حکومەتی ناوخۆیی کەرکوک نزیکبۆتەوە لە تەواوکردنی پلانی چاککردنەوەی پردەكانی پارێزگاکە کە لە میانهی شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا زیانیان بەرکەوتبوو.
بەڕێوبەری راگەیاندنی کەرکوک، مەروان عانی وتی: "دوای ئەوەی تیرۆریستان لە کۆتاییەکانی 2017 کرانە دەرەوەی پارێزگاکەمان، پلانێکمان دانا بۆ سهرجهمی ئەو 28 پردەی لە ئاکامی کردەوە تیرۆریستییەکان و چالاکییە سەربازییەکاندا زیانیان بەرکەوتبوو."
بە دیارونای وت: "پردەکان گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە سەرباری ئاسانکاریی هاتوچۆ بۆ ناوەوە و دەرەوەی پارێزگاکە، ژیانەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و بەرهوپێشبردنی پڕۆژەکانی بیناسازی و گەشەپێدان."
وتی: "لە چەند ساڵی رابردوودا، تاڕادەیەکی باش سەرکەوتووبووین لە نۆژەنکردنەوەی زۆربەی ئەو پردانەی كه دەوروبەری شاری کەرکوک دەبەستنەوە بە ناحیە و قەزەکانی پارێزگاکەوه."
یەکێک لەو پردانەی ساڵی رابردوو تەواوبوون، پردی مریهم بهگه لەسەر رێگای نێوان کەرکوک و تکریت.
عانی ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە تێچووی ئهو پردە، کە 180 مەتر درێژە و 12 مەتریش پانە، 1.4 ملیار دینار (1.18 ملیۆن دۆلار) بوو.
وتی پردی بای حەسەنیش، کە کەرکوک بە موسڵەوە دەبەستێتەوە، ئێستا تەواوبووە و کراوەتەوە.
لەهەمانکاتدا، کارکردن لە دوو پردی سەرەکیدا هێشتا بەردەوامە: ئاڵتون کۆپری، كه پردێکی کۆنه و کەرکوک دەبەستێتەوە بە هەولێرهوه، هەروەها پردی زەغەیتون لەسەر رێگای کەرکوک-تکریت.
عانی وتی نۆژەنکردنەوەی هەردوو پردەکە زیاتر لە نیوەی تەواوبووە، کە بەتەواوی وێرانکرابوون لە میانهی شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە تێچووی کارەکان لەلایەن كۆمهكی دارایی بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە، دابینكراوه.
وتی هەروەها هەوڵەکانی حکومەتی ناوخۆیی پێکدێن لە چاککردنەوە و چاودێریکردنی ئەو پردانەی كۆن بوون و وتیشی توانیویانە سێ پردی پێویست لە ناوەندی شاری کەرکوکدا نۆژەنبکەنەوە.