بەرپرسێکی کوردی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دووشەممە (10 حوزەیران) داوای یارمەتی كرد لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەر بڵاوبوونەوەی ئاگر بەنێو کێڵگە سەرەکییەکانی گەنمدا لەدوای بڵاوبوونەوەی بەنێو تەواوی وڵاتدا.
کوردانی سوریا پێشەنگی شەڕیان کرد لە دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە باکور و خۆرهەڵاتی وڵاتەکە، بەپشتیوانیی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی كه لهلایهن لەلایەن ئەمریکاوە پێشڕەویدهكرێت.
بە بەرەو کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی هەشت ساڵە، ئەوان هەوڵی هێشتنەوەی ئاستێك لە ئۆتۆنۆمی دەدەن لە ناوچەیەکی فراواندا كه دەوڵەمەنده بە دانەوێڵە و نەوت، لەژێردەستی خۆیاندا لە باکوری خۆرهەڵاتی وڵات.
بەڕێوبەری دەسەڵاتی کشتوکاڵیی کورد، سەلمان بەردۆ بە ئاماژەدان بەو شارۆچکەیەی بە عەرەبی پێیدەوترێت قەحتانیە وتی: "ئەمڕۆ ئاگر بە سەدان هێکتار زەوی گرتەوە لە تربەسپی و هێشتا ئاگرەکە بەردەوامە."
هۆشدارییدا: "مەترسییەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە لەبەرئەوەی ئاگرەکە نزیکە له بیر و وێستگە نەوتییەکان."
پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس دووکەڵی رەشی بینی لەسەر کێڵگە ئاڵتونییەکان کە رەش هەڵگەڕابوون، لەکاتێکدا پیاوان خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون بە خاکەناز کە چەند مەترێك دووربوو لە وێستگە نەوتییەکانەوە.
پیاوێك بە بلدۆزەرێکەوە بەگەرمی سەرقاڵی شێلانی زەوییەکە بوو بۆ وەستاندنی ئاگرەکە لە بڵاوبوونەوە.
بەردۆ وتی: "داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بێتە ناوەوە و ئاگرەکە بکوژێنێتەوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بە ئاگر" کە ئێمە نیمانە.
عەبدولڕەزاق مەحمود کە جوتیارێكی گەنمی 29 ساڵە، وتی زەویی خێزانەکەی لەناوچووە.
وتیشی: "چل و پێنج هێکتار سووتێنراوە و تەنیا هەشت هێکتار ماوە" دوای ئەوەی ئاگر رۆژی یەکشەممە بهرپابوو.
کوردەکان و رژێم شەڕدەکەن بۆ گەنم
دوای چەند ساڵێك لە وشکەساڵی و دواتر شەڕی ناوخۆ، سوریا چاوەڕوانی بڕێکی زۆر لە دانەوێڵەی گەنم دەکات لەمساڵدا -- کە بەشێکی زۆری لە باکوری خۆرهەڵاتە.
لە پارێزگای بەپیتی حەسەکەی ژێردەستی کورد، کە قەحتانیە بەشێكە لێی، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین حاڵەتی گڕتێبەردانی کێڵگەکانی دانەوێڵە راگەیاندووە.
بەڵام جوتیاران هێرشی تۆڵەسەندنەوە و پریشكهی سوتەمەنی کوالیتی نزم و تهنانهت فهرامۆشكاریشیان به هۆكاری ئاگرهكان لهقهڵهمدا.
هەردوو حکومەتی دیمەشق و دەسەڵاتی کوردی کێبڕکێیانە لەسەر کڕینی گەنمی بەرهەمهاتووی ئەمساڵ لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا.
شیکاروانان دەڵێن گەنم گرنگ دەبێت لە دڵنیاییدان بە دەستکەوتنی نان و پاراستنی ئاشتی لە چەند بەشێکی سوریا لە قۆناغی داهاتوودا.
جوتیاران لە ناوچەکە لەم نێوانەدا گیریانخواردووە.
جوتیارێكی 55 ساڵ، عادل عوسمان، وتی "رزق و رۆزییمان نابێت بکرێتە ماددەی دانوستانی سیاسی".
رژێم نرخێکی باشتر پێشکەشدەکات، بەڵام کوردەکان وتوویانە نابێت هیچ بڕێك لە گەنم ناوچەكانی ژێردەستیان جێبهێڵێت.
