سەرۆکی عێراق سێشەممە (17 ئازار) پارێزگاری پشێووی نەجەف عەدنان زورفی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت وەك سەرهكوەزیرانی نوێ، تا ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات کە گیرۆدەی دەستی خۆپێشاندانی جەماوەری و پشێوییه و ئێستاش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
راسپاردنەکە چەند کاتژمێرێك دوای ئەوە بوو كه بنکەیەکی سەربازی کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆی لێیە دوو موشەکی بەرکەوت و بەرپرسانی سەربازی دەڵێن قوربانی لێنەکەوتەوە، ئەوەش سێیەمین هێرشی هاوشێوەیە لە ماوەی یەك هەفتەدا ئەنجامدەدرێت.
ئەندام پەرلەمان زورفی، تەمەن 54، پارێزگاری پێشووتری شاری پیرۆزی نەجەف بوو، پێشتریش سەر بە حزبی دەعوە بووە، ئەو هێزەی ماوەیەکی زۆر ئۆپۆزسیۆنی دیکتاتۆری پێشوو سەدام حسێن بوو.
سەركۆمار بەرهەم ساڵح وتی زورفی راسپاردووە ببێتە شوێنگرەوەی سەرهكوەزیرانی دەستلکارکیشاوە عادل عەبدول مەهدی، كه لە کانونی یەکەم دەستی لە کار کێشایەوە، لەکاتێکدا عێراق گیرۆدهی شەپۆلێكی خۆپیشاندانی دژه حکومەت بووه.
زورفی، ئەندامێكی هاوپەیمانی نەسر، کە لەلایەن سەرهكوەزیرانی پێشوو حەیدەر عەبادی سەرکردایەتی دەکرێت، ئێستا 30 رۆژی هەیە بۆئەوەی حکومەت پێكبهێنێت و دواتر دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پهسهندبکرێت.
راسپاردنەکەی لە کاتێكی شڵەژاندایە لە عێراق، کە شەش مانگە دەناڵێنێت بەدەست خۆپیشاندان و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاتنەوەی هێرشی موشەکی کە واشنتۆن ئەنجامدانیان دەخاتە ئەستۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لایەنە سیاسییەکان بەچڕی تاووتوێی ناوەکانیان دەکرد بۆ چهند رۆژێك تا کەسێك بدۆزنهوه كه "نابەرەنگار" بێت، له ههوڵێكدا بۆ راگرتنی رەوشی هەنووکەیی.
راسپێردراوی پێشوو، محەمەد عەلاوی، شکستی هێنا لە پێكهێنانی کابینەی حکومەت لە 2 ئازار، کە سهركۆمار ساڵحی رووبهڕووی دوامۆڵهتێكی نوێی 15 رۆژی كردهوه كه سێشەممە تەواودهبوو.
موشەك لە بنکەیەك دەدات
بانگەوازەکەی سەركۆمار چەند کاتژمێرێك دوای هێرشێكی بهرهبەیان هات کە هێزە بیانییەکانی لە عێراق کردە ئامانج.
دوو موشەك بەر بنکەی بەسمایە کەوتن کە نزیکەی 66 کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە، بەگوێرهی هێزه سەربازییهكانی عێراق و ناتۆ و ئهو هاوپەیمانییەی ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، کە هەموویان هێزیان هەیە لەو بنکەیە.
هێزە سەربازییەکانی عێراق باسیان لە هیچ قوربانییەك نەکرد و ئەفسەری راگەیاندنی ناتۆش بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هیچ لە هێزەکانیان زیانیان بەر نەکەوتووە.
له هەفتەی رابردوودا ژمارەی هێرشه موشەکییهكان زیادیكرد بۆسەر بنکەکانی عێراق کە هێزە بیانییەکانی لێن و سێ ئەندامی هێزەکانی هاوپەیمانان له 11 ئازار کوژران لە هێرشێكدا بۆسەر بنکەی تاجی، کە جارێکی دیکە کرایەوە ئامانج لە 14 ئازار.
لە کۆتایی تشرینی یەکەمەوە 24 هێرش ئەنجامدراون بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا یان بنکەکانی هێزە بیانییەکانیان تیادان و سێ سەربازی ئەمریکی و یەك سەربازی بەریتانی و سەربازێكی عێراقییان کوشتووە.
هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان رانەگەیاندووە بەڵام واشنتۆن کەتائیب حیزبوڵا بە ئەنجامدانیان تۆمەتباردەکات، کە گروپێكی سەر بە ئێرانە و لەناو حەشدی شەعبیدایە، تۆڕێكی سەربازی کە کراوە بە بەشێك له هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت.
ئەمریکا لە تۆڵهی ئەوهێرشانەدا بۆردوومانی کۆگاکانی چەكی کەتائیب حیزبوڵای کرد لە سەرانسەری عێراقدا لە کانونی یەکەم و جارێكی دیکەش هەفتەی رابردوو.
هەروەها فەرماندەی باڵای ئێران قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبیشی کوشت لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە کانونی دووەم، ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئێران و ئەنجامدانی هێرشی موشەکی پێچەوانە.
بەغدا دادەخرێت
لهمیانهی ئهو نائارامییه سیاسیهدا، عێراق رووبەڕووی ئالهنگاریی رێگریکردن لە کاریگەرییهكانی ڤایرۆسی کۆرۆناش بۆتەوە.
بەگوێرهی ئەو ئامارەی ئاژانسی فرانس پرێس لە کارمەندانی تەندروستی کۆیکردۆتەوە، نهخۆشیی کۆڤید-19 بووهته هۆی مردنی 12 کەس لە عێراقدا و 133 کەسی تریش تووشبوون.
بەغدا لە کاتژمێر 11 ی شەوی سێشهممه قەدەغەی هاتوچۆ دهستپێدهكات بۆ شەش رۆژ لەکاتێكدا زیاتر لە نیوەی پاریزگاکانی دیکە قەدەغەی هاتوچۆی خۆیان راگەیاندووە بۆ ماوەی جۆراوجۆر.
هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی رۆشتن و هاتن لە وڵاتهكهوه راوەستێنراون تا 24 ئازار.
باڵاترین کەسایەتی ئایینی وڵاتەكه، ئایەتوڵا عەلی سیستانی سێشەممە رایگەیاند كه هەموو نوێژێکی بهكۆمهڵی قەدەغە کردووە له سهرانسهری وڵاتدا.
ئهم قەیرانه تەندروستییه گشتییه دوای شەش مانگ له خۆپیشاندانی جەماوەری دێت کە داوای لاچوونی توێژی دەسەڵاتدار دەکهن، کە بەگشتی وەك گەندەڵ و ناكارامه و ملکەچی ئێرانی دراوسێ دەیانبینن.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە بەغدا و باشوری زۆرینە شیعە کەمبوونەتەوە بەهۆی ئەم گەشەسەندنانەوە بەڵام تووندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران بەردەوامە.
کارمەندانی پزیشكی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت کۆتایی دووشەممە خۆپێشاندەرێك لە بەغدا بە گولەی چەکی راو کوژرا.
زیاتر لە 550 کەس کوژراون لە تووندوتیژییەکانی پهیوهست به خۆپیشاندانەکانهوه لە کۆتایی تشرینی یەکەمەوە.