حکومەتی ناوخۆی سەڵاحەدین پاکێجێکی ئامادەکردووە لە پڕۆژەکانی بونیادنانەوە لەو شارانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە، پارێزگاری پارێزگاکە، عەمار جابر هەینی (3 نیسان) بە دیارونای وت.
وتی حکومەت "دەیویست کۆنفرانسێکی گەورە لە بەغدای پایتەخت لە 18 ئازار ڕێکبخات بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتە بەخشەرەکان، یەکێتی ئەوروپا، بانکی جیهانی و کۆمپانیاکانی بونیادنانەوە".
ئامانجی کۆنفرانسەکە گفتوگۆکردن بوو لهسهر شێوازهكانی یارمەتیدانی پارێزگاکە لە سڕینەوەی کاریگەرییەکانی تیرۆریزم و بونیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکەی.
وتی بەڵام بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوه (كۆڤید-19)، "بڕیارماندا کۆنفرانسەکە دوابخەین تا مەترسییەکانی پەتاکە نامێنن".
جابر وتی: "ئەم ئالەنگارییە رێگریی لە ئێمە، وەک حکومەتی ناوخۆ، نەکردووە لە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ پێشخستنی دۆخی پارێزگاکەمان و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی سیستمی ژینگهیی."
وتیشی: "پاکێجێکی نوێ لە پڕۆژەی بونیادنانەوە ئامادەکراوە کە تێیدا سەرنجی تایبەت لەسەر ئەو شار و شارۆچکانەیە کە لە شارەکانی دیکە زیاتر بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بێجی، یهسریب و عهلەم."
پاکێجەکە پێکدێت لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی دەیان پڕۆژەی وێرانکراو لە چەندین سێکتەری جیاوازدا، وەک تەندروستی، پەروەردە، پرد، ڕێگا، نیشتەجێبوون، کارەبا و ئاوی خواردنەوە.
جابر وتی: "هەموو لێکۆڵینەوە [پێویستەکان]مان تەواوکردووە بۆ دەستپێکردن به کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژانە لەمساڵدا."
كۆمهكی دارایی زیاتر پێویستە بۆ بونیادنانهوه
جابر وتی هاوکات، کارەکانی بونیادنانەوە بەردەوامن لهو پڕۆژانەدا کە پێشتر دەستیانپێکراوە، سەرباری نەبوونی كۆمهكی دارایی پێویست و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "ئەو یارمەتییە داراییانەی لە بودجەی ساڵانەی وڵاتەکەدا پێشکەشی سەڵاحەدین دەکرێت هاوتای ئەو زیانە نییە کە پارێزگاکە بەریکەوتووە".
وتی لایهنی دارایی پڕۆژەکان ئەمڕۆ پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستێت: كۆمهكی دارایی نیشتمانی بۆ بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
لە دوو ساڵی رابردوودا، لانیکەم 30 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدراون بە یارمەتییە داراییە نیشتمانییهكان.
کارکردن لەسەر 40 پڕۆژەی دیکە بەردەوامە، بە تێچووی کۆی گشتی 43 ملیار دینار (35 ملیۆن دۆلار).
جابر وتی: "یارمەتییەکە لە بواری بونیادنانەوەی خزمەتگوزارییەکانی کارەبادا لە بێجی خەرجکراوە، کە 253 محاویلهی تێكچوو گۆڕدران، چەندین عەمودی کارەبا چەقێنران و هێڵەکان درێژکرانەوە بۆ گەیاندنی کارەبا بە ناوچەکانی دەوروبەر."
وتی هەروەها یارمەتییە داراییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەیەکی سەرەکیی ئاو لە بێجی بەکارهێنران بە گوژمەی 2.5 ملیار دینار (2.1 ملیۆن دۆلار)، لەگەڵ کردنەوەی خوێندنگە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکەی یهسریب.
ناوبراو وتی یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی لە ئێستادا لەژێر کارکردندان پڕۆژەیەکی 11.7 ملیۆن دۆلارییە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شاڕێگەیەی کە شارەکانی تکریت و موسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و تیرۆریستییەکاندا.