هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

نفوزی تاران لە سیاسه‌تی عێراقدا كه‌مده‌كات لە سەردەمی دوای سولەیمانی

سینا فەرهادی

سەره‌كوەزیرانی راسپێردراوی عێراق عەدنان زورفی وەك "دوژمنی دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا" دەبینرێت. [عەدنان زورفی/ئینستاگرام]

سەره‌كوەزیرانی راسپێردراوی عێراق عەدنان زورفی وەك "دوژمنی دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا" دەبینرێت. [عەدنان زورفی/ئینستاگرام]

چاودێران لە هەردوو وڵات بە دیارونایان وت دەستنیشانکردنی عەدنان زورفی وەك سەره‌كوەزیرانی راسپێردراوی عێراق زەنگی مەترسیی لە تاران لێداوه‌ و باسیان لەوەش کرد وەك سیاسییەك به‌تووند دژی ئێرانە و دەکرێت نفوزی رژێمه‌كه‌ لە عێراق کەمبکاتەوە.

سەرۆك بەرهەم ساڵح زورفی راسپارد لە 17 ئازار، دوای ئەوەی راسپێردراوی پیشوو مەحمەد عەلاوی شکستی هێنا لە دروستکردنی حکومەت لەو ماوەیەی بۆی دیاریکرابوو تا 2 ئازار.

ئێستا زورفی تا 16 نیسانی بۆ دانراوە و دەستیکردووە بە پرۆسەی پێكهێنانی حکومەت سەرباری ناڕه‌زایی چەند پارتێکی سیاسی هەواداری ئێران.

سوپای پاسدارانی ئێران ناڕەحەتی خۆی ئاشكراکرد لەسەر راسپاردنی زورفی و میدیاکانی هەواداریشی وەك ئاژانسی فارس نیوز، پارێزگارەکەی پێشووی نەجەفیان له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ "ئامرازی دەستی ئەمریکا" عێراق.

سەره‌كوەزیرانی راسپێردراوی عێراق عەدنان زورفی (ناوەڕاست) کە پارێزگاری نەجەف بوو، وەك سەره‌كوەزیرانی راسپێردراو دەستنیشانکرا له‌ 17 ئازار. [وێنەكه‌ لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە]

سەره‌كوەزیرانی راسپێردراوی عێراق عەدنان زورفی (ناوەڕاست) کە پارێزگاری نەجەف بوو، وەك سەره‌كوەزیرانی راسپێردراو دەستنیشانکرا له‌ 17 ئازار. [وێنەكه‌ لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە]

لە 19 ئازار، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات دەیڤید شێنکەر ستایشی زورفی کرد و وتی ئەمریکا "چاوەڕێی حکومەتێكە لە عێراق کە... سەرنجی یەکەمی لەسەر عێراق بێت... بیشیەوێت عێراق بکاتە ولاتێكی سەروەر وەك لەوەی دەوڵەتێكی داردەستی ئێران بێت".

شێنکەر وتی زورفی "وا دەردەکەوێت پشتیوانیی سونی و کوردەکان و چەند لایەنێکی شیعەی هەبێت" بۆیە "هیوادارین لایەنەکانی هەواداری ئێران -- واتە ئێران و هاوپەیمانەکانی -- راسپاردنەکەی تێکنەدەن".

لێكه‌وته‌كانی کوشتنی سولەیمانی

سەره‌كوەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدول مەهدی دەستی لەکار کێشایەوە لە کانونی یەکەم ئەو کاتەی شەپۆلێكی بێپێشینه‌ی خۆپیشاندان عێراقی گرتبووه‌وە دژ بە حکومەت و نفوزی ئێران.

عەلاوی، کە وەزیری په‌یوه‌ندییه‌كان بوو لە حکومەتەکەی نوری مالیکیدا، وەك نزیك لە ئێران دەبینرا، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانیش بەردەوام بوون دوای راسپاردنی وەك سەره‌كوەزیران.

عه‌لاوی سەرنەکەوت لە بەدەستهێنانی دەنگ بۆ پێدانی متمانە پێی لە پەرلەمانی عێراقدا.

سەرۆکی ناوه‌ندی لێکۆڵیەنەوەی ئێرانی و عەرەبی لە تاران، ساڵح سادقیان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیایەکی ئێرانی وتی ئەوە دەکرێت لەلایەکەوه‌ ببەسترێتەوە بە تیرۆرکردنی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە 3 کانونی دووەم.

وتی: "سولەیمانی توانای تێگەیشتنی قووڵی هەبوو لە رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و چەندین ساڵ بوو رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دیاریکردنی سەره‌كوەزیراندا لەلایەن ئاراسته‌كردنی گروپە شیعەکانەوە."

وتیشی: "رۆڵی سولەیمانی لە سیاسەتی عێراقدا جێگای گومان نییە و کوشتنی بۆشایی جێهێشتووە... چونكه‌ کەس توانای ئه‌وه‌ی نییە رۆڵی وا بگێڕێت لە عێراقدا و گروپەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە."

فەرماندەی نوێێ هێزی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی بۆی سەختە جێگەی بگرێتەوە، ئەوەش میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانی توشی قەیرانی متمانە کردووە.

سادقیان وتی: "دەتوانرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت رەوشەکە لە داهاتوودا ئاڵۆزتر ببێت."

بەگوێره‌ی میدیا ناوخۆییەکان، قائانی لە بەغدا بوو له‌ 30 ئازار و دەوترێت بەرپرسانی باڵای عێراقی بینیووە بۆئەوەی رەتکردنەوەی زورفی لەلایەن ئێرانەوە رابگەیەنێت.

ته‌گه‌ره‌ خستنه‌به‌ر نفوزی ئێران لە عێراقدا

شرۆڤەکاره‌كی سیاسی کە لە تاران دادەنیشێت، رەزا ته‌قیپوریان وتی: "دەستنیشانکردنی زورفی شکستێكی گەورە بوو بۆ سیاسەتی دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا. میدیاکانی نزیك لە سوپای پاسداران هەر دوای هەواڵی دەستنیشانکردنی کەوتنە وێزەی ناوزڕاندنی."

ته‌قیپوریان بە دیارونای وت: "یەکێك لە تۆمەتەکان لە دژی ئەوەیه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك ناسنامەی ئەمریکی هه‌بووه‌ و بە ئینگلیزی دەدوێت. لەمەوە دەردەکەوێت تا چەند ئێرانی تووڕەکردووە."

وتی رژێمی ئێران یەکێکی وەك مالیکی دەویست و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئه‌و سەره‌كوەزیرانەی پێشووتری عێراق "لە ئێران ژیابوو بۆ ماوەیەك و فارسی باش دەزانی".

ته‌قیپوریان وتی: "دوای چەندین ساڵ یەکگرتوویی میلیشیاکانی سەر بە هێزی قودس لە عێراقدا، ئێستا وا دیارە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە."

وتیشی: "کوشتنی سولەیمانی هاوکێشەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا شێواند و راسپاردنی زورفیش وەك سەره‌كوەزیرانی عێراق دەبێت بوترێت ئێرانی تەواو چەكکردووە لە روانگەی سیاسەتی هەرێمییەوە."

ته‌قیپوریان وتی میلیشیای عێراقی سەر بە ئێران عەسائیب ئەهل ئەلحەق راسپاردنی زورفی بە "خیانەت" له‌قه‌ڵه‌مدا و هەڕەشەی کرد لە بەرامبەردا "بێدەنگ نەبێت".

وتی: "ئەو میلیشیانە سەلماندوویانە هەموو تاوانێکی نایاسایی دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەو شێوە هەڕەشانە دەبێت بە جددی وەربگیرێن و وەك ئامرازێكی تواندنەوەی ئەو گروپانە لە عێراقدا بەکاربهێنرێن."

ئاراستەیەکی نوێ بۆ سیاسەتی عێراق

رۆژنامەوان حسێن رەجەبی، کە دانیشتووی تارانە، بە دیارونای وت راسپاردنی زورفی وەك سەره‌كوەزیران دەرئەنجامی کوشتنی سولەیمانی و کەوتنی نفوزی ئێرانە لە عێراقدا.

وتی: "کوشتنی سولەیمانی بووە هۆی جیابوونەوە لەناو گروپە شیعەکاندا و کەس نییە بیانهێنێتە سەر مێز بە هەڕەشە بێت یان بە پێدانی بەڵێن."

رەجەبی وتی: "لەگەڵ لەناوبردنی سولەیمانیدا، یەکێك لە گرنگترین کارتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا سووتا و ئەگەرەکانی دیکە بۆ ئه‌و جۆره‌ جوڵانه‌وانه‌ بوونیان نەماوە."

وتیشی: "دوای کوشتنی ئه‌و، شڵەژانێکی گەورە لەناو حکومەتی ئێراندا درووست بوو،" تەنانەت حکومەتی عێراقیش دەنگی بە پێشنیارێك دا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ جێبەجێکردنی مەرج نییە.

رەجەبی وتی بەڵام دیمەنە سیاسییەکە لەلایەن زورفییەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

وتی: "زورفی لە ئێران وەك هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا و دوژمنی دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا دەناسرێت." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ سەرچاوە ئێرانییەکان دەیانەوێت زورفی ناشرین بکەن و تۆمەتباری بکەن بە هێرشەکانی سەرکونسوڵخانه‌ی ئێران لە نەجەف.

وتیشی: "لەڕاستیدا، ناڕه‌زایی [ئێران] و دژایەتی بۆ سەره‌كوەزیرانە نوێکەی عێراق چۆتە دەرەوەی جیاوازی سیاسی و بووە به‌ ئاله‌نگارییه‌كی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئێران لە عێراقی داهاتوودا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500