هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

لە رەمەزانی نوێدا له‌ بەغدا بانگده‌درێت بۆ نوێژكردن و خۆلادان لە کۆرۆنا

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی خێزانێك لە 7 ئایار لە پەنجەرەیەکەوە سەیری سەید موزاحیم دەکەن، 'بانگدەری پارشێو'، لەکاتێکدا داوا لە موسڵمانان دەکات دوایین ژەمیان بخۆن پێشئەوەی رۆژی نوێی بەڕۆژووبوون دەستپێبکات پێش خۆرهەڵاتن، لە گەڕەکێکی بچوکی بەغدای پایتەختی عێراق. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی خێزانێك لە 7 ئایار لە پەنجەرەیەکەوە سەیری سەید موزاحیم دەکەن، 'بانگدەری پارشێو'، لەکاتێکدا داوا لە موسڵمانان دەکات دوایین ژەمیان بخۆن پێشئەوەی رۆژی نوێی بەڕۆژووبوون دەستپێبکات پێش خۆرهەڵاتن، لە گەڕەکێکی بچوکی بەغدای پایتەختی عێراق. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەغدا شارێكی نزیك دە ملیۆن کەسییە، لەمساڵدا شێوازێکی نوێی رەمەزانی لەخۆگرتووە بەهۆی ئەوەی کاربەدەستان قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەیان راگەیاندووه‌ بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19).

چەند كاتژمێرێك پێش سپێدە، سەید موزاحیم هاوارده‌كات بەنێو گەڕەکێکدا لە بەغدای کۆن، بڵندگۆیەکی پێیە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی.

موزاحیم "بانگدەری پارشێو"ی گەڕەکەکەیە و بەرپرسە لەوەی لەکاتی رەمەزاندا بیری موسڵمانان بهێنێتەوە تا دوایین ژەمیان بخۆن پێشئەوەی رۆژێکی نوێی بەڕۆژووبوون دەستپێبکات بە هەڵهاتنی خۆر.

هاواردەکات "رۆژوەوانان، هەستن له‌ خه‌و،" له‌كاتێكدا بەنێو شەقامەکاندا دەڕوات و لە تەپڵەکەی دەدات وەك چۆن برا گەورەکەی و باوکی پێش ئەو وایانکردووە.

بەڵام شیعرەکانی لەمساڵدا شتێکی نوێیان بۆ زیادبووە: "بەشکم رەمەزان ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدووربگرێت،" و "خودا عێراقیەکان لە کۆڤید-19 بپارێزێت".

عێراقیەکان رۆتینی رەمەزانی خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەی له‌ئاره‌دایه‌ لەنێوان 5 ئێوارە بۆ 5 بەیانی -- ئەو كاتژمێرانه‌ی بەغدا زیندوو دەبووەوە بە ئاهەنگی گەورەی رۆژووشکاندن و راکردنی شەوانە بۆ شیرینی و سەردانی نیوەشەوی مزگەوت.

لەجیاتی ئەوە، عێراقیەکان پێش دەستپێکی قەدەغەکە بەنێو بازگەکاندا دەکەونە پەلەپەل، لە ماڵەوە بەتەنیا نوێژدەکەن و شیرینی نەرێتی ده‌برژێنن کە پێشتر لە دوکانەکان کڕدراوە.

کەشێکی سەنگین و گۆشەگیر باڵی بەسەر پایتەختدا کێشاوە، چونکە کاردانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی بەسەرەوە بەجێهێشتووە لە ئێوارەوە تا سپێدە.

شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ

دوای ئەوەی موزاحیم بانگەوازی پارشێو تەواودەکات -- کە راستیەکەی پێشێلکردنی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەیە -- خۆر لە بەغدا هەڵدێت، کە دووەمین گەورەترین پایتەختی عەرەبیە لەڕووی دانیشتوانەوە.

کاتی نیوەڕۆ، گەرما روو لە شەقامەکان دەکات و وا لە پۆلیسەکانی هاتوچۆ دەکات بەدوای بستێك سێبەردا بگه‌ڕێن. بانگی نوێژ لە سەدان مزگەوت بەرزدەبێتەوە و داوا لە موسڵمانان دەکەن لە ماڵەوە نوێژبکەن.

کەمێك دواتر، نۆرەی موسا بده‌یرییه‌.

رۆژی دووجار، ئاگرکوژێنەوەکە بڵندگۆی سەر ئۆتۆمبیلەکەی بەکاردەهێنێت تا داوا لە خەڵك بکات لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆیان بەدووربگرن لە گردبوونەوە و بەردەوام دەستیان بشۆن.

قوڕگ و لێوەکانی درزیان تێکەوتووە بەڵام وەك موسڵمانێکی پابەند، بده‌یری خۆی بەدووردەگرێت لە خواردنەوە لەم رۆژە درێژە سوتێنەرانەدا.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارەکەمان دووقات بووه‌. دەبوو چەند هەڵمەتێکی پاکژی رێنماییە فەرمییەکان پەخش بکەین لەڕێی بڵندگۆکانمانەوە لەسەر ئۆتۆمبیلی بەرگری شارستانی و لە ناوەندەکەشمانەوە."

لای دوانیوەڕۆ خۆری بەتین کزتردەبێت لەکاتێکدا مورتەزای 22 ساڵ بەنێو قه‌ره‌باڵغیی ئۆتۆمبیله‌كاندا تێده‌په‌ڕێت لەسەر ماتۆڕەکەی.

له‌پشتییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پاكه‌ته‌ خۆراك کە دەبێت پێشئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەستپێبکات بیانگه‌یه‌نێت.

چێشتخانەکان ماوەی دوو مانگە بەڕووی سەردانکەراندا داخراون، بەڵام بە ئاساییکردنەوەی رێنماییەکان، رێگەیان پێدەدرێت خواردنەکان بگوێزنەوە بۆ ماڵان.

مورتەزا لەئێستادا رۆژانە نیو دەرزەن پاكه‌ت دەگوێزێتەوە، نزیکەی چارەکێکی ئەوەی پێشتر لە رەمەزاندا ده‌یگه‌یاندن.

شۆکی دوولایەنەی کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەوتنی نرخی نەوت بەشێوەیەکی تووند لە عێراقی داوە و بانکی جیهانی پێشبینی ده‌كات كه‌ دەکرێت ئاستی هەژاریی هەنووکە دوو هێندە بکات بۆ له‌سه‌دا 40.

ئێوارە سامناكه‌كان

خۆر له‌ ئاوابووندایه‌، سێبەرێکی گەورە باڵدەکێشێت بەسەر مەزارگەی عەبدولقادری گەیلانیدا، ئەو شوێنەی ئەو کەسایەتییە سوفییەی تێدا نێژراوە.

بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا، شێخ یەڵماز یوسف، 70 ساڵ، ئەو مەزارگەیە و مزگەوته‌كه‌ی ته‌نیشتی بە بەتاڵی دەبینێت.

یوسف بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لە 1970کانەوە تائێستا، هەرگیز دەرگای ئەم مەزارە پیرۆزەم بە داخراوی نەبینیووە. بەڵام کاتێك بینیم دەستمکرد بە گریان."

بە هاتنی ئێوارە، گڵۆپە بچوکەکان کە مزگەوتەکەیان رازاندۆتەوە هەڵدەکرێن و بانگی ئێوارە -- كه‌ داوا له‌ موسڵمانان ده‌كات تا لە ماڵەوە رۆژووەکانیان بشکێنن -- بەنێو شاردا دەنگدەداتەوە.

عێراقیەکان ژەمێکی خاکەڕایی لەگەڵ خێزانەکانیان دەخۆن، رابردوو بیری خۆیان دەهێننەوە کە تیایدا بە دەیان خزم و دراوسێ و هاوڕێ بانگهێشتی ژەمەکان دەکران.

لەجیاتی کوشکی شیرینی و یاری منداڵان لە شەقامەکاندا، کاتەکانی شەویان بە یاری کارت و سەیری تەلەفزیۆن بەسەردەبەن.

لە پەخشی هەواڵی شەوانەدا، کەناڵە عێراقیەکان ژمارەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رادەگەیەنن: 3,700 کەیس لە تەواوی وڵاتدا و زیاد لە 130 مردوو.

ئێستاکە ژمارەکان خێراتر بەرزدەبنەوە، کە پێشهاتێکی خەمهێنەری پێش پشووی جەژنە -- کە زیاتر بۆنەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ گردبوونەوە خێزانییە گەورەکان.

بە نزیکبوونەوەی سپێدە، تەپڵ بەنێو شەقامە تاریکەکاندا دەنگدەداتەوە و بانگدەری پارشێو دەستدەکات بە بانگەوازکردنی موسڵمانان تا دوا ژەمی پێش رۆژووەکەیان بخۆن.

رۆتینی نوێی بەغدا دووبارە دەستپێدەکاتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500