سەرچاوە سەربازییە ئەمریکی و عێراقییەکان دووشەممە (30 ئازار) وتیان ئەمریکا یەکەکانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ناردووە بۆ بنکە سەربازییەکانی عێراق بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا کە لەمدواییانەدا لەلایەن موشەکی ئێرانییەوە کرانە ئامانج.
واشنتۆن و بەغدا دانوستانیان کردبوو بۆ دانانی سیسستمی بەرگرییەکە لە کانونی دووەمدا، ئەوکاتەی تاران موشەکی بالیستی گرتە بنکەی عەین ئەسەدی سەربازی له عێراق، کە هێزهكانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵهتی لهخۆدهگرێت.
بەگوێرهی بەرپرسێکی بهرگری ئەمریکی و سەرچاوەیەکی سەربازی عێراق، یهكێك له یەکەكانی پاتریۆت هەفتەی رابردوو لە بنکەی عەین ئەسەد دانراوە و دەستکراوە بە بەستنی پارچەکانی.
بەرپرسە ئەمریکییەکە وتی یەکەیەکی دیکە نێردراوە بۆ بنکەیهك له هەولێر.
بەرپرسەکە وتیشی دوو یەکەی دیکە كه دانراون بنێردرێن بۆ عێراق، هێشتا لە کوەیت ماون.
سیستمەکانی پاتریۆت راداری زۆر بەتوانا لەخۆدەگرن بۆ ئاشكراكردنی موشەکەکان و توانای لەناوبردنی موشەکی بالیستییان هەیە لە ئاسماندا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەولەتی ئاستی هێزەکانی لە عێراق کەمکردەوە و دووشەممە لە بنکەیەکی سەربازی لە موسڵ کشایەوە، ئەوەش چوارەم شوێن بوو لەم مانگەدا هێزی لێکشانەوە.
بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وتیان دوا ئامانج بەردەوامیدانە بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق کە دژ بە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) شهڕدهكهن، بەڵام لە "بنکەی کەمترهوه و بە کەسانی کەمتر".
هاوپەیمانییەکە هەروەها بەشێوەیەکی کاتی سەدان راهێنەری کشاندۆتەوە لەکاتێكدا سوپای عێراق هەموو راهێنانێکیان راوەستاندووە لە سەرەتای ئازارەوە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (كۆڤید-19) لەناو هێزەکاندا.