حکومەتی خۆجێی ئەنبار پلانێکی کتوپڕ جێبەجێدەکات تا یارمەتی کەمکردنەوەی فشار بدات لهسەر خێزانە ئاوارەکان لەکاتێکدا قەدەغەی هاتوچۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لەئارادایە، بەرپرسێکی ناوچەکە چوارشەممە (15 نیسان) وتی.
عێراق قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەریی راگەیاندووە لە 22 ئازارەوە تا 19 نیسان.
راوێژکارێکی پارێزگاری ئەنبار، مازن خالید ئەبو ریشە، وتی پلانەکە جێبەجێدەکرێت بە هاریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەندین دەزگای دیکەی وەك نوسینگەی وەقفی سوننی لە ئەنبار.
وتی: "هەوڵەکانمان تەرکیزیان لەسەر دابینکردنی خۆراك و فریاگوزارییە بۆ خەڵکە ئاوارەکە و ئەوانەی گەڕاونەتەوە [بۆ پارێزگاکە]." وتیشی حکومەتی خۆجێی مەبەستێتی کاریگەرییە ئابورییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ کەمبکاتەوە لەسەر ئەم خەڵکانە، کە زۆرێکیان کرێکاری رۆژانەن.
![تیمە فریاگوزارییە خۆجێیەکانی ئەنبار لە 25 ئازار کۆمەکی خۆراك دابەشدەکەن بەسەر ئەو خێزانانەدا کە له ئاوارەیی گەڕاونەتەوە. [خاوەنی وێنە: خالید ئەبو ریشە، راوێژکاری پارێزگاری ئەنبار]](/cnmi_di/images/2020/04/15/23554-Iraq-Anbar-displacement-600_384.jpg)
تیمە فریاگوزارییە خۆجێیەکانی ئەنبار لە 25 ئازار کۆمەکی خۆراك دابەشدەکەن بەسەر ئەو خێزانانەدا کە له ئاوارەیی گەڕاونەتەوە. [خاوەنی وێنە: خالید ئەبو ریشە، راوێژکاری پارێزگاری ئەنبار]
وتی دوو ناوەندی نشینگە لە ئەنبار هەن: یەکێکیان لە قەزای گەشتیاریی حەبانیە و ئەویدیکە لە ناوچەی عامریەت فەلوجە و ئاماژەیکرد بەوەی نزیکەی 1,600 خێزان لەخۆدەگرن کە هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
ئەبو ریشە وتی: "بەشێوەیەکی ئاسایی سهبهتهی خۆراك بۆ ئەو خێزانانە دابیندەکەین لەگەڵ ماددەی پاکژکردنەوە، جگە لە دهمامك و دەستکێش بۆ بەرگرتن لە ئاڵودهبوون به ڤایرۆسی کۆرۆنا."
وتی تیمەکانی فریاگوزاری خۆجێی بەشێوەیەکی ورد چاودێریی دۆخی خێزانەکان دەکەن و کاردەکەن بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییە بنەڕەتیەکانیان.
وتیشی تیمەکانی دیکە بە ماددەی پاکژکەرەوە کەمپەکان پاکدەکەنەوە و خەڵکهكه فێردەکەن دەربارەی گرنگی پەیوەستبوون بە خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی و هەموو هەنگاوە بەرپێگرەکانهوه دژی ئەم ڤایرۆسە.
ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خێزانەکانی ئەنبار
ئەبو ریشە وتی: "ههرچی ئەو خێزانە ئاوارانەشه کە گەڕاونەتەوە بۆ ئەنبار، کۆمەکی فریاگوزاریمان بۆ نزیکەی 5,000 خێزان دابینکردووە لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگاکە."
وتی: "هەروەها 15,000 سهبهتهی خۆراکمان دابینکردووە لە وەقفی سوننەوە."
وتیشی هاوتەریب بەم هەوڵانە، حکومەتی خۆجێی کاردەکات بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ئەنبار، لەگەڵ ئەوانەی کە بەمدواییانە گەشتیانکردووە بۆ پارێزگاکانی دیکە یان دەرەوەی وڵات و بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن بگەڕێنەوە.
ههروهها وتی چەندین لیژنە دامەزرێنراون بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕانەوەیان.
ئەبو ریشە وتی بڕیارە نزیکەی 250 خێزانی ئاوارە لەم هەفتەیەدا لە پارێزگای هەولێرەوە بگەڕێنەوە، کە گروپی دیکەیان بەدوادا دێت.
وتی سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی 200 خێزان لە ئەردەنەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەنبار لەم چەند رۆژەی دواییدا.
وتیشی: "لەڕێی دەروازەی سنووری ترێبڵەوە وەرگیران دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکییان بۆ کرا تا دڵنیایی بدرێت لەوەی هیچیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون."
سڵاوی خوداتان لێبێت! ئێوه ههرگیز كهس پشتگوێ ناخهن! ئێوه خهڵكێكی بهخشندهن. خودا تهندروستی و سهلامهتی و ژیانێكی درێژتان پێببهخشێت!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت