هێزی تایبەتی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق دووشەممە (18 ئایار) چەند هێرشێکی دەستپێشخەرانەیان دەستپێکرد دژی حەشارگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە باکوری خۆرئاوای کەرکوك.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق، سەباح نوعمان بە دیارونای وت هێزێکی فەرماندەیی دووی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، هەڵمەتێکی ئەمنییان لە قەزای دبس دەستپێکرد.
وتی: "هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لانیکەم 11 هێرشی ئەنجامدا دژی پێگەکانی تیرۆریستان کە بەهۆی زانیاری دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراقەوە دەستنیشانکرابوون بە کۆکردنەوەی لە سەرچاوە هەواڵگریەکانەوە."
وتی هێرشەکان بوونە هۆی وێرانكردنی هەشت ئەشکەوت لە زنجیرە چیای غورە کە وەك حەشارگە و جبەخانەی پاشماوەکانی داعش بەکاردەهێنران.
وتیشی بۆمبارانە چڕەکە بووە هۆی کوشتنی ژمارەیەك چەکدار، "بەڵام ژمارەیان بەتەواوی ناتوانرێت دیاریبکرێت چونکە هێرشە ئاسمانیەکان بەتەواوی حەشارگەکانیان وێرانكرد و کردنییە داروپهردوو".
وتی هێزە ئەمنیەکە کنەوپشکنینێکی بەرفراوانیشی ئەنجامدا لە ناوچەكهی نزیك گردەکان تا دڵنیابێت لەوەی هیچ حەشارگەیەکی دیکەی داعشی لێ نییە.
هێرشە بەرپێگرەکان
نوعمان وتی ئەم هێرشەی دوایی بەشێکە لە ستراتیژێکی دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێکی بەرپێگرانە بەگوێرەی هەوڵە هەواڵگرییە ئاست باڵا و هەماهەنگیەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
وتی: "هێرشەکە پشتڕاستیدەکاتەوە کە بەردەوامین لە ریشەکێشکردن و هێرشکردنە سەر تیرۆریستان لە هەر شوێنێك بن و رێیانپێنادەین پێگەیەکی سەلامەت دابمەزرێنن [لە عێراق]."
نوعمان وتی ئەم ماوەیەی دوایی هێرشەکانی داعش زیادیانکردووە لە ناوچە چیایی و بیابانیەکان لە هەوڵێكدا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گروپەکە.
وتی پاشماوەکانی داعش هەوڵی قۆستنەوەی دۆخی وڵاتەکە دەدەن، لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، بەڵام "هێزەکانمان چاودێرییان دەکەن و هەموو هەوڵێك دەدەن تا نەهێڵن دەرفەتی خۆڕێکخستنەوەیان هەبێت".