هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

عێراق پێش رەمەزان رێوشوێنه‌كانی قەدەغەی هاتوچۆ هێواشده‌كاته‌وه‌

خالید تائی

سەربازێکی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری رەمادی جێبەجێدەکات. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

سەربازێکی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری رەمادی جێبەجێدەکات. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

حکومەتی عێراق سێشەممە (21 نیسان) قەدەغەی هاتوچۆی بەمەبەستی بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19) هێورکردەوە پێش دەستپێکی رەمەزان لەم هەفتەیەدا.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی کە ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای له‌سه‌رشانه‌، هەندێك لە رێوشوێنه‌كانی قەدەغەی هاتوچۆی لابرد و هی نوێی راگەیاند بۆ قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان 7 ئێوارە بۆ 6 بەیانی، لەکاتێکدا رۆژانی هەینی و شەممەی کۆتایی هەفتە قەدەغەی هاتوچۆ به‌ تەواوی ده‌بێت.

دوای نزیکەی مانگێکی تەواو لە سەپاندنی بەربەستەکان، هاتوچۆ بەپێ و بە ئۆتۆمبیل گەڕاوەتەوە بۆ شەقامەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لەکاتی رۆژدا.

پەرلەمانتارێكی عێراق و ئەندامی لیژنەی پەرلەمانیی قەیرانی کۆڤید-19، جەواد موسەوی وتی بەڵام ئەم هەنگاوە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

نەخۆشخانەیەکی مەیدانی کە چارەسەری نەخۆشەکانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە 21 نیسان کرایەوە لە ناوچەی روسافەی بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق]

نەخۆشخانەیەکی مەیدانی کە چارەسەری نەخۆشەکانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە 21 نیسان کرایەوە لە ناوچەی روسافەی بەغدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق]

بە دیارونای وت: "لە ماوەی داهاتوودا، چاودێریی هەر کاریگەرییەکی نەرێنی دەکەین لە ئەنجامی هێورکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆدا." وتیشی ده‌كرێت قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بسه‌پێنرێته‌وه‌ گەر رێژەی مەرگ و توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبکات.

هه‌روه‌ها وتی بڕیاری هێورکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە ئەنجامی "کاریگەریی تووندی بووە لەسەر ژیانی خێزانە کەمدەرامەتەکان و کرێکارەکانی رۆژانە کە بەم قەدەغەیە زیانیان بەرکەوتووە".

موسەوی وتی حکومەت مەبەستێتی بەردەوامیش بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاوڵاتیان بە دەستپێکردنەوەی کار لە هەندێك لە دەزگاکانیدا.

بەگوێرەی رێنماییە نوێکان، دەکرێت له‌سه‌دا 25 ستافی فه‌رمانگه‌كانی حکومەت دەوامبکەن.

هەنگاوە سەرەکیەکانی قەدەغەی هاتوچۆ دەمێننەوە

موسەوی وتی لیژنەکە بڕیاری خۆی بۆ هەڵپەساردنی کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆکان و شوێنەکانی پەرستن، کافێکان، یاریگاکانی وەرزش، مۆڵەکان و هۆڵەکانی هاوسەرگیری هێشتۆتەوە.

هاوڵاتیان ئەنجامدانی پرسە و گردبوونەوەی گەورە و هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانیشیان لێ قەدەغەکراوە.

لیژنەکە داوای لە هەموو عێراقیەکان کرد دەمامك و دەستکێش بپۆشن لەکاتێکدا لە دەرەوەن.

موسەوی وتی وەزارەتی تەندروستی چەند تیمێکی نوێی پشکنینی دروستکردووە بۆ چاودێریكردنی هەر پێشێلکارییەك بەرامبەر ئەم رێنماییانە.

وتی وەك بەشێك لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، یەکەمین نەخۆشخانەی مەیدانی تایبەتمەند بە توانای 130 قەرەوێڵەوە سێشەممە لە ناوچەی روسافەی بەغدا نزیك بە نەخۆشخانەی خەتیب کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

وتیشی نەخۆشخانەیەکی مەیدانی دیکە دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بکرێتەوە لە ناوچەی کەرخی بەغدا، هه‌روه‌ها له‌ نەجەف و بەسرە و ئەنبار.

تا 22 نیسان، عێراق 1,602 کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردووه‌، كه‌ له‌وانه‌ 83 مردوون و 1,096 چاکبوونەته‌وە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500