ئاساییش

هێزەکانی عێراق پێشڕەوییەکی گەورەیان بەدەستهێنا لە وەدەرنانی داعش لە دیالە

خالید تائی

image

سەرکردە سەربازییەکان لە 13 تەمموز گفتوگۆدەکەن لەسەر پلانەکانی قۆناغی چوارەمی هەڵمەتی سەربازی 'پاڵەوانانی عێراق' بۆ پاککردنەوەی پارێزگای دیالە لە پاشماوەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

هێزەکانی عێراق پێشڕەوییه‌كی بەرچاویان بەدەستهێناوە لەدژی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە كه‌ناره‌كانی پارێزگای دیالە وەک بەشێک لە قۆناغی چوارەمی هەڵمەتی سەربازیی "پاڵەوانانی عێراق".

ئۆپەراسیۆنەکە، کە نزیکەی 18,000 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە، سەرنجدەخاتە سەر گەڕان و پشکنینی سەر سنووری ئێران و ئەو ناوچانەی هێزەکانی فیدڕاڵی لە پێشمەرگە جیادەکاتەوە، کە پێشتر داعش ئەو هەلەی قۆزتبووه‌وە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان.

لەوکاتەوەی شەممە (11 تەمموز) هەڵمەتەکە دەستپێکردووە، نزیکەی 60 حەشارگە و زیاتر لە 200 گولەئاربیجی و تەقەمەنی دەستکرد، کە لەنێویاندا تەقەمەنی دەستکردی زۆر کاریگەر هەبوون، لەناوبراون.

حەوت پشتێنه‌ی بۆمبڕێژکراو و بڕێکی زۆر تەقەمەنیش لەناوبران و هەشت ماتۆڕیش دەستیان بەسەردا گیرا.

image

سەربازانی عێراق 12 تەمموز هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا لە قەزای به‌هره‌ز له‌ دیالە وەک بەشێک لە قۆناغی چوارەمی هەڵمەتی سەربازیی 'پاڵەوانانی عێراق'. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزە ئەمنییەکان 186 گوندیان پاککردەوە و کۆنتڕۆڵیان کردن؛ سێ چەکداری داعشیان کوشت، دووی دیکەشیان برینداركرد و حەوتی گومانلێکراویش دەستگیرکران.

'سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆن'

ئەندامێكی دیاله‌ی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد موزهیر جبوری وتی هەڵمەتەکانی ئەمدواییە "یەکێک بوون لە سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان" بەگوێرەی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی بەدەستهاتوون.

بە دیارونای وت ئەو گوند و ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەکە دەیانگرێتەوە پێشتر مایەی هەڕەشەیەکی راستەقینە بوون بۆسەر ئەمنیەتی پارێزگاکە و تەواوی وڵاتەکە.

وتی سەرباری کەمبوونەوەی چالاکیە تیرۆریستیەکان لەو ناوچانە لە چەند ساڵی رابردوودا، هێشتا مەترسییەکە بەردەوامە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن هێرش لە دژی مەدەنیه‌كان و ئامانجه‌ سەربازیه‌كان ئەنجامبدەن لە حەشارگەکانیانەوە.

جبوری وتی ئەو حەشارگانە زۆربەیان دەچنەوە سەر گردەکانی حەمرین و ناوچەکانی باکوری موقدادیه‌ و دەوروبەری قەزای خانەقین لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان.

وتی سنووره‌ كارگێڕییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگای سەڵاحەدینیش ناوچەیەکی پڕکێشەیە، کە چەندین شوێنێکی نائه‌مینی لێیه‌.

وتیشی هەڵمەتەکە لەسەدا 95 ئەو ناوچەیەی پاککردۆتەوە کە گەڕان و پشکنینێکی تەواوی تێدا کراوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هێزەکانی عێراق ژمارەیەک چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە و کوشتووە و هەروەها چەندین بنکە و جبەخانەشیان ئاشکراکردووە.

خاڵی پشکنینی جێگیر

جبوری وتی گرنگترین رێشوێن دانانی چەند خاڵێکی پشکنینی جێگیرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کەلێنی ئەمنییان هەیە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە نزیکەی 20 خاڵی پشکنین تا ئێستا دانراون، ئەمەش دۆزینەوەی شوێنێکی ئارام لەلایەن تووندڕەوانەوە لەو ناوچانە سەختتردەکات.

وتی شارۆچکەکانی شێخ بابە و ئیسلاح و زور، لەگەڵ گوندە ستراتیژییەکانی قەزای قەرەتەپە، بەتەواوی ئەمینکراون.

جبوری وتیشی قەرەتەپە شوێنی ئۆپەراسیۆنە چڕەکانه‌ وەک بەشێک لە هەڵمەتە سەربازییەکە، بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەوە لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و سەڵاحەدین و کەرکوکدا.

هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، چەند سەرکردەیەکی باڵای سەربازی، بەسەرپەرشتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدی، لە قەرەتەپە جێگیربوون بۆ پێداچوونەوەی پلانەکانی هێرشكردن و سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی هەڵمەتەکانی گەڕان و پشكنین.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)