عوسمان لەکاتێکدا لە کێڵگەکەی بوو لە ناوچەی عامودا بە کوردی وتی: "دانەوێڵەی خۆمان بە کەسێك دەفرۆشین بەرزترین نرخ بدات."
وتی: "لەکۆتاییدا، جوتیار پێویستە قازانج بکات."
جوتیاران بهتایبهتی تامەزرۆی فرۆشتنی دانەوێڵەكانیانن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی دانەوێڵەی ساڵانی رابردوو، بەڵام خولیای رزگارکردنیشیانن لە ئاگر.
'قەیرانی خۆراك'
پسپۆڕێكی كاروباری سوریا، فابریس بالانچی، وتی: "کوردان نایانەوێت گەنم لە ناوچەکەیان دەربچێت لەبەرئەوەی بەرهەمهكان بهههزارحاڵ پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکهنهوه."
وتیشی: "گەر گەنم بڕوات بۆ دیمەشق لەبەرئەوەی نرخێکی زیاتر دەدەن، ئەوە دەبێتە هۆی قەیرانی خۆراك."
بەگوێرەی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی، 6.5 ملیۆن کەس لە سوریا "لەڕووی خۆراکەوە سەقامگیر نین"، یان نازانن لەکوێ ژەمی داهاتوویان بەدەستبهێنن.
لەمساڵدا سوریا چاوەڕوانی ساڵێکی بەپیتی دانەوێڵە دەکات دوای بارانی زۆر، دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی گەنم لە ساڵی رابردوودا خراپترین بوو لە 1989وە.
حکومەتی سوریا پێشبینیی 850,000 تەن گەنم دەکات لە حەسەکە.
بەڕێوبەری نوسینگەی کشتوکاڵیی حکومەتی دیمەشق لە حەسەکە، عامر سەلۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت پێشبینی کڕینی زۆربەی دانەوێڵەی پارێزگاکە دەکات.
وتی: "ناوەندەکانی وەرگرتنی دانەوێڵەی حکومەت وروژمی جوتیاران بەخۆوە دەبینن لەبەر سەرنجڕاکێشیی نرخەکان."
کوردەکان مانگی رابردوو نرخی کڕینی یەك کیلۆ گەنمیان بەرزکردەوە لە 150وە بۆ 160 لیرهی سوری (0.37 دۆلار)، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نیە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ نرخەکەی رژێم کە 185 لیرهیه.
بەڕێوبەری دهسهڵاتی دانەوێڵەی کورد، سەلمان بەردۆ رژێمی تۆمەتبارکرد بەوەی راگەیاندنی نرخە بەرزترەکەی "بۆ دروستکردنی ناکۆکییە لەنێوان خەڵك و کارگێڕیی ئۆتۆنۆمیدا".
'چەکی گەنم'
شەڕی سوریا زیاد لە 370,000 کەسی کوشتووە لەوکاتەوەی دەستیپێکرد لە 2011.
دوای سەرکەوتنی یەک لەدوای یەك دژی ئۆپۆزسیۆن و گروپە توندڕەوەکان لە 2015ەوە، لەمڕۆدا رژێمی سەرۆك بەشار ئەسەد لهسهدا 60 وڵاتەکەی لهژێردهستدایه.
بەڵام سورییەکان لەم ناوچانە دۆخێکی سەخت بەسەردەبەن بەهۆی ئابوریی تێكشکاوهوه له ئهنجامی شهڕدا، ههروهها رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کورتهێنانی سوتەمەنی.
شیکاروانی بواری سوریا، نیکۆلاس هێراس وتی: "ئەسەد پێویستی بە دانەوێڵەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا هەیە بۆ رێگرتن لە قەیرانی نان لە ناوچەکانی خۆرئاوای سوریا کە لەژێر دەستی خۆیدایە."
دیمەشق و کوردەکان دەستیانکردووە بهتاوتوێکردنی داهاتووی باکوری خۆرهەڵات، بەڵام تائێستا بەبێ سەرکەوتنێكی ئەوتۆ.
هێراس وتی: "گەنم چەکێکی خاوەن قورساییە لە قۆناغی داهاتووی شەڕی سوریادا."
وتیشی: "دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ گوشار خستنە سەر رژێمەکەی ئەسەد و لەڕێی رژێمەکەوە بۆسەر روسیا، بۆ ناچارکردنیان بە پێدانی ئیمتیاز لە پرۆسەی دبلۆماسیی سەرپەرشتیکراودا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سوریا.