لەو ناوچانهی لهلایهن كوردانهوه کۆنتڕۆڵکراون لە خۆرهەڵاتی سوریا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە چەند ئەنجومەنێکی مەدەنی ناوخۆیی جیاواز هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی بۆته مایەی هەڕەشە بۆسەر ئەو کێڵگانەی کاتی دروێنەیانە، بەرپرسێکی ناوخۆیی وتی.
مستەفا شەیلان لە تیمی فریاگوزاری سەرەتایی سەر بە تیمی بەرگری شارستانی، وتی ههروهك ساڵی رابردوو لهمكاتهدا، ئاگری کێڵگەکان لە چەندین ناوچەی ژێردەسەڵاتی بەڕێوبەرییە خۆجێییەکە لە تەشەنەسەندندایە.
بە دیارونای وت ئاگرهكان بوونهته هۆی سووتاندنی هەزاران دۆنم زەوی و زیانێکی زۆری ئابورییان بە جوتیاران گەیاندووە.
وتی تیمهكانی ئاگرکوژێنەوەی ئەنجومەنی مەدەنی شاری رەقە هەوڵیانداوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکەن کە لە چەند بەشێکی پارێزگاکە کەوتۆتەوە.
وتیشی بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرگری شارستانی ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە و کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و تانکیی ئاوی دابینكردووه بۆ ناوەندەکانی لە تەواوی ناوچەکانی ژێردهستی بەڕێوبەریەتییە خۆجێییەکەدا.
وتی ئامانجەکە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەیە کە لە ئەنجامی ئاگركهوتنهوهوە دێنە ئاراوە له کێڵگەكانی گەنم و جۆدا و زیانێکی دارایی زۆریشیان له جوتیارانی ناوچەکە داوه، لهنێویاندا ناوچەکانی رەقە و دێرە زوور و دەوروبەری پارێزگای حەسەکە.
وتیشی بەڕێوبەرییه خۆجێییەکە رێوشوێنی پێشوەختەی گرتۆتەبەر، لهنێویاندا رێگریکردن لە چوونه ناو کێڵگەکانیان، جگە لە کاتی دروێنەدا.
وتی ئەمە بۆ مەبەستی بە ئاسانی چاودێریکردنی ناوچەکەیە و هەروەها ناسینەوە و بەدووکەوتنی ئەوانەی ئەو ئاگرانە دەکەنەوە.
بهدهمهوهچوونی خێراتر لەمساڵدا
شەیلان وتی لەمساڵدا ئاگرکەوتنەوەی کەمتر روویانداوە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمەش بەهۆی بهدهمهوهچوونی خێرای ئاگرکوژێنەرەوەکان و هاوکاریی خەڵك.
وتی لهوانه بریتین لە ئەمینکردنی کێڵگە کشتوکاڵیهكان، هەماهەنگیكردن لهگهڵ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، دابینکردنی تانکیی ئاو و بەشداریکردنی خۆبەخشانە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژاندنەوەدا بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
وەک رێوشوێنی قەدەغەکردنیش، تیمەکانی فریاگوزاری خولێکی فێرگوزارییان بۆ دانیشتوانی رەقە و دێرە زوور دابینکردووە، بۆ فێربوونی ئەوەی چۆن بەخێرایی و ئهمینی ئاگر بکوژێننەوە.
بەگوێرەی شەیلان، ناوچەکانی رەقە و دێرە زوور و حەسەکە لە ناوچە سەرەکییە کشتوکاڵیهكانن لە سوریا بۆ چاندنی گەنم و جۆ و لۆکه.
وتی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی جوتیاران دووچاری هاتوون، بەڕێوبەرییە خۆجێیەکە نرخی گەنمی بۆ دوو هێندە بەرزکردەوە.
شەیلان وتی هاوکاریەکانی دیکەش بۆ جوتیاران پێکدێن لە بڕینی باج و دابینکردنی تۆو و دهرمانی دژه مێروو.
روون نییە كێ ئەو ئاگرانەی كردبێتهوه، بەڵام شەیلان وتی پەنجەی تاوان ئاڕاستەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و هاوکارەکانی کراوە، لەژێر رۆشنایی ئەو هەڕەشانەدا كه گروپەکە بڵاویکردوونەتەوە.