فەرەنسا بەشداریی خۆی زیاتر دەکات بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێی راهێنانی دژە تیرۆریزم و مانۆڕەکانی پشتیوانی لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور.
بهمهبهستی ئهركێكی سێ مانگی له دهریای ناوهڕاستهوه بۆ ئۆقیانوسی ئهتڵهسی، گروپی کەشتیگەلی جەنگی فەرەنسا لە کۆتایی کانونی دووەمدا گەیشتە ناوچەکە. کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی و کەشتییەکی جەنگی یۆنانییش بەشداریدەکەن.
ئەو گروپە کەشتیگەلە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری چارڵز دی گۆڵ پێکدێت، لەنێویاندا 20 فڕۆکەی جەنگی داسۆڵت رافاڵ و دوو فڕۆکەی جەنگی هاوکی، لەگەڵ کەشتیەکانی شێڤالییه پاوڵ، ئۆڤێرجن، بریتێین و سورکۆف، کەشتی نەوتی ڤار و ژێردەریاییەکی ئەتۆم هەڵگری هێرشبەر.
وەك بەشێك لە مانۆڕەکان، لە 19 شوبات، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی میسر و فەرەنسا بەشدارییان کرد لە راهێنانێکی سەربازیی هاوبەشدا بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان.
بەگوێرەی هێزە چەکدارەکانی میسر لە مانۆرەکاندا کردەی گەڕان و فریاگوزاری هەبوون، راهێنان بۆ بەرگری و هێرشکردنە سەر ئامانجە دەریاییە گرنگەکان لە دەریای سوور، راهێنانی پڕکردنەوەی سوتەمەنی لە ئاسماندا و پاککردنەوە و لەناوبردنی مینەکانی دەریا.
بەگوێرەی نوسەر و توێژەری بەحرەینی، عەبدوڵا جونەید، راهێنانەکان گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە لە بەهێزکردنی ئاسایشی تەواوی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست و کەنداو.
فەرەنسا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناوچەکە لەڕێی پشتیوانییەوە بۆ هەوڵەکانی دژە تیرۆریزم بە لەناوبردنی هەڕەشەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و قاعیدە لە نیمچە دوورگەی سینا له میسر، جونەید بە دیارونای وت.
وتی: "هەوڵەکان لەسەر هەردوو ئاستی ئەمنی و سەربازی هاوتەریبن بە هەوڵی بێوچان بۆ گەشەپێدان و پشتیوانی ئابوریی ئەو وڵاتانەی ئاسایشیان لاوازە و کلیلێکن بۆ زاڵبوون بهسهر تیرۆریزمدا و لەناوبردنی بە بڕینی هێڵهكانی پشتیوانییان."
وتیشی فەرەنسا هەڵوێستێکی بەهێزی هەبووە لە بەرگرتن بە گروپە تیرۆریستیەکان لە فراوانبوونیان و دروستکردنی بنکە، کە هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەو گروپانەی وەك داعش و قاعیدە دەتوانن جێپێ دانێن لەو وڵاتانەی لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە ناسەقامگیرن.
جونەید داوای تێکشکاندنی بنکەکانی تیرۆریستان و پاراستنی ئاوەکانی ناوچەکەی کرد لەو رێچکانەی کۆچبەری نایاسایی کە تیرۆریستان بەکاریدەهێنن بۆ فراوانکردنی ئاستی چالاکیە تاوانکارییەکانیان لە تەواوی جیهاندا، بەتایبەتی لە ئەوروپا.
لەناوبردنی هەڕەشە تیرۆریستیەکان
لە ئابی 2014وە فەرەنسا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا لەڕێی ئۆپەراسیۆنی شامالەوە.
وتەبێژی وەزارهتی بەرگری عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ وتی: "پشتیوانیی فەرەنسا گوڕێکی بەهێزی داوەتە هێزەکانمان بۆ شکستهێنان بە تیرۆریزم و رزگارکردنی شارەکانمان."
بە دیارونای وت: "فەرەنسا پسپۆڕییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدانمان بۆ بەهێزکردنی سوپاکەمان و گەشەدان به توانای سەربازیی تەواو نوێ کە راهێنانی رووبەڕووبوونەوەی دوژمن لهخۆدهگرێت لە دۆخی ژینگەی شاری و شەڕی سەر شەقامدا."
وتی: "راهێنانی هاوبەشمان ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی تۆپخانەی زیندوو، ههروهها بەردەوام پێکەوە کاردەکەین لە ئاستی گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگریدا."
رەسوڵ جەختیکردەوە لەوەی فەرەنسا بەهیوایە توانا سەربازییەکانی وڵاتانی دیکە زیاتر بکات تا بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و خەڵکی خۆیان بپارێزن.
وتی گروپە تیرۆریستیەکان، وەك داعش و قاعیدە، نەك تەنیا زیان له تاكه وڵاتانێك دهدهن، بەڵکو ههڕهشهیهكن بۆ تەواوی جیهان بەگشتی، هەربۆیەش فەرەنسا و هاوپەیمانانی دیکە کاردەکەن بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشەیە.
فەرماندەی گروپی کەشتیگەلی فەرەنسا رێر ئهدمیراڵ مارك ئۆسیدات وتی فڕۆکە جەنگیەکانی رافاڵ لە چارڵز دی گۆڵەوە بەشێوەیەکی سەرەکی بەکارهێنراون بۆ كۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی چەکدارانی داعش لەگەڵ شێوازی چالاکیەکانی گروپەکە.
لەسەر کەشتی چارڵز دی گۆڵهوه لە 21 شوبات وتی زانیارییە هەواڵگرییەکان دەگوێزرێنەوە بۆ فەرماندەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی سەر زەمین دژی ئامانجەکانی داعش.
شیکاروانی ئەمنی، محەمەد روبەیعی وتی راهێنانە هاوبەشەکان لەگەڵ فەرەنسا زۆر گرنگن بۆ بنیاتنانی سیستمی سەربازیی ناوچەیی وا کە بتوانن رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریزم ببنەوە.
بە دیارونای وت: "فەرەنسا ناسراوە بە سوپا بەهێز و توانا سەربازییە بەرچاو و پێشکەوتووەکانی، کە دوودڵ نییە لەوەی بەکاریبهێنێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان و شانە ماوەکانیان و سەرچاوەکانی داراییان."
وتی: "فەرەنسا بهسهختی کاردەکات بۆ دابینکردنی پسپۆڕی و بەهێزکردنی تواناکانی هاوپەیمانانی و سوپاکانیان تا یارمەتییان بدات شەڕی تیرۆریزم بکەن."
روبەیعی وتی: "مانۆڕەکانی فەرەنسا و راهێنانەکانی مەشقكردنیان پەیامێك دەنێرن بۆ تیرۆریستان کە دەڵێت: سەرکەوتوو نابن لە بەهێزکردنەوەی خۆتان بۆ ئاستی رابردوو، ناشتوانن تاوانەکانتان ئەنجامبدەنەوە و تیرۆریزم لە جیهاندا بڵاوبکەنەوە."