چەندین حزبی سیاسیی شیعەی هاوسۆزی ئێران دژایەتی خۆیان بۆ دیاریکردنی سەرەکوەزیرانی راسپێردراو عەدنان زورفی دەربڕی، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لە دهستنیشانكردنی.
ئەو پەرلەمانتارە 54 ساڵە کە پارێزگاری پێشووی نەجەف بوو، سێشەممە (17 ئازار) دیاریکرا بە سەرەکوەزیرانی نوێی عێراق، کە دووەمین هەوڵە بۆ جێگرتنەوەی سەرەکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە عادل عەبدولمەهدی لەمساڵدا.
زورفی 30 رۆژی لهبهردهمدایه بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، کە پێویستە دەنگی متمانە بەدەستبهێنێت لە پەرلەمانە 329 ئەندامیەکەی عێراق.
هاوپەیمانێتیە شیعەکانی سەر بە ئێران دەستبەجێ رەتکردنەوەی خۆیان بۆ بڕیاری دیاریکردنی زورفی دەربڕی، بەجۆرێك هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە 'نادەستوری' لهقهڵهمیدا.
عامری لە بەیاننامەیەکدا وتی: "دەستور ئاماژە بەوە دەکات كه دیاریکردنی کاندید دەبێت لە گەورەترین هاوپەیمانێتیەوە بێت."
هاوپەیمانێتی فەتح پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی نیسانی 2018 دامەزرا و چەندین حیزب و میلیشیای هاوپەیمانی ئێرانی تێدایە کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە خزمەتکردنی کارنامەی ئێران، لەنێویاندا رێکخراوی بەدر، عەسائیب ئەهل حەق، کەتائیب حیزبوڵا و لیواکانی ئیمام عەلی.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبیەکان لە سەلاحەدین، سائیر بەیاتی هەینی بە دیارونای وت دیاریکردنی زورفی "گونجاو بووە و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی دەستوری وڵاتەکەدایە".
وتی ناڕەزاییەکان "بێپاساون چونکە زورفی هێشتا کابینەکەی پێشنیاز نەکردووە و هێشتاش کارنامەی حکومەتەکەی نەخستۆتەڕوو".
وتیشی: "ئەمانە ئاماژەی روونن بەوەی ئێران نایەوێت زورفی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی عێراق بکات، لەبەرئەوەی ئەو نایەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بهێڵێتەوە."
ههروهها وتی: "بەیاننامە و ههڵوێستهكانی زورفی لەم چەند مانگەی دواییدا، بهتایبهتی بە بەرزبوونەوەی شەپۆلی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دەستێوەردانی ئێرانیان رەتکردۆتەوە لە کاروباری عێراقدا، لهگهڵ نفوز و رەفتاری میلیشیاکان."
وتی ئەم حزبانە "جارێکی دیکە دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئێران دووپاتدەکەنەوە". وتیشی: "هەڵمەتێك دژی زورفی رادەگەیەنن لەجیاتی ئەوەی بچنە پەرلەمان و دەنگی زۆرینە کۆبکەنەوە لەدژی کارنامەکەی و جێگرەوەیەك هەڵبژێرن."
هیواکان بە سنووردارکردنی چەك و میلیشیاكان
بەیاتی وتی: "زورفی دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو مشتومڕەدا و تەواوکردنی ئەو ئەرکەی لەپێشیەتی، بەتایبەتی چونکە پشتیوانیی فراكسیۆنه شیعەکانی تری هەیە لەگەڵ فراكسیۆنه سوننە و کوردەکان."
لە یەکەمین وتاری دوای دیاریکردنیدا، زورفی بەڵێنی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دا لە ماوەی ساڵێكدا دوای پێکهێنانی حکومەتەکەی.
وتی سیاسەتێکی دەرەوە جێبەجێدەکات لەسەر پرەنسیپی "عێراق لەپێشە" و خۆی لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان بەدووردەگرێت، دەزگای ئاسایش و سوپا بەهێزدەکات، بەردەوامدەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەپارێزێت.
هەروەها بەڵێنیدا بە کارکردن بۆ "سنووردارکردنی چەك تەنیا بۆ دەوڵەت، بنەبڕکردنی هەموو نمایشێکی چەکداری، فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و برەودان بە ئاشتی مەدەنی".
بەیاتی وتی هیوای زۆره کە زورفی سەرکەوتوو بێت لە "کۆتوبەندکردنی میلیشیاکان و کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان" و جەختیکردەوە لەوەی کە ئهوه ئەرکێکی سهنگینه و کاتی دەوێت.
وتی: "بەڵام بەپشتیوانی هێزە ئەمنیەکان و خەڵك، هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەنێت و بەڵێنەکانی جێبەجێدەکات."
بەیاتی وتی: "دانوستانی بەردەوام هەیه لەنێوان زورفی و ئەو حیزبە سیاسیانەدا كه پشتیوانی لێدەکەن لەلایەك و خۆپیشاندەران لەلایەکی دیکەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەو داواکارییانەی لەلایەن خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە خراونەتەڕوو لەماوەی چەند مانگی رابردوودا."
وتیشی: "ئەم دانوستانانە تەرکیزیان لەسەر چاکسازیی جەماوەری، شەڕی دژ به گەندەڵی و کۆتاییهێنانە بە دەستێوەردانی دەرەکی."