمەتەکەدا له ناوچەیەکدا کە نزیکەی 5,000 کیلۆمەتر دووجایە.
ئەمە ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە لەنێوان سنوورە کارگێڕییەکانی پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و کەرکوکدان.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، عەمید فیراس بەشار سەبری وتی هێزەکان لە یەکەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا "ئەنجامی بەرچاو"یان بەدەستهێنا.
![سەربازانی عێراق لە 14 شوبات بەدوای حەشارگەکانی داعشدا دەگەڕێن لەکاتی قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی سەربازیی 'پاڵەوانانی عێراق'دا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2020/06/23/24687-Iraq-soldiers-ISIS-600_384.jpg)
سەربازانی عێراق لە 14 شوبات بەدوای حەشارگەکانی داعشدا دەگەڕێن لەکاتی قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی سەربازیی 'پاڵەوانانی عێراق'دا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە شانەکانی داعش لە ناوچەکانی عەیس، حەوزی عوزهیم، موتەیبجە و ئەو ناوچەیەی لەنێوان دیالە و سامەڕادایە چڕبوونەتهوە.
سەبری وتی: "چەندین بنکەی نهێنی [داعش]مان تێکشکاند کە خۆراكی پشتیوانی و ئامێری پەیوەندیگرتنیان تێدابوو."
وتی جگه لەوەش، سێ حەشارگە، چوار تونێل، دوو شوێنکار بۆ دروستکردنی بۆمبی دەستکرد و كۆگایهكی تەقەمەنی تێکشکێنران.
گەمارۆدانی پاشماوەکانی داعش
بەرەی باشوری خۆرئاوای کەرکوكی ئۆپەراسیۆنه سەربازییهكه، بەشداریی یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەخۆوە بینی کە فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی، فەرماندەی فیرقەی کتوپڕ و فەوجەکانی سوات و تاکتیکییان تێدابوو.
ئەم هێزانە چوار حەشارگەی داعشیان تێکشکاند و وێستگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی و دەیان بۆمبی دەستکرد و موشەکیان تەقاندەوە.
بەرەی سێیەم، کە ناوچە جیاوازەکانی دیالە، سەلاحەدین، سامەڕا و کەرکویان تێدابوو، چەند لیوایەکیان لەخۆدەگرت لە هێزەکانی حەشدی شهعبی و هێزە خێڵەکیەکان.
سێ حەشارگە و كۆگایهكی تەقەمەنی و ژمارەیەك بۆمبی دەستکردیان تێکشکاند.
سەبری وتی ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی ئاسمانیی هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت.
وتیشی پێشڕەوی بەدەستدەهێنێت بەگوێرەی پلانێك کە ئامانج لێی "گهمارۆدانی چەکدارەکانە لە هەموو لایەکەوە تا هیچ دەرفەتێکیان پێنەدرێت بۆ هەڵاتن".
وتی وێنەگرتنی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت بۆ کنەوپشکنین و چاودێریکردنی تەواوی خاکەکە بەشێوەیەکی بەردەوام و وتیشی هێڵی گرنگی پشتیوانییان له تووندڕەوەکان بڕیوە.
ههروهها وتی ئەندامانی داعش بەشێوەیەکی خێرا کەمدەبنەوە و ئاماژەیکرد بەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەم چەند مانگەی دواییدا لە چەند ناوچەیەکی بەئامانجکراو ئەنجامدەدرێن، "تەنیا بریتین له چاندنی بۆمب و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشکردنە سەر بازگە ئەمنیەکان لە ناوچە دوورەدەستەکان".
یەکەمین قۆناغی هەڵمەتی "پاڵەوانانی عێراق" لە ناوەندی شوباتدا دەستیپێکرد و روماڵی 26,000 کیلۆمەتر دووجای کرد لە بیابانی خۆرئاوای عێراق.
قۆناغی دووەم، کە لەنێوان 2 بۆ 4 حوزەیران ئەنجامدرا، ناوچەیەکی 7,000 کیلۆمەتر دووجای لەخۆگرت لەنێوان پارێزگاکانی سەلاحەدین و کەرکوكدا.