هێزەکانی عێراق سێشەممە (2 حوزەیران) ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "پاڵەوانانی عێراق - سەرکەوتنی سەروەری"یان دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی چەند ناوچەیەك لە باشوری خۆرئاوای کەرکوك لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
ئۆپەراسیۆنەکە روماڵی 7,000 کیلۆمەتر دووجا دەکات بەدرێژایی سنووری کارگێڕیی جیاکەرەوەی نێوان پارێزگاکانی کەرکوك و سەلاحەدین.
یەکە گەورەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی و هێزە پشتیوانەکان هەڵمەتێکی نوێیان دەستپێکرد لە پێنج بەرەوە، بەپشتیوانیی چڕوپڕی هێزی ئاسمانی.
تائێستا سێ حەشارگەی داعش تێکشکێنراون، لەگەڵ دەیان بۆمبی دەستکرد و موشەك و گولە هاوەن.
بەگوێرەی راگەیاندنێك لە نوسینگەكهیهوه، سەرەکوەزیران مستەفا کازمی سێشەممە سەردانی ئەو یەکانەی کرد کە هەڵمەتەکە ئەنجامدەدەن و رایگەیاند کە هێزەکان "بەردەوامدەبن لە راوەدونانی پاشماوەکانی داعشی تیرۆریست... بۆ باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا".
پاککردنەوەی ناوچە دوورەدەستەکان
ئەو ناوچانەی کرابوونە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکه لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین دزەکردنی ئەمنییان لێ بینراوە.
وتەبێژێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی "شکاندنی پشتی دوژمن و شکستهێنانە پێی دوای ئەوەی بەمدواییانە هەوڵی زیادکردنی چالاکیە تیرۆریستیەکانیان داوە".
پاشماوەکانی داعش لە وادی شای، بەرزاییەکانی حەمرین و ئەو کێڵگانەی درێژدەبنەوە لە باشور و خۆرئاوای کەرکوکەوە بۆ پارێزگای سەلاحەدین "پێیانوایە ئێمە ناتوانین دەستمان پێیان رابگات بەو ناوچە دوورەدەستانە".
وتی: "هێزەکانمان لە هەموو دۆڵەکان و روبارەکان و بەرزاییەکان راوەدوویان دەنێن و بنەبڕیان دەکەن." ئاماژەشی کرد بە سەرکەوتنەکانی ئەمدواییە لە بڕینی هێڵی پشتیوانی لۆجستی بۆ داعش لە بیابانی خۆرئاوای ئەنبار و نەینەوا.
خەفاجی وتی لەئێستادا چەند یەکەیەکی سەربازیی گەورە لە پارێزگای کەرکوك جێگیرکراون بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە. "دەتوانین شکست بە پاشماوەکانی دوژمن بهێنین و ئهمنییهت و ئاسایشی هاوڵاتیان بپارێزین."
ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوکات بوو بەو ئهركانهی فەرماندەییە تایبەتەکانی 1 و 2ی دەزگای دژە تیرۆریزم ئهنجامیاندا رۆژی سێشەممە، بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانی نێودهوڵهتی لە بیابانی حەزەر له نەینەوا و جورف سەخر و ناوچەکانی باشور و باشوری خۆرئاوای بەغدا.
دەزگای دژە تیرۆریزم لە بهیاننامهیهكدا رایگەیاند كه لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا، چەندین ئەشکەوت و تونێل و حەشارگەی تیرۆریستان تێکشکێنراون و چەکدارانی ناویان کوژراون.
راشیگەیاند كه دوو چەکداریش دەستگیرکران، چەندین بۆمبی دەستکرد و گولە تۆپ و پشتێنی بۆمبڕێژکراو و چەکی بێدەنگیش تێکشکێنران.
هێزەکانی عێراق مانگی شوبات یەکەمین قۆناغی هەڵمەتی "پاڵەوانانی عێراق"یان دەستپێکرد و ناوچەیەكی زیاد لە 26,000 کیلۆمەتری دووجا گەڕان لە بیابانهكهی هاوسێی سنووری سوریا و ئەردەن.