رەمەزان رۆژی هەینی (24 نیسان) دەستیپێکرد لە عێراق، لەکاتی قەدەغەیەکی هاتوچۆی بێوێنەدا بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، کە وایکرد عێراقیەکان مانگی پیرۆزی رەمەزان بهسهربهرن لەگەڵ قەدەغەكردنی گردبوونەوەی خێزانی و نوێژی بەکۆمەڵ.
رەمەزانی ئەمساڵ ئیفتاری بەکۆمەڵی نێو خەڵك و ئەو چالاکیانە بەخۆوە نابینێت کە هەموو ساڵێك رێکدەخران بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆی 7 ئێوارە بۆ 6 بەیانی و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوهتی لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا، هەینی و شەممە.
رازی حەسەن، 64 ساڵ، لە جەدیدەی بەغدا هەینی بە دیارونای وت لەمڕۆدا مزگەوتەکان داخراون و نوێژی بەکۆمەڵ و تەراویح و گردبوونەوەی دیکە هەموویان هەڵپەسێردراون لەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
وتی: "پێشتر لە خراپترین دۆخی ئەمنیدا راهاتبووین تەواوی نەریت و رێورەسمە ئایینیەکانی پەیوەست بە رەمەزانەوە ئەنجامبدەین، بەڵام لەمساڵدا دەبێت هەڵیانبپەسێرین."
وتیشی: "نزادەکەین ئەم دەردە لەناوبچێت و هەموو ئەوانەی تووشبوون چاكببنەوە."
مەیادە عەواد، ژنی ماڵەوە لە گەڕەکی ریسالەی بەغدا وتی: "پەتاکە لە خۆشی رەمەزان بێبەریی کردووین کە بریتییه له سەردانی خزمان و پێکەوە بەڕۆژبوون لەکاتی ژەمەکانی ئیفتار و پارشێودا."
وتی: "بەڵام دەبێت پابەندی هەموو هەنگاوە بەرپێگرەکان بین تا بە سەلامەتی زاڵبین بەسەر ئەم بەڵایەدا."
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا خالید مەحنا بە دیارونای وت وەزارەتهكه هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێدەکات کە لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیەوە دەرکراون.
وتی: "لیژنەکە چەندین هەنگاوی بەرپێگرانەی هەڵگرتووە کە لەکاتی رەمەزاندا بەردەوامدەبن."
وتیشی وەزارەتەکە "ناچارە ئەم بڕیارانە جێبەجێبكات لەگەڵ هەر هەنگاوێکی حکومی نوێ کە دهربكرێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە".
ئەمنیەتی پتهوتر
مەحنا وتی وەزارەتهكه باش خۆی ئامادەکردووە بۆ خۆگرتن بەرامبەر هەر دۆخێکی کتوپڕ کە دەکرێت لەم مانگەدا بێتهپێشهوه.
وتی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان چەند هەنگاوێکیان ناوە بۆ باشترکردنی ئاسایش، لەنێویاندا "زیادکردنی هێرشەکان بۆسەر حەشارگەکانی تیرۆریستان".
وتیشی بەمدواییانە چەندین ئۆپەراسیۆن دژی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچە بیابانی و چیایی و دەشت و گوندە دوورەدەستەکان ئەنجامدراون.
مەحنا وتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە یاوەری چالاکی هەواڵگریی گهوره ئەنجامدراون و وتیشی هەواڵگران چاودێریکردن و بەدواداچوونی شانە نوستووەکانی داعش و دابینکردنی زانیاری و یارمەتیدانی شکستهێنان بە پلانەکانی چەکداران لەکاتی خۆیدا دابیندەکەن.
وتیشی شەپۆلی هێرشە تیرۆریستیەکانی ئەمدواییانە لەلایەن ژمارەیەکی سنوورداری پاشماوەکانی داعشەوە ئەنجامدەدرێن "کە دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت بیسەلمێنن کە بوونیان هەیە، بەڵام درەنگ یان زوو لەناویاندەبەین".