هێزەکانی عێراق گەرمارۆی سەر ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چڕدەکەنەوە لە ناوچەیەك کە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و کەرکوك پێکەوە دەبەستێتەوە.
بەیانی شەممە (7 کانونی یەکەم)، هێزەکان قۆناغی حهوتهمی هەڵمەتی ئەمنیی "ویستی سەرکەوتن"یان دەستپێکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرا.
تائێستا دەیان گوند ئهمینكراون، لەکاتێکدا حەشارگە و بۆمبە دەستکردەکانی داعش تێکشکێنراون.
پسپۆڕی ئەمنی، فازل ئەبوڕەغیف وتی قۆناغی نوێی هەڵمەتەکە روماڵی ناوچەیەکی "جوگرافیی ئاڵۆز" دەکات لەنێوان پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و کەرکوكدا.
بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدەدرێت لە چەند ناوچەیەکی کارگێڕی کە ئەم سێ پارێزگایە لێك جیادەکاتەوە، لە گوندەکانی حەوزی عوزهیم و گردەکانی حەمرین و جەلام و موتەیبجە و کێڵگە نەوتیەکانی عەلاس و عەجیلەوە دەستپێدەکات تا دهگاته حەویجە.
ئاماژەیکرد بەوەی ئەو زانیاریە هەواڵگریانەی لەبەردەستدان، ئاماژە بەوە دەکەن کە پاشماوەکانی داعش لەنێو ئەشکەوت و تونێلە سروشتیەکانی ئەو ناوچەیەدا خۆیانشاردۆتەوە.
ئەم پاشماوانە سوود لەو ناوچانە دەبینن کە بەرپرسیارێتی ئەمنی تیایاندا لەنێوان فەرماندەییە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە جیاوازەکاندا یەکتردەبڕن، كه لهقهڵهمدهدرێن بە "ناوچەی بێخاوهن" بەهۆی سەختیی خاکەکەی و رێگەی قوڕ و ناوچهیهكی فراوانی كه كهس تێیدا نیشهجێ نهبووه.
شەکەتکردنی پاشماوەکانی داعش
یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە زیاد لە 14 حەشارگەیان تێکشکاندووە، دهستیانگرتووه بهسهر ماتۆڕێكدا و 17 ناوچە و گوندیان ئهمینكردووه، لەنێویاندا قەزای عوزهیم، کەمپی عائیشە و گوندەکانی ئەلبوتەلحە، سەباح عەزاوی، ئەلبوعەواد، ئەلبوبەکر، خەزیر کاو، ئەلبوعەبادە و ئوم حەوالی.
لە کەرتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، کە بەشی خۆرئاوای زێی بچوك و گردەکانی حەمرین و کێڵگەکانی عەلاسیان تێدایە، سوپا و پۆلیس 11 شوێنی پشوودانی داعشیان تێکشکاند کە خۆراك و كاڵای پزیشكی و جانتای پڕ لە نیتراتی یوریا.
وتی هەروەها سێ تونێلیان تێکشکاند -- یەکێکیان 150 مەتر درێژ بوو -- لەگەڵ 23 بۆمبی دەستکرد و 50 گولە هاوەن.
لە کەرکوك، هێزەکانی عێراق گەڕانێکی چڕوپڕیان ئهنجامدا له 63 گوند لە قەزای حەویجە و 19 داواکراویان دەستگیرکرد و چوار ئەشکەوتیان رووخاند و 119 بۆمبی دەستکرد و 26 گولە هاوەنیشیان تێکشکاند، لەگەڵ دوو پشتێنی بۆمبڕێژکراو و ماتۆڕێك.
ئەبوڕەغیف وتی ئۆپەراسیۆنە چڕوپڕەکان "توانای دوژمنیان شەکەت و ناکارا کردووە و ناتوانێت خۆی رێکبخاتەوە".
وتیشی: "فشارە سەربازییەکە ریزەکانی تیرۆریستان دەشێوێنێت و کۆتایی ئەوانەی کە ماون خێراتردەکات."