ئەمریکا پێنجشەممە (26 ئازار) سزای نوێی خستەسهر تۆڕێکی گەورەی تاکەكهسان و ژمارهیهك کۆمپانیا له ئێران و عێراق کە پشتیوانیی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
تۆڕەکە تێوهشگلاوه له گواستنەوەی كۆمهكی کوشندە بۆ میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و نەوتی ئێرانیان بە رژێمی سوریا فرۆشتووە و چەکیان بە قاچاخ بۆ یەمەن بردووە، ئەمەش پێشێلکردنی سزا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتی دارایی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەو لایەن و کەسانە بە ئەنجامدان یان پشتیوانیکردن بەشداربوون لە قاچاخچێتیدا لەڕێی بەندەری ئوم قەسرەوە و لهڕێی چەند کۆمپانیایەکی عێراقییەوە پارەیان سپیکردۆتەوە و بەقاچاخ چەکیان بۆ عێراق بردووە.
وەزارەتهکە رایگەیاند کە پڕوپاگهندهشیان ئهنجامداوه بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران و بریكارهكانی و ههڕهشهیان له سیاسهتمهداران كردووه و ئەو یارمەتییە دارایی و بهخشینانهی دراون به دهزگایهكهی بهڕواڵهت ئایینی بهكاریانهێناوه بۆ پشتیوانیكردنی بودجەی سوپای پاسداران.
![خۆپیشاندەران دروشم دەڵێنەوە لەکاتێکدا بە بەردەم بیلبۆردێکی کەتایب حیزبوڵادا تێدەپەڕن لە میانهی خۆپیشاندانێکدا لە شاری بەسرهی باشوری عێراق، 17 کانونی دووەم. [حوسەین فەلاح\ئاژانسی فرانس پرێس]](/cnmi_di/images/2020/03/27/23260-Kataib-Hizbullah-Basra-600_384.jpg)
خۆپیشاندەران دروشم دەڵێنەوە لەکاتێکدا بە بەردەم بیلبۆردێکی کەتایب حیزبوڵادا تێدەپەڕن لە میانهی خۆپیشاندانێکدا لە شاری بەسرهی باشوری عێراق، 17 کانونی دووەم. [حوسەین فەلاح\ئاژانسی فرانس پرێس]
میلیشیاکانی سەر بە ئێران، وەک کەتایب حیزبوڵا و عەسایب ئەهل ئەلحەق، بەردەوامن لە بەشداربوون لە هێرشەکاندا بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەمریکا، ستێڤن تی منوچین، لەكاتی راگەیاندنی سزا نوێکاندا وتی: "ئێران تۆڕێکی لە چەند کۆمپانیایەک بونیادناوە بۆ دابینکرندی یارمەتی دارایی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە و سەرچاوەکانی خەڵکی ئێران دهبهنه دهرهوه."
منوچین رژێمی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە "خستنەپێشی لایەنە تیرۆریستییەکان لەجیاتی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک".
'دزینی هاوکارییە داراییە گشتییەکان'
فەرماندەی کوژراوی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی چاویکەوت بە سەرکردایەتی رێکخراوی نۆژهنكردنهوهی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق.
وەزارەتەکە رایگەیاند: "هەرچەندە بەڕووکەش دهزگایهكی ئایینییە، رێکخراوی نۆژهنكردنهوهی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق ملیۆنان دۆلاری گواستۆتەوە بۆ کۆمپانیای بەهجەت كەوسەر لە عێراق بۆ بونیادنان و بازرگانی سنووردار، کە بە کۆمپانیای کۆسار ناسراوە."
کۆمپانیای کۆسار کە ناوەندە سەرەکییەکەی لە عێراقە، لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداراندایە و وەکو بنکەیەک بۆ چالاکییەکانی هەواڵگریی ئێران لە عێراق کاریکردووە، لەنێویاندا گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
کۆمپانیاکە ملیۆنان دۆلاری بەدەستگەیشتووە لە حەواڵەکانی بانکی ناوەندی ئێران، کە بەهۆی پشتیوانییە داراییەکانیهوه بۆ سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان، سزای لەسەرە.
وەزارەتەکە رایگهیاند: "لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی ئێران هاوکارییەکانی رێکخراوەکەیان بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی بودجەی سوپای پاسداران، کە پێدەچێت هاوکاریی دارایی گشتی بن بۆ بونیادنان و نۆژەنکردنەوەی مەزارگە شیعەکان لە عێراق."
هەروەها سەرۆکی رێکخراوی نۆژهنكردنهوهی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق و دامهزراو لهلایهن سولەیمانییهوه محەمەد جەلال مەعەب سزای بەسەردا سەپێنراوە. مەعەب جێگای حەسەن پێلارەکی گرتهوه، ئەفسەرێکی هێزی قودسی سوپای پاسداران و هاوخاوەنی کۆمپانیاکە کە لەلایەن سولەیمانییەوە هەڵبژێردراوە وەک جێگری تایبەتی لیژنەیەکی هێزی قودسی سوپای پاسداران کە کار لەسەر چالاکییەکانی خۆلادان له سزاكان دەکات.
پێلارەک لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانیش کاریکردووە بۆ گواستنەوەی موشەک و تەقەمەنی و چەکی بچوک بۆ یەمەن.
عەلیڕەزا فەداکار، هاوخاوەنی کۆمپانیای کۆسار، لە عێراق له خزمهتی هێزی قودسی سوپای پاسداراندا كاریكردووه بۆ چەندین ساڵ و فەرماندەیهكی هێزی قودسیشە لە نەجەف.
محەمەد غورەیفی ئەندامێکی سوپای پاسداران و کارمەندی کۆمپانیای کۆسار کە پشتیوانی فەداکاری كردووه له بەڕێوەبردندا و ئاسانکاری کردووە بۆ گەشتکردنی بەرپرسانی هێزی قودسی سوپای پاسداران لەنێوان عێراق و ئێراندا.
مەسعود شوستاریپوستی، هاوخاوەنێکی دیکەی کۆمپانیای کۆسار، لە عێراق بۆ چەندین ساڵ بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران کاریکردووە و پارەی سپیکردۆتەوە.
شوستاریپوستی کاری لەگەڵ ماشەڵا بەختیاری کردووە، کە پێشتر پارەی بۆ کۆمپانیای کۆسار سپیکردۆتەوە و کاری لەگەڵ لقی بەغدای بانكی میللی ئێران کردووە بۆ ناردنی پارە بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران لە عێراق.
بانکی میللی لە 2018 سزای خرایەسەر بەهۆی کارکردن وەک کەناڵێک بۆ پارەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە هێزی قودسیش بۆ پشتیوانیکردنی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بەکاریانهێناوە.
خۆلادان له سزاكان لە ئوم قەسر
وەزارەتی دارایی سزای خستەسەرخزمەتگوزارییەکانی ئەلخهمائیل ماریتیم کۆمپانیایەکی عێراقی کە لە بەندەری ئوم قەسر چالاکە، ئەو شوێنەی هێزی قودس بەرژەوەندیی داراییان لێی هەیە.
هێزی قودسی سوپای پاسداران پەیوەندییەكانی لهگهڵ میلیشیاکان بەکارهێناوە بۆ خۆلادان له پرۆتۆكۆڵی حكومهتی عێراق بۆ پشکنین لە بەندەرەکە، هەروەها پارەی لە کۆمپانیا بیانییەکان و كهشتییهكان سەندووە لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی لە شوێنهكانی راگرتندا له بەندەرەکە.
وەزارەتەکە رایگهیاند كه خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمایل ماریتیم کاریکردووە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە نهوتییهكانی ئێران، ئەمەش پێشێلكردنی سزاكانی ئەمریکایە لە دژی رژێمی ئێران.
وەزارەتەکە سزاشی خستۆتەسەر حەسەن سابورینەژاد، کە بە ئەندازیار مورتەزا ناسراوە، لە بەشی ژمێریاریی خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمایل ماریتیم كاردهكات و ئاسانکاریکردووە بۆ هێنانەناوەوەی باری ئێرانی بۆ بەندەرەکانی عێراق به سوودی هێزی قودسی سوپای پاسداران.
سابورینەژاد لە بەشی ژمێریاری و چالاکییە ئابورییەکانی هێزی قودس لەنێوان ئێران و عێراق و سوریادا کاردهكات، لەنێویاندا کاری قاچاخچێتی لەسەر سنووری سوریا\عێراق.
هەروەها سەرپەرشتی رێی قاچاخچێتی دهكات بۆ یارمەتیدانی کەتایب حیزبوڵا و بەقاچاخبردنی کەلوپەلەکانی هێزی قودس لە ئێرانەوە بۆ نێو خاکی عێراق و یارمەتی کەتایب حیزبوڵا دهدات لە بەدەستهێنانی یارمەتی دارایی و گواستنەوەی کەلوپەلەکان بۆ دەرەوەی ئێران.
سابورینەژاد بەڕێوبەری گشتی و ئەندامێكی بۆردی بەڕێوبەرانی مهدائین نۆڤین ترەیدەرس، كه کۆمپانیایەکی ئێرانی و عێراقییە و سەروکاری لەگەڵ چەند بەرپرسێکی هێزی قودسی سوپای پاسداران هەیە کە ئەوانیش سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
وەلی گۆلیزادە، کە لەگەڵ سابورینەژاد کاریکردووە بۆ سوودی هەردوو خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمائیل ماریتیم و مهدائین نۆڤین ترەیدەرس، سزای ئابووری خراوەتەسەر، لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمائیل ماریتیم محەمەد سەید ئوزافە ئال بەهادیلی، هەروەها عەلی حوسەین فالح مەسنوری، کە بە سەید رەزوان ناسراوە، جێگری بەڕێوبەڕی گشتی و سەرۆکی بۆردی سەرۆكهكانی کۆمپانیاکەیە.
سەید رەزا موسهڤیفهڕ، کە بەرپرسیارە لە هەژمار و ژمێریاریی خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمائیل ماریتیم، لەگەڵ هێزی قودس کاریکردووە بۆ گواستنەوەی پارە بۆ میلیشیاکان، لهنێویاندا کەتایب حیزبوڵا و حیزبوڵای لوبنانی. لە 2014، موسهڤیفهڕ ملیۆنان دۆلاری بە دراوی بیانی گواستۆتەوە بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران.
موسهڤیفهڕ پشکی هەیە لە کۆمپانیای ئێرانی كۆمپانیای کیمیایی سامان له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هەژمارێکی هەبووە لە رەشید ئێکسچەینج، ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی دراو له ئێران کە دراوەکان بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران دەگۆڕێتهوه.
لهپاڵ ئهمانهشدا، عەلی فەرحان ئەسەدی سزای خراوەتەسەر بۆ کارکردن یان بوونی نیازی کارکردن یان نوێنەریکردن، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئهلخهمائیل ماریتیم.
بەرپرسانی هێزی قودس و میلیشیاکان سزادراون
بەرپرسێكی هێزی قودس سەید یاسر موساڤیر لە دەسپێکی 2014وە نێردراوەتە عێراق بۆ پشتیوانیکردنی هێزی قودسی سوپای پاسداران، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان بەرپرسانی گروپەکە و میلیشیا عێراقییەکاندا کردووە.
لە 2019، ناوبراو هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی قودسدا کردووە بۆ فرۆشتنی بەرهەمە نهوتییهكانی ئێران بە سوریا. لە 2018، لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەکاندا هەماهەنگیکردووە لەگەڵ عەسایب ئههل ئەلحەق وەک نوێنەری بەرپرسانی باڵای هێزی قودس.
مەهدی قاسمزادە بەرپرسێکی هێزەکانی قودسە و سزای بەسەردا سەپێنراوە بۆ کارکردن یان بوونی نیازی کارکردن، بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، له خزمهتی هێزی قودسی سوپای پاسداراندا.
شێخ عەدنان حەمداوی فەرماندەیهكی ئۆپهراسیۆنه تایبەتەکانی کەتایب حیزبوڵایە کە لە 2019 پلانی دانا بۆ ههڕهشهكردن لەو سیاسییانەی عێراق کە پشتیوانییان نهكرد له دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وەزارەتی دارایی ئەمریکا رایگەیاند